ژوان ئەحمەد سەعید

كورد‌و مشتومڕی بیزەنتی

11/5/2017 9:51:00 PM

لە سەدەی 15 ی زایینی كاتێك سوڵتان محەمەدی دوەمی سوڵتانی عوسمانی كە بە محەمەد فاتیح ناسرابو گەمارۆی (قوستەنتینیە)ی دابو، كاتێك تەواوی چارەنوسی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی لە مەترسیدا بو، ئەنجومەنی پیرانی ئەو ئیمپراتۆریەتە سەرقاڵی مشتومڕی لابەلا بون.
مشتومڕەكانی ناو ئەنجومەنی پیران تایبەت بو بەوەی ئایا فریشتە نێرە یان مێیە؟ ئایا قەبارەی ئیبلیس چەندە ئایا ئەوەنە گەورەیە كە لە هیچ شوێنێ جێی نابێتەوە یان بچوكە كە بە كونی دەرزیدا گوزەر دەكات؟
ئەگەرچی ئیمپراتۆری بیزەنتی هەوڵی زۆریدا ئەو مشتومڕە كۆتایی بێت‌ و هەمویان روبەروی داگیركەری عوسمانی ببنەوە بەڵام سودی نەبو، عوسمانیەكان هاتنە ناو گەڕەكەكانی پایتەخت هێشتا ئەنجومەنی پیران لە مشتومڕدا بون.
ئێستاش لە كوردستان هەمان شتە:
قەیس خەزعەلی سەرۆكی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت: حەشدی شەعبی خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەیە لە عێراق‌ و پێویست بكات بڕیار دەدات.
وتیشی: هەولێر لە بەردەم لولەی تفەنگی ئێمەدایە‌ و هەر كاتێك بمانەوێ دەچینە ناو هەمو ناوچەكان‌ و ئەوەی بەرهەڵستی بكات سزای دەدەین.
لە بارەی ناوچە كوردستانیەكانیش، خەزعەلی وتی: ئەو ناوچانە پێشتر لە لایەن جوداخوازەكانەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر ‌و دەیگێڕینەوە‌ و ئەوەی پێی وابێ‌ بێزیان دەبێت لە هێرشی ئێمە بەهەڵەدا چوە.
لەمكاتەدا كە عێراق بۆتە گۆڕەپانی میلیشیا شیعەكان‌ و بە هەمان زمانی عەلی حەسەن مەجید‌ و حسێن كامیل‌ و سەدام حسێن دەدوێن، كورد هێشتا هەر بەردەوامە لەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكیەكان‌ و دانا‌ و ژیرێك نییە گوێ بۆ هاوارەكانی هەتوان‌ و ساڕێژكردنی برینەكان بگرێت.
حەشدی شەعبی خۆی دەڵێت: كەس لە كوردستان دۆست نیە‌ و كەسیش پارێزراو نیە، چونكە عێراق نە یاسا‌ و نە حكومەتی تیادا نیە، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێك سەرۆكی باند‌ و چەتەی چەكدارە لە شێوەی قەیس خەزعەلی‌ و هاوشێوەكانیان، ئایا كورد كەی ئەتوانێت لەگەڵ ئەم جۆرە بیركردنەوانە هەڵ بكات؟
ئێستا كورد گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی زۆر سەرەتا، لە ئەقڵ‌ و بیركردنەوەش زۆر گەڕاوینەتە دواوە بۆ ناو قوڵایی ناكۆكیەكانی 1964‌و 1994، كە ئەمەش هێندەی لە بەرژەوەندی داگیركەراندایە، هێندە لە بەرژەوەندی رێككردنەوەی پرۆسەی سیاسی كوردستاندا نییە.
هەمو تاكێك لە پێشیانەوە سەركردە‌ و حزبە سیاسیەكان پێویستە بە لە بەرچاوگرتنی ئەم جۆرە لێدوان‌ و قسە‌ و سیاسەتانە كاربكەن، چونكە كورد ئێستا بێ دۆستترین‌ و بێ‌ پشتیوانی ترین گەل‌ و میللەتە لە ناوچەكە‌ و جگە لە خۆی ناتوانێ پشت بە كەس ببەستێت. ئایا ئێمە لە مشتومڕ‌ كە رادەپەڕین‌ و فریای خۆی دەكەوین یان كاتێك لەسەر كۆمپیوتەر‌ و خەو هەڵدەستین كە خەزعەلی‌ و هاوبیچمەكانی لە دەرگای حەوشەكانمان دەدەن.؟!


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە