ئاشتی عەبدوڵڵا

فریشتەیەكی تێر .. لەسەردەمی برسێتیدا

3/31/2018 6:49:00 PM

سەرەتا منی رۆژنامەنووس قەناعەتم بەوە نییە و ناشمەوێت لەسەر هەندێ شت بووەستم، كە ئەچێتە چوارچێوەی قسەكردن لەسەر كەسانی تر، جا سیاسیی بێت یان لە هەر كایەیەكی تر بێت، بەڵام كاتێك دۆخێكی ناڕەوا ئەبینم پێم وایە ناكرێت رایەكمان نەبێت، پێش هەموو شت تا وێنەكە باشتر روونبێت لای هەمووان، بەم وتەیەی رەوانشاد مام جەلال دەست پێ ئەكەم، مام ئەڵێت:
(هەموو هەڤاڵانمان خۆش دەوێ، هەمووتان لەسەرچاومانن، بەڵام یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەرچاو و لەسەر سەرمانە).

ئەوە راستیی نیەت و تێڕوانینی ئێمەیە، كەهەموو هەڤاڵێك و راوبۆچوون و حزب و قەوارەیەكی تر لامان، لەلای (یەكێتیەكان) قبوڵە و رێز لێگیراوە، بەڵام وتنی حەقیقەتیش نابێ فەرامۆش بكەین. 

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا كاتێك لەیەكێتی جیابووەوە وتی:
(من بەشێكم لەشكست و سەركەوتنەكانی یەكێتی)، وتنی ئەم حەقیقەتە، دەرخەری حەقیقەتی دنیابینی سیاسیەكی گەورەیە.

لێرەوە دەمەوێت بووەستم لەسەر چۆنێتی ئەدا و وتاردانی دكتۆر بەرهەم ساڵح لەدوای جیابوونەوەی لەیەكێتی، كاك بەرهەم نەك داننانێت بەحەقیقەتدا كە بەشێك بووە لەهۆكاری كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و كەڵەكەبوونی قەرزەكان لەسەر حكومەتی هەرێم لەسەردەمی حكومڕانی بەڕێزیان و 17ی شوبات و هتد..

ئێستا نەك ئاوڕ لەو مێژووە ناداتەوە، بەڵكو لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا، تای هەڵبژاردن خەریكە ئەم تایە بەرەو گەشكەبوونیان دەبات، لەكاتێكدا بەڕێزیان لەئێمە باشتر ئەزانن ئەو وتارانەی لەسەر یەكێتی ئەیڵێت بەتایبەت ئەم قسەیەی كەگوێم لێبوو دەڵێت: (ئەمانە زەلیلی دەستی بێگانەن، بەڵام بۆ میلەتەكەی خۆیان فیرعەونن) نەك ناچێتە بابی مەنتیقەوە، بەڵكو زۆر لام سەیر بوو كەپیاوێكی سیاسی لەو ئاست و پێگەیەدا بەو جۆرە بەرژەوەندی خودیی و لیستەكەی وا بەرچاوی لێڵ بكات و رەش و سپی جیانەكاتەوە، حزبێك كە بەڕێزیانی گەیاندبێتە ئەم قۆناغە و خودی بەڕێزی خوێندكاری مام بووبێت و رۆژانێك وەك خۆی كەپێشتر ئاماژەی پێكردووە، بەو جۆرە نالۆژیكیە بێ ئاوڕدانەوە لەمێژووی خۆی لەناو یەكێتی ختابی عاتفی بدات، لەلایەكی تریش جیانەكردنەوەی یەكێتی لەلایەنەكانی تر، بەتایبەت لەپرسە نەتەوەییەكاندا، كە بۆ دۆست و دوژمن سەلمێنراوە یەكێتی لەپای ئەو سیاسەتە نەتەوەییانەی هەیبووە قوربانی زۆری داوە، نوێترین نموونەش دەركردنی نوێنەرەكەیەتی لەئەنقەرەو هەڕەشەكردنی دەوڵەتی توركیایە لەیەكێتی بەدیاری كراوی.

ئەمانەی كەبەڕێزیان ئەیڵێن تەنها لەچوارچێوەی دروشمێكی بێ بنەمادا ئەمێنێتەوە، تەنها بۆ بیرهێناوەش پێم خۆشبوو باسی ئەو پرۆژەیەشی بكردایە كە بۆ درێژكرنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم خستیەڕوو، دواتر لەچوارچێوەی وتارێكدا مایەوەو جێبەجێ نەكرا، هەروەها هەر لەسەر دادپەروەری و دیموكراسیەكەی پێویستە بووەستین، كە لەكۆنگرەدا بەچەپڵە رێزان بووە جێگری سكرتێری گشتی و ئێستادا پاداشتی ئەو دادپەروەرییە بەم دادپەروەییە ئەدرێتەوە كەدوورە لە ئەدا و دوونیابینی سیاسییەكی دووربین!

باوەڕیشم وایە كە پێویست ناكات بچینە تەفاسیلی تر و دروست وایە هەر پارت و لیست و قەوارەیەك كار لەسەر پرۆژەو پلانەكانی خۆی بكات و سیاسەتی پەلاماردانی ئەوانیتر رابگرێت، هەم دروسترو عەقڵانیترەو هەم سەركەوتووترە، هەمیش ئەم قۆناغەی ئێستای كوردستان لەوە ترسناكترە لەپێناوی بەرژەوەندیە خودیەكان پێگەو داهاتووی كورد لەعیراقدا لەبەرچاو نەگیرێت.

لەكۆتایدا ئەكرێت ئەوەش بڵێین لەئەنجامی قەیرانەكان و دۆخی خراپی سیاسی لەماوەیەكی كورتدا چەند لیست و قەوارەیەك دروست بوون و بێ ئەوەی ئامادەكاری و ستراتیژێكی دوور مەودایان هەبێت، ناچارن لەڕێی شێوازی پەلاماردانی ئەوانی تر خیتابەكەیان بگەیەننە رای گشتی.

ئێمە نكۆڵی ناكەین لەگەندەڵی و نادادی، بەڵام هەمووان بەشێكن لەدروست بوونی ئەو بارودۆخە و بوونی فریشتە تێرەكان لەم سەردەمی برسێتیەی خەڵكدا، دروشمێكی بێ كردارەو پێویستیشە بەهەوڵ و سیاسەتی دروستی هەمووان ئەم دۆخە دژوارە تێ پەڕێنرێت و هەمووان هەست بەبەرسیارێتی بكەن.


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە