ژوان ئەحمەد سەعید

گەندەڵ دەبێتە پاشای برسیەكان

1/9/2018 10:01:00 AM

چەند پرسیارێك بۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح!!
ن: ژوان ئەحمەد سەعید
من این لك هژا؟ ئەمەت لەكوێ بوو؟ ئەو ڕستەیەی لەگەڵ بەكارهێنانیدا پێكەنینێكی قوڵ دەمگرێت، نەك لەبەر ئەوەی ڕستەیەكی مانادارە‌و زۆر بەكاردێت‌و كاری پێ ناكرێت، بەڵكو، بەڵكو لەبەر ئەوەی وەك فوتبۆڵ بۆتە وێردی سەردەمی ئەوانەی زۆریان هەیە‌و كەس نازانێ لەكوێ هێناویانە، لەوەش زیاتر خۆیان وەك فریشتە‌و خدری زیندە دەناسێنن.
ئێمە لە جوگرافیایەكدا دەژین كە جگە لە سۆز هیچی دی تیایدا زاڵ نیە، سۆزێكی كوێر نەك سۆزێك مرۆڤەكان بباتەوە لوتكەی چاكەخوازی‌و باشی، بەڵكو سۆزێك كە كۆت دەكاتە عەقڵی مرۆڤەكان‌و دەرەتانی ڕزگاربون ناهێڵێتەوە، تەنیا ئەوەش دەبینێت كە وەك ژەمەخۆراكێك پێشكەش بە چاوانی دەكرێت بەبێ ئەوەی بیری لێ بكاتەوە.
لەم جوگرافیایەدا، دژبەیەكی‌و دوفاقی بەشێوەیەكی بەرچاو بەربڵاوە لەسایەی ئەو دۆخە سیاسی یە نادروستەی كە نزیكەی سێ دەیەیە لە كوردستان، بەرقەرارە، هەروەك ئەمە كارتێكراوە بە كەلتورێكی تۆختری كۆمەڵی عێراقی كە لە بنەرەتەوە كۆمەڵگەیەكی پڕ لە دوفاقی‌و دژبەیەكی بوە، ئێستاش كۆمەڵگەیەكە جگە لەو دیاردانە، گەندەڵی‌و نادادری لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی سنوری تەنیوە‌و وڵاتەكە بۆتە گۆڕەپانێكی فراوان‌و بێ لەمپەری چالاكی مافیا‌و كارتێلەكانی گەندەڵی، بەڵام ئەوەی جێی داخ‌و سەمەرەیە، ئەم باند‌و كارتێلانەی گەندەڵی كە لە قۆناغێكدا خۆیان ئەندامی كارای كارتێلەكان بون، لە قۆناغی ئێستا سەردەمێكی تری شۆڕشگێڕی بۆ خۆیان دروست دەكەنەوە، تا وەك شۆڕشگێڕێكی مۆدێرن بێنەوە مەیدان‌و دەسەڵات بگرنە دەست لەلایەك بۆ پاك كردنەوەی سیمای ڕابردویان‌و لەلایەكی دیكە بۆ بەردەوامیدان بە تاوانەكانیان.
دەگمەنە لە جیهاندا، ببینیت هاوڵاتی بەشمەینەت خۆپیشاندان بۆ سكی برسی‌و گیرفانی بەتاڵی خۆی بكات بەڵام سەركردەكانی گەندەڵی سەركردایەتی ئەو خۆپیشاندانە بكەن، گەلە بەشمەینەتەكەش كە هەمیشە یادەوەریەكی كورت كردویەتی بە قوربانی، چەپڵە بۆ ئەو كارتێلە گەندەڵانە لێ بدەن، ئەمەش دروستی گشت ئەو پێناسانە دەردەخات كە عەلی وەردی لە كتێبەكانیدا بۆ گەلی عێراق بە گشتی كردویەتی، هیچ پێناسەیەكیش هەڵناگرێ جگە لەوەی ئەمە پشێوی یە لەناو پشێویدا.
ئەو گۆڕانكاریە خێرایانەی كە بەسەر كوردستان‌و ناوچەكەدا هات، جۆرێك لە شیزۆفینیای لەناو تاكی ئێمەدا دروست كردوە، بۆیە دەبینی دوێنێ باسی لە سیمای گەندەڵی بەشێك لەوانە دەكرد كە ئەمڕۆ چەپڵەیان بۆ لێدەدات، پێیان دەڵێت دژە گەندەڵی.
گومانی تیا نیە كە هەرێمی كوردستان سیستمێكی ناجۆر‌و پڕ لە گەندەڵی تیادایە، كە ئەمەش بەرهەمی یەك رۆژ‌و ساڵ نیە، بەڵكو درێژكراوەی چەندین ساڵ لە حوكمڕانی كارتێلەكانی گەندەڵی یە كە لەناو حزبەكانی خۆیانەوە حكومەتیان بەو دەردە بردوە.
سەرمایەدار‌و گەندەڵەكان، هەستی بۆنكردنیان زۆر بەهێزە، هەر كە هەستیان كرد سیستمە سیاسی‌و حوكمڕانیەكانی وڵاتەكەیان، ناڕەزایی بەرامبەری زیاد بوە یان هەڵچونێك بەرامبەر بەو سیستمە هەیە، یان ترسێك هەیە بۆ ڕوخاندنی ئەو سیستمە، ئیدی سەركردە گەندەڵەكان، سەرمایەدارە مشەخۆرەكان، دەبنە شۆڕشگێڕی مۆدێرن، دەبن بە بەشێك لە شەپۆلی ڕەت كردنەوەی ئەو سیستمەی كە خودی ئەو گەندەڵانە دەستیان لە دروست كردنیاندا هەبوە.
لە كوردستان، حزبەكان بەرپرسن لەو هەموو نادادپەروەری‌و گەندەڵیەی كوردستانی گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا، خۆیان وایان كرد هاولاتی نارازی بن لێیان‌و هەوڵی گۆڕیان بدەن، لەپاڵ ئەم هەڵە گەورانەی حزبەكان (بە تایبەت پارتی‌و یەكێتی) توێژێكی فراوانیش بونەتە خاوەنی سەرمایە‌و دەوڵەمەند بون، بۆیە لە دۆخێكی شێواوی وەك ئێستا، بۆ ئەوەی درێژە بە دەوڵەمەندی‌و بونی خۆیان بدەن، ئەوەش بكەن لە سایەی دەسەڵاتی نوێدا بەرژەوەندی‌و خاوەندارێتی دەسكەوتە نامەشروعەكانیان، گرەنتی بكەن.
گەندەڵ‌و مافیایاكان كە بۆنی ئەوەیان كرد مەترسی هەیە لەسەر سیستمە كۆنەكە، ئیدی لە سەروبەندی گۆڕانكارییەكاندا دەبنە شۆڕشگێڕ، ئەوان خاوەن سەرمایە‌و‌ دەسەڵاتێكن دەتوانن كار لە كایەی گشتی بكەن، دەرفەت بقۆزنەوە و كاریگەریی دروست بكەن!. 
ئێستای كوردستان زەمەنێكە كە وەك زەمەنی گۆڕانكاری‌و شۆڕش لێكدەدرێتەوە، بەڵام روی راستی دۆخەكە ئەوەیە كە هیچ ناگۆڕێت‌و شۆڕشی نیە، دوای پشێویەكی زۆر‌و قوربانیەكی زۆر، گەندەڵ‌و مافیاكان، ئەو سەرمایەدارانەی بە پارەی گەندەڵی وەك مشەخۆر بونەتە خاوەنی سەرمایە، دێنەوە مەیدانەكە‌و حوكمی هەمان رەعیەت دەكەن، ئەوانەشی زۆرترین هاوار بۆ نەهێشتنی نادادی دەكەن هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە داخێكی گەورە كە بەشدار بوە لە بەرهەمهێنانی سیستم‌و دەسەڵاتێكی گەندەڵتر.
لە دەسەڵاتەكانی سەدام‌و عەلی عەبدوڵا ساڵح‌و حوسنی موبارەك هەمان شتمان بینی، لە ساتی كۆتاییەكەیان كۆمەڵێك مافیا چونە دەرەوەی بازنە‌و دوایی خۆیان بونە بازنەی حوكمڕانی وڵاتەكانیان‌و خەڵكی خۆیشیان بەو دەردە برد كە ئێستا وڵاتەكانیان دەبینین.
بەرهەم ساڵح كارتێلێك بۆ چەند سەردەم
ئێستا كوردستان ئەو دیمەنەی هەیە، یەكێتی‌و پارتی بە هەڵەكانیان چەندین ڕوخساریان بەرهەم هێنا، كە بەرهەمیان بۆ خەڵك‌و حكومەت نەبوو، لەدوای كێشە‌و قەیرانەكانیش كە دەبینرێت نارەزایی خەڵك بەرامبەر بە دەسەڵات زیاد بوە، ئەو بێبەرهەمانە دێنە سەر شەقام‌و گۆڕەپانی سیاسی‌و لێمان دەبنەوە بە شۆڕشگێڕ بۆ ڕوخانی دەسەڵاتێكی گەندەڵی كە خۆیان دەستیان لە دروست كردنیاندا هەبوە.
ئایا سودی هەیە داوا لە گەندەڵ بكرێت بۆ ئەوەی بەگژ گەندەڵیدا بچێتەوە؟ بەراستی ئەو هێزانەی ئێستا بانگەشەی گۆڕانكاری دەكەن لە نمونەی بەرهەم ساڵح‌و سەرمایەداری وەك شاسوار، كار لەسەر دژایەتی كردنی گەندەڵی دەكەن، لەكاتێكدا گەندەڵی داینەمۆی دەركەوتنی ئەوانە؟
ئایا بەرهەم ساڵح كە ئەم سیستمە بە گەندەڵ دەزانێت، خۆی چ پشكێكی هەبوە تیایدا؟؟
هەر ئەو نەبوە لە وەرگرتنی پۆستەكەی سێ ملیار دۆلار یەدەگی لەبەردەستدا بوە، كە هاتە دەرەوە لە حكومەت چوار ملیار دۆلار قەرزی خستە سەر حكومەت؟؟ ئەمە چی پێ دەوترێت ؟ 
هەر كاك بەرهەم نەبوو گەورەترین فەزیحەی یەكێك لە شێڵتەرەكانی لە سەردەمی حوكمڕانی خۆی پەردەپۆش كرد‌و نەیهێشت بڕیاری لەسەر بدرێ؟؟
ئێستا بەرهەم ساڵح هیچ پۆستێكی رەسمی نیە، ئەرك نەبێت بۆچی ئۆفیسی ناو پاركی هەواری شار رادەستی حكومەت ناكاتەوە چونكە ئەوە موڵكی گشتی یە.
هەر بەڕێ. بەرهەم نەبوو بە دوو ئیمزا 42 هەزار فەرمانبەری دامەزراند؟ ئەمە بەشداری كردن نیە لەو دۆخەی ئێستا بۆ هەرێم دروست بوە؟
تۆیەك لە دوو ئیدارەیی بەرپرس بیت، لە حكومەتی یەكگرتوودا بەرپرس بویت، ئەی بۆچی تۆ فریشتە‌و حزبەكەی پێشووت گەندەڵە؟
لەوەش بگەڕێ، تۆیەك كە دژی گەندەڵیت چۆن لە سایەی گەندەڵیدا دەژیت، بۆچی دەسبەرداری نابیت بۆیە ئەپرسینەوە:
 دكتۆر بەرهەم ئەگەر لەناو یەكێتی نەماوە‌و یەكێتی بە گەندەڵ دەزانێت، ئەرك نەبێت بۆچی تا ئێستا ئامادە نیت بفەرمووی خانوەكەی هەولێرت بە یەكێتیە گەندەڵەكە بدەیتەوە؟
ئەگەر جەنابت سكرتێری حزبێكی نوێی، ئەرك نەبێت بۆ تا ئێستا خانوەكەی ئەمریكات تەسلیم بە یەكێتی ناكەیتەوە تا بڵێین دروست تۆ كەسێكی بێگەردی!!
ئیدی كاتی بێدەنگی نەماوە، بێدەنگیش خزمەت بە یەكێتی ناكات، بەڵكو كاتی بڕیاردانە، لەسەر چارەنوس‌و ئایندەی یەكێتی، ئەویش تەنیاو تەنیا بە یەك ڕێگە دەكرێت كە پاراستن‌و پاكردنەوەی یەكێتی یە لە تێكدەرانی یەكێتی، گۆڕینی ئاراستەی حزبەكەیە لە پەردەپۆش كردنی شەرم‌و شورەیی گەندەڵەكانەوە‌و بۆ خزمەت كردنی خەڵك.


ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە