سەردار عبدالكریم عبداللە

هەوڵە چەواشەكارییەكان بۆ پفدانی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان

3/31/2018 7:08:00 PM

پڕوپاگاندەی هەڵبژاردن یان خەپاندنی دەنگدەر:
ئەو بانگەشە پێش وەختیانەی كە هەردوو سەرۆك لیست، شاسوار عبدالواحیدو بەرهەم ساڵح‌و  هەندێ لە نووسەرو چالاكوانی سەر بەم دوو لیستە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تائێستا كردویانەو دەیكەن، وەك ئەوە وایە ئەوان بۆ چاكسازی‌و  بنیاتنانەوە، كار بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەرێم دەكەن، نەك هەڵمەتی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان بێ بۆ بەغدا. مەسیجەكانیان بۆ دەنگدەران‌و  خەڵكی ناڕازی زیاتر بۆنی كۆدتاو كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پارتی‌و  یەكێتیان لێ دێ، نەك چاكسازی‌و  بنیاتنانەوەو ئاڵوگۆڕی دیموكراسیانەی دەسەڵات بێ لە بەغداو پاشان لەوێوە بۆ هەولێر، ئەم شێوازە لە گەرمكردنی بازاڕی ڕیكلام لە زۆنی كوردنشین، لە ڕێگای هاندانی كینەتۆزی‌و  بێزاندنی دەسەڵات، وەك ئەوە وایە لەم عێراقە (عەڤیمە) تەنها حزبەكانی هەرێم هۆكارو سەرچاوەی نەهامەتی عێراقیەكان بن.
ئەم جۆرە ڕیكلامە ژەهراویانە دەكرێ بۆ هەڵبژاردنەكانی ناوخۆیی هەرێم ئەوەندە نێگەتیف نەبن، بە بەراورد بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە بەغدا. دەرهاویشتەكانی ئەم شێوازەی ریكلام لە مەدایەكی نزیكدا كاریگەرییە نێگەتیفەكانیان بەسەر دەروون‌و  هەڵسوكەوتی تاكەكانی كوردەواری زۆر مەترسیدار دەبن، بۆیە پێویستە هەتا زووە ڕێگا لەم جۆرە شێوازو چەمكە كینەتۆزی‌و  پفدانە هەڵپەرستیە دژ بە ڕكابەرەكانیان لە بانگەشەكاندا بگیرێ‌و  چیتر هاوڵاتیانی هەرێم لە پێناو چەند كورسیەك‌و  پۆستێك نائاخننە سەنگەری دوژمنداریەتیەوە.

بیركردنەوەیەكی دۆنكیشۆتانە:
لە ئێستای وڵاتێكی رەفتار تۆلیتاریی پڕ لە گرفت‌و  قەیران، هێشتا زووە هێزێكی سیاسی بە بەدەستهێنانی چەند كورسیەك بتوانێ حزبە دەسەڵاتدارە هێزدارو تایفی‌و  مەزهەبیەكانی عێراقی توڕبداتە دەرەوەی یارییەكان، كە زۆربەیان خاوەنی بنەكەیەكی زۆر فراوانی دەنگدەری زامنكراون.
وەك مەزندە دەكرێ لە باشترین دۆخدا ئەم دوو لیستەی بەرهەم‌و  شاسوار لە سەرانسەری عێڕاقدا (15 - 20)   كورسی زیاتر نەهێنن، بۆیە نابێ دەنگدەر بە شێوەیەكی عاتیفی‌و  بێ ووردبوونەوە هیواكانیان لەسەر بەڵێنی بانگەشەكانی ئەم دوو لیستە هەڵبچنن، چونكە ئەم ژمارەیە لە كۆی (320) كورسی پەرلەمانی ژمارەیەكی وا كاریگەرنابن بۆ هەر وەرچەرخانێك. هەرچەندە ئەم دووانە بۆ زیاتر ڕاوكردنی دەنگ بەو شێوە دۆگمایە خۆیان نمایش دەكەن، كە تاكە فریادڕەسن لە هەرێم، وادەزانن بەم چەند كورسیە چاوەڕوانكراوە دەبن بە سوپەرمان‌و  هەموو خواستەكانی هاوڵاتیان دێننەدی. خۆیان لەو راستیە بێ ئاگاكردووە، كەوا لە تەنیشت ئەوانەوە چەند حزبێكی كوردستانی تریش هەن، ململانێ لەسەر ئەو (320) كورسیانەی دەكەن، دەرفەتیشیان هەیە (45 - 50) كورسی لەسەرانسەری عێراق بێنن.
ئایا ئەم دوو لیستە، كە بە هەموو پێوەرەكان دوو لیستی كوردستانین، بە (15 - 20) كورسی (ئەگەر بەدەستیشی بهێنن) بەتەنها دەتوانن لە بەرامبەر (250 - 260) پەرلەمانتارو چەند وەزیرێكی نەژادپەرست لە بەغدا، ئەو هەموو بەڵێنانەی بە هاوڵاتیانی هەرێمیان داوە، بەبێ هاوكاری حزبە كوردستانیەكانی تر بەدەستی بهێنن؟
ئایا بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای كورد لە هاوكێشە ناوخۆیی‌و  نێودەوڵەتیەكان وا چاوەڕوان دەكرێ سەنگی ئەم دوو لیستە لەم دۆخەی ئاڵۆزكاوە، قانگدراوە بە نەژادپەرستی‌و  ڕەگەزپەرستی لە بەغدا، بەبێ بوونی هاوپەیمانیەك لەگەڵ سەرجەم لیستە كوردستانیەكانی تر، كە ئەوان زیاتر وەك دوژمن پێناسەیان دەكەن، نەك ڕكابەر‌و  هەستی كوردستانیانیان پێ دەخرۆشێنن؟
بۆیە گرنگە هەموو كوردستانیەك ئەو راستیە بزانێ، كە ئەم دوو زاتە بەهێنانی چەند كورسیەك نابن بە سۆپەرمان، لیستەكانیشیان بەبێ لیستە كوردستانیەكانی تر لە بەغدا نابن بەو هێزە كاریگەرە، بۆیە پفدانی دەنگدەر بەهەندێ هیوای موزەیەف، تاڕادەی گەوجاندن، جگەلەوەی كارێكی نەشیاوە، هەروەها لەسەر ئایندەی كوردیش زۆر مەترسیدارە، بۆیە ئەركی هەنوكەیی سەرجەم ڕاگەیاندنەكانی كوردستانە، بەتایبەتی هی لیستە ڕكابەرەكانی ئەم دوو لیستە، دەنگدەرانی هەرێم لەم شێوەزایان بۆ پفدان‌و  گەوجاندن بە ئاگابهێننەوە.

پێداگرتن یان كاركردن:
د. بەرهەم لەو پەیامەی كە لە (17 ی شوبات) لە فەیسبووكەكەی بڵاویكردۆتەوە، دەڵێ: "پەیاممان پێداگرییە لەسەر كۆتایپێهێنانی ئەم زوڵم‌و  بێدادیەی ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە، كۆتایپێهێنان بە یاریكردن بەچارەنووسی ئەم میللەتە، كۆتایهێنان بە بەهەدەردانی داهاتی ئەم نیشتمانە ….، پێداگریی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەریی‌و  حكومڕانی باش‌و  خۆشگوزەرانی، پێداگریی لەسەر پێكەوەژیان …..".
دڵنیام لەوە كە د. بەرهەم یەكێكە لەو سیاسیانەی كە مامەڵەی دروست لەگەڵ ووشەدا دەكات، بۆیە بەكارهێنانی ووشەی (پێداگری) بە هەڵە لێرەدا نەهاتووەو چەند جارێكیش دووبارەی كردۆتەوە، ئەوەی بۆ دەنگدەران گرنگە تێگەیشتنێكی كتومتە لەم جیاوازییە گەورەیەی مانای ووشەی (كاركردن یان هێنانەدی) و (پێداگرتن). ووردبوونەوە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی (پەیاممان پێداگرییە) واتە بۆ هێنانەدی ئەو بەڵێنانە ئاستی خواستەكان لای د. بەرهەم لە دۆخی (ئەزعەفول ئیمانە)، نەك ئیرادەیەكی لێبڕاوانەبێ. بەمەش دەردەكەوێ سەقفی داواكارییەكانی لە بەغدا تەنها (پێداگرتنە)، ئەمەش بەڵگەیەكە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم لیستەی، تەنها پەیامێكە بۆ یەكێتی‌و  دەیەوێ بڵێ: ببینن من بەبێ یەكێتیش ئەو هەموو جەماوەرەم هەیە، بۆیە شانە نووستوەكانی خۆی لە ناو یەكێتی هێشتۆتەوە تا دۆخی ناوخۆیی یەكێتی ئاڵۆزتربكا، لە دەرەوەی یەكێتیش كار لەسەر وروژاندنی نێگەتیفی شەقام دەكات، بە پیشاندانی تەنها لایەنە ناشیرنەكانی دەسەڵات، كە خۆی بەشێك بووە لە بەرهەمهێنانی زۆرێك لەم ناشیرنیانە.

قسە زلەكان‌و  ووردەكاری تر:
هەموو كارێكی سیاسی، لە پێناو دەسەڵات گرتنەدەست‌و  هەبوونی چەند پۆستێكی سیاسی‌و  پەرلەمانیە. وەك دیارە بەهۆی ماڵیبوونی بەشێكی بەرچاو لە دەنگدەرانی هەندێ ناوچەی پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك‌و  موسڵ، چەنسی لیستەكەی پارتی لە زۆربەی لیستە كوردیەكانی تر باشترنەبێ، خراپتر نابێ. لە زۆنی سەوزو مۆریش دەخیلەی دەنگی حزبەكان وەك پێشو نەماوە، وا چاوەڕوان دەكرێ پەرتبونێكی زۆر لە دەنگەكان دروستبێ، بەمەش رێژەی دەنگدەران لەم دەڤەرەدا بۆ هیچ لیستێك زۆر دڵخۆشكەر نابێ. گریمان لەم (45) كورسیە تەرخانكراوانە بۆ هەرێم، لیستەكەی بەرهەم زۆرترین دەنگ بێنێ، لەو (275) كورسیانەی تریش، لە كۆی (320) كورسی، چەند كورسیەكی تری هەبێ‌و  لیستی زۆرینەی براوەی هەرێم بێ، لەم دۆخەدا بۆ هەر مافێكی هەڵبژاردن كە كورد لە بەغدا لەسەر بنەمای ئیتفاقی سیاسی دەیبێ، ئەوەی كە بۆ بەرهەم و لیستەكەی وەك دەستكەوتێكی ئەم پرۆسەیە چاوەڕوان كراودەبێ، لە پۆستی سەرۆكی حزبێك‌و  سەركۆماری‌و  چەند پۆستێكی وەزاری‌و  پەرلەمانی زیاتر نابن. بۆ ئەمەش بەناچاری دەبێ لەگەڵ هەموو لیستە كوردیەكان تر ڕێكبكەوێ تا پۆستی سەركۆماری‌و  پۆستە ئیداریەكانی تر وەربگرێ، ئەی خێرە لە گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكراوەدا دەڵێ:  "داوایان لێكردم ببم بە سەركۆمار‌و  سكرتێری گشتی یەكێتی نەمكرد"، كەچی دواتر بۆ وەرگرتنی ئەم دوو پۆستانە پەنا بۆ ژانێكی صناعی دەبا، كەچی پێشتر لەسەر سینیەكی زێڕین یەكێتی پێشكەشی كردبوون؟
ئەمانەش بەڵگەن كەوا هەوڵەكانی بەرهەم تەنها چاكسازی‌و  بنیاتنانەوە نیە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ گەیین بە چەند مەرامێكی سیاسی‌و  ئیداری.
سەبارەت بە چاكسازی‌و  بنیاتنانەوەو گۆڕانكاریش لە دەسەڵات، بە دڵنیایەوە د. بەرهەم بەبێ هێزە كوردیەكانی تر نە لە عێراق، نە لە هەرێم، ناتوانێ هیچ هەنگاوێكی جیدی بنێ، بەتایبەتی لە بەغدا كە واقیع پێمان دەڵێ، گومان هەیە لەو (250) پەرلەمانتارەی تری غەیرە كورد كە لەم هەڵبژاردنە دەچنە پەرلەمان لە بەغدا، بەلانی كەم (150) یان تاسەر ئێسقان دژە كوردی ڕەگەزپەرستبن، بۆیە گومان دەكەم لەوەی كە د. بەرهەم ئەگەر لیستی براوەی یەكەمیش بێ، پێیبكرێ هەتا پێداگریش لەسەر بەرنامە ئنتیخابیەكەی خۆی بكا.
بۆیە یان ئەوەتا بەرهەم ڕاست ناكات، كە یەكێتی پۆستی سەركۆماری‌و  سكرتێریان بۆ پێشنیاركردبێ یان ئەوەتا دیارە بەم هەوڵەی دەیەوێ لە ڕێگای لیستێكدا قومارێك بكات، كە زۆربەی وەرەقەكان بۆ بردنەوە لە دەستی ئەو دانینە، بەڵام لە ڕێگای ئەمەوە تۆڵە لەو یەكێتیانە بكاتەوە كە ڕێگایان نەداوە ئەم دوو خەونەی پێكەوە بهێنێتەدی؟


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە