لەتیف فاتیح فەرەج

بۆ عەلی قەرەداخی
پیاوێك كە نەتەوەكەی خۆی ناناسێت

2/5/2018 2:32:00 PM

من بەردەوام رێزم لە عەلی قەرەداخی گرتووەو وەك پیاوێكی زانای ئاینی و كوردێكی پێگەیشتوی نێو دنیای عەرەب و ئیسلام سەیرم كردووەو بە دیقەتەوە بیرو باوەڕو نوسینەكانیم داوەتە بەر نیگا، هەرگیز پێموانەبووە كە كوردبوونی خۆی بكاتە قوربانی هەر شتێكی تر، لاشم وابووە ناهەقی زۆری بەرانبەر دەكرێت، لێدوانەكەی ئەو بۆ ئاژانسی ئەنەدۆڵ شۆكی كردم، ئەو بە بیانوی دژایەتی پڕۆژەی "ئیسرائیل–ئەمەریكاوە" ماف دەداتە توركیا ژن و منداڵی سڤیل بكوژێت و دەڵێ‌ "توركیا مافی خۆیەتی سنورو خەڵكی خۆی بپارێزێت" وەك ئەوەی شەڕوانان بە فڕۆكە ئەستەنبوڵ و كۆشكی دۆستەكەی عەلی قەرەداخییان بۆردومان كردبێت.
پەلاماری عەفرین لە لایەن سوپای تورك و ئەردۆغانەوە، بە ئۆكەی و هاوكاری ئەمەریكاو ئیسرائیل بووە، نەك پێچەوانەكەی عەلی قەرەداخ-یش لە من باشتر دەزانێ‌ توركیا لە مێژە ئەندامێكی كارای ناتۆیەو هەڵبەت باشترین دۆستایەتیشی لە تەك ئەمەریكاو ئیسرائیلیشا هەیە، تێناگەم بۆ دەبێت مرۆڤێكی زاناو خوێنەوار خۆی چەواشە بكات، من دەزانم عەلی قەرەداخی پیاوێكی كراوەو موسوڵمانێكی واقیعیە، لێ‌ ئەمە ناكاتە ئەوەی پشت بكەیتە نەتەوەكەی خۆت و نەیانناسیتەوە، من لام وابوو لەم دۆخەدا لانی كەم عەلی قەرەداخ-یش وەك ئەو سەدان نوسەرو رۆژنامەوان و پیاوی ئاینی و پارلەمانتارو بیرمەندەی توركیا ڕوی دەكردە ئەردۆغان و پێی دەگوت دەستی نەچێتە خوێنی موسوڵمانانی عەفرین، نەك ئەوەی داكۆكی لە ئەردۆغان بكات لە بەرانبەر كوشتنی ئەو خەڵكە سڤیلەی عەفریندا كە بە فیترەت خودا ناس و خودا دۆستن.
ئاخر ئەو كەباسی سنورو هاوڵاتی توركی دەكات، دەكرێ‌ پێمان بڵێت، كام سنورو كام هاوڵاتی، ئەوانەی بە بیانوی كوردبوونەوە لە باكوری كوردستان، لە شیرناخ، لە جەزیرە، لە رۆبۆسكی، لە ئامەد كوشت و بڕ دەكرێت، ئەو سنورەی لە بنەڕەتا نیشتمانی كوردەو تورك داگیریان كردووە، ئاخۆ عەلی قەرەداخی تورك ناناسێت، ئەو نازانێ‌ تورك تورك بوونی خۆی دەخاتە سەرو ئینسانی بوون و موسوڵمان بوونیەوە، چ نەزانیەكە مرۆڤ زانا بێت و دوژمنەكەی خۆی و میللەتەكەی نەناسێت، ئایە قەرەداخی بیری نیە كە فڕۆكەكانی توركیا لە كورتەك "ئۆسكاری" مناڵیان كردە قەرەبرووت، ئاخر ئۆسكار تەنها گوناهی كورد بوون بوو هیچی تر، خۆ دەبوو شارەزایەكی باشی دیوانە كلاسیكیەكان بێت، نامەكانی نالی و سالمی نەخوێندوەتەوە، ئاگای لێ‌ نیە فەقێ‌ قادری هەمەوەند چی بە تورك دەڵێت، كوشت و بڕی دەرسیم، لە سێدارەدانی ئازادیخوازان، ئەمانەی هیچی بیر نیەو نەبینیووە، ئەوەندەی من بزانم ئەو شارەزای شیعری كلاسیكی كوردیە، پێشتریش جارێك لەو بارەیەوە گفتوگۆمان كردووە گەر بیری مابێ‌، ئاخۆ نیوە بەیتی "رۆمی ئەوەندە شومن لە شەخسیش دەدەن زەرەر" یانی چی؟.
كچ و كوڕی عەفرین دەیانویست ئاسودە لە شارو شوێنەكانی خۆیان بن و وەك سەرجەم گەلان بە ئازادی بژین، ئەوە فڕۆكەی ئەردۆغان بوو ئاسودەییەكەی شێواندن، ئەوە پەلاماری كوێرانەی ئەردۆغانە نیشتمانی كوردان وێراندەكات، ئەوە تۆپ و تانكی ئەمەریكاو ئەوروپایە بە دەست سوپای توركەوە، ئەوە چۆنیە قەرەداخی ئەوە نازانێت، بەڵام دەزانێ‌ لە میانمارو فەلەستین و ئەندەنوسیا چی روودەدات.
من ئێستاش نامەوێ‌ بڕوا بكەم كە ئەوە عەلی قەرەداخیە بۆ ئاژانسی ئەنەدۆڵ قسە دەكات، ئاخر با دوو جیاوازی نێوان ئەردۆغان و سەدام حوسێن-م بۆ بژمێرێت، تا منیش بێمە سەر راكەی ئەو، ئاخۆ لە كورد كوشتن و ستەمكاری و نادادیدا سەدام و ئەردۆغان هیچ جیاوازیەكیان هەیە؟؟.


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە