سامان یاروه‌یس

پیلانی B توركیا له‌عه‌فرین

2/11/2018 9:10:00 AM

توركیا دوای 15 رۆژ هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین جگه‌ له‌چه‌ند گوندێكی سنوری نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ سێ شارۆچكه‌ی" بلبلیه‌، جندرێس، راجۆ" بگرێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی 18ی 1-2018 له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌ باڵاكانی روسیا، پێیان راگه‌یاندبوون له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا سه‌ربازی تورك له‌ناو عه‌فرین ته‌راتێن ده‌كات.

ئه‌وه‌ته‌ 22 رۆژه‌ شه‌ڕه‌، بۆیه‌ توركیا دوای ئه‌و شكسته‌ په‌نای بردوه‌ته‌ به‌ر پیلانی B، كه‌ شه‌وی 8-9/2/2018 دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر روسیا گڵۆپی سه‌وز بۆ هێزی ئاسمانس توركیا هه‌ڵده‌كاته‌وه‌، ئه‌ردۆگان كۆبونه‌وه‌یه‌كی نهێنی  بۆ داپۆشینی شكسته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خلوسی ئاكار سوپا سالاری توركیا ئه‌نجامداوه‌و سه‌ڵاحیه‌تی سه‌ربازی زیاتری پێداوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا له‌چوار فڕۆكه‌ خانه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ هێرشده‌كرێت و هه‌روه‌ها 20 هیلیكۆپته‌ری جۆری سكۆرسكی و كوبرا بۆ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ زیاد كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شه‌وی 10-11/2/2018، سوپای توركیا 30 بارهه‌ڵگری گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و زیاتر له‌ دوو هه‌زار سه‌ربازی تری به‌ره‌و به‌ره‌كانی جه‌نگ ناردووه‌، هاوكات هێزێكی گه‌وره‌تریشی به‌ره‌و ئیدلب ره‌وانه‌ كردوه‌.

خه‌ونی سه‌ركه‌وتن له‌هه‌فته‌یه‌ك 
به‌پێی ئه‌و پیلان و راوێژكاریه‌ سه‌ربازیانه‌ی كه‌ دوو مانگ پێش ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی به‌ئاماده‌بوونی ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك كۆماری توركیا و نوره‌دین جانكلی وه‌زیری به‌رگری و سوپا سالارو چه‌ندین ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵا ئه‌نجامدرابوون، ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌یان دانابوو بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه‌، دواتر كه‌له‌گه‌ڵ روسیاییه‌كانیشدا دانیشتوون ئه‌وه‌یان دووپات كردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر 15 رۆژ به‌كارهێنانی ئاسمانی عه‌فرین رێككه‌وتوون و سێ رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ روسیا ته‌واوی راداره‌كانی له‌كارخستبوو، هاوكات رۆژێك پێش هێرشه‌كانیش سه‌ربازه‌كانی سوپای روسیا تفاقی جه‌نگی خۆیان كۆكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین جێبهێڵن، له‌ دوو سه‌عاتی پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی به‌ناو چڵه‌ زه‌یتوون، به‌رپرسانی باڵای روسیا داوایان له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی په‌یه‌ده‌ كردوه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌دانی بیره‌ نه‌وته‌كانی دێر ئه‌لزورو چه‌ند شوێنێكی تر رێگه‌ له‌و هێرشه‌ ده‌گرن بۆ سه‌ر عه‌فرین، به‌ڵام به‌ڕوونی وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌ كه‌ شتی واناكرێت و ئه‌وان به‌رگری له‌عه‌فرین ده‌كه‌ن. 

روسیا مێژووی خۆی ره‌ش ده‌كاته‌وه‌ 
روسیا وه‌ك چۆن له‌ رووخانی كۆماری كوردستان له‌  مه‌هاباد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، له‌قۆناغی B ی توركیا  به‌رامبه‌ر به‌ عه‌فرین، رۆڵێكی خراپ دژ به‌كورده‌كان ده‌گێڕێت و له‌وانه‌یه‌ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دیش چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ توند بكاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌كان وفشاری زیاتر دروست بكات، ئه‌وه‌ته‌ ئه‌ردۆگان داوایكردوه‌ كۆبونه‌وه‌ی باڵای توركیا- ئێران – روسیا، له‌ئه‌نكه‌را ئه‌نجامبدرێت ، به‌هۆی بێده‌نگبوونی جیهان له‌كرداره‌ تاوانكاریه‌كانی توركیا چه‌ندین كۆمه‌ڵكوژی تر وه‌ك چۆن ئێستا ده‌ستی پێكردوه‌و چه‌ندین ژن و منداڵ و پیره‌ ژن و پیاو بێ ده‌ست و قاچ و شه‌هیدبوون و بێ به‌زه‌ییانه‌ترین دیمه‌نه‌كانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی ده‌بینرێت، سروشتی سیاسیه‌تی تورك، به‌تایبه‌ت رژێمی ئه‌ردۆگان وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ هیچ به‌زه‌ییه‌كی به‌هیچ مرۆڤێكدا نه‌بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و منداڵانه‌شی هێشتا نازانن جه‌نگ چیه‌؟ و كوشتن چیه‌؟ و چه‌ك چیه‌؟، بۆیه‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ زۆر سه‌ختتر ده‌بێته‌وه‌.

شكستی سیاسی ئه‌ردۆگان
بێ یه‌ك و دوو وه‌ك چۆن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سیاسی و رۆژنامه‌نووسانی دیاری توركیا دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆگان له‌م شه‌ڕه‌ بدۆڕێت، كه‌ تاكو ئێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌كی دروست ده‌بێت و پێده‌چێت ببێته‌ ده‌رسێكی گه‌وره‌ له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا،بۆیه‌ ئه‌و ترسه‌ ئه‌ردۆگانی هارتركردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌چه‌ندین شاری توركیا لایه‌نگرانی ئاكپارتی ده‌ستیان به‌ناونوسین كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌و شكسته‌ی سه‌رۆكه‌كه‌یان بكه‌ن و بچنه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، به‌ڵام چ جه‌نگێك؟!، كه‌ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رخودانی هه‌زار بۆ دوو هه‌زار شه‌ڕڤانی تێدا سه‌لمێنراوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌گژی ئاسمانیشدا ده‌چن و فڕۆكه‌كانی توركیا داده‌گرنه‌ خواره‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی شكۆی سوپاكه‌ی كه‌ دووه‌م هێزی تۆكمه‌و گه‌وره‌ی ناتۆیه‌ تێكده‌شكێت و توركیا به‌ته‌واوی لاواز ده‌كات. 

شه‌ڕی نوێی شه‌ڕڤانان!!
له‌به‌رامبه‌ریشدا شه‌ڕڤانان شێوازی شه‌ڕكردنه‌كه‌یان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردوه‌، راوكردنی تانك و فڕۆكه‌و زرێپۆش وبلدۆزه‌ره‌كانی توركیا بووه‌ته‌ كارێكی ئاسان بۆیان، له‌ ماوه‌ی 22 رۆژی به‌رخودانی عه‌فرین 27 تانك ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌، 31 زرێپۆش و بلدۆزه‌رو ئۆتۆمبێلی جه‌نگی سوتێنراون، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ حه‌وت ئه‌فسه‌ری توركیا له‌و شه‌ڕانه‌دا كوژراون، وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی شه‌ڕڤانان ده‌ڵێت:" دۆزه‌خی گه‌وره‌ خۆی له‌عه‌فرین حه‌شارداوه‌ بۆ گیانی ئه‌ردۆگان"، كچه‌ شه‌ڕڤانێك كه‌ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن سوپاكه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه‌ كۆمه‌ڵ كوژ كراوه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌" شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌بێت تا كوشتنی ئه‌ردۆگان"، جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێكی زۆری چاودێره‌ سیاسیه‌كان ئه‌وه‌یان وتووه‌" سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕڤانان به‌رامبه‌ر به‌سوپای توركیا، واته‌ گۆڕانكاری له‌سه‌رجه‌م هاوكێشه‌ سه‌ربازیه‌كانی جیهان، و ده‌بێت گه‌لان بزانن به‌زۆری و تۆكمه‌ی تفاق نیه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌رسی ئیراده‌ به‌سوپاكانیان بده‌ن، ئاخۆ چۆن ده‌كرێت دوو هه‌زار شه‌ڕڤان دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ تێكبشكێنن؟!".

چڵه‌ زه‌یتونه‌كه‌ ده‌شكێت
هێشتا جه‌نگی گه‌وره‌ ماوه‌، كه‌له‌ڕه‌قی ئه‌ردۆگان و پاوانخوازی عوسمانیه‌كان هه‌میشه‌ كوردی كردوه‌ته‌ قوربانیه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاوازه‌، ئیراده‌ی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ و ته‌واوی تاراوگه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌و هه‌موویان دڵیان له‌سه‌ر ده‌ستیانه‌ بۆ پێدانی وانه‌یه‌كی نوێ، وه‌ك چۆن له‌كۆبانێ روویداو ئێستا بووه‌ته‌ سیمبوڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی تێشكانی ره‌شپه‌رستی، ئه‌وهاش عه‌فرین ده‌بێته‌ ده‌بێته‌ هۆی شكاندنی چڵه‌ زه‌یتونه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و ره‌وێنه‌وه‌ی هه‌زار زه‌یتونی نوێ به‌خوێنی ژن و منداڵ و كوڕو كچه‌ شه‌ڕڤانانی نه‌به‌زین.


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە