بەپەلە

هەرمن ئەحمەد

فڕین یان بڕین

3/26/2018 1:49:00 PM

گومان لەوەدا نیە دوای هەر شەپۆلێكی توندی تەوژماووی، پاش هەر گڕكانێكی  سوتێنەری ئاگراویی كۆڵەوژێك زیخ‌و  بەردو كەرەستەی وێرانكاری لە دوی خۆی جێدەهێڵیت، چارەیەكی تر لەبەردەست مرۆڤ نیە، بێ لە ماڵینی شوێن پێی ئەو كاولكاریانەو ڕاپاك كردنیان، ئەمە ئەگەر كائینەكان بخوازن ئارام‌و  ئاسودە بژین دوور لە فەزای جەنگ.
لەدوای تاوانە گەورەكەمان‌و  بەرزكردنەوەی دەنگی بەڵی بۆ ڕیفراندۆم، هەر زوو بوینە گوناهبارە مەزنەكەی رۆژهەڵاتی ناوین، بەو شێوازە سزادراوین‌و  ئەدرێین، وەلێ هێوەربوونەوەیەك هاتە ئاراوە كەم‌و زۆر نەرمی نواندنی وڵاتانی دەورووبەر بەدی كراو، دواجار فڕۆكەخانەكان كرانەوە بینینی تروسكاییەك لە تونێلێكی تاریكدا مایەی دڵخۆشی بوو، ئەوەی جێگای سەرسامی‌و  قەتماغەی برینە كە سلێمانی سزابدرێت، بەزەقی دیارە بێ دوو دڵی تۆوێكی تری دووبەرەكیەو هەوڵدانە بۆ دووئیدارەیی‌و  بەشكردنی كوردستان، ئەمە زەنگێكی ترسناكە كە دەبێت هەر كوردێك دژ بەم ئایدیانە بوەستێتەوە.
نەكردنەوەی گەشتەكانی سلێمانی، ئەو مانایا ناگەینێ كە نائارامە، مەرجەكانی سەلامەتی تێدانیە، بەپێچەوانەوە وەك هەر بەشێكی تری كوردستان ئەو دەڤەرەش مۆڵگای ئارامییە، ئەمە لەكاتێكدایە كە كوردستان  لە عیراق-ێكدایە  كە مۆزەخانەی نەتەوە جیاجیاكان‌و   ئایینەكانە، شوێنگەی هەڵتۆقینی خەلافەتی ئسلامیشە.
مەسجی توركەكان ترسناكە بەهەند وەرگرتنی ئەركی حكومەتی هەرێم‌و  حكومەتی عیراق-یشە، چونكە بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەژێر سایەو چاودێری دەزگای ئەمنی‌و  فڕۆكەوانەی عیراق كراوەتەوە،  بەتایبەت ئەركی سەرەكی لەسەر حكومەتی هەرێمەكە هاوسەنگی‌و  یەكسانی  ناوچەگەری بپاریزێ.
پاساوی دەوڵەتی توركیا كە گوایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكاری نەیارەكانی توركیا دەكات، بەهانەیەكی  لاوازو و بێهێزە، چونكە قەندیل‌و  چالاكیەكانی پەكەكە چەندین هێكتار لە فڕۆكەخانەی سلێمانیەوە دوورە، بۆیە جگە لە هەوڵدان  گومان دروستكردن جیاوازی حزبی  بەكەم سەیركردنی كورد‌و  شكۆی هەرێم‌و لاوازكردنی شتێكی دیكە  نییە.
ئەم پرسە بەر لە پرسی دەڤەری سلێمانی كەیسێكی فەرمیە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشیارانە چارەسەری بكات بەجۆرێك كایە بازێكی سیاسی  ژیربێت كە بتوانێت پارسەنگی وڵاتانی دراوسێ راگیر بكات لە هەڵكشان‌و خزان ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی فعلی‌و  دیبلۆماسی هەیە، بەپێچەوانەشەوە كەمتەرخەمی‌و  فەرامۆشكردنی ئەم كەیسە ڕیگا خۆش دەكات  بۆ دەست تێوەردانی ناوچەگەری لە كوردستان  دەبێتە مایەیی هەرێمێكی لاواز.


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە