لەتیف فاتیح فەرەج

كڵاوی دۆست‌و راوێژكارەكانی بارزانی

11/5/2017 9:48:00 PM

وتارێكی" بێرنارد هێنری لێڤی"م خوێندەوە كە كرابو بە كوردی، لە ڕوكەشدا وتارەكە رەخنە گرتنە لەو بێدەنگییەی دنیای ئەوروپا و ئەمەریكا بەرانبەر بە كاردانەوەكانی عێراق و ئێران و توركیا دژی ریفراندۆمی باشوری كوردستان، لـێ‌ لە ناوەڕۆكدا هەوڵدانێكە بۆئەوەی سەر زەمینی كوردستانی باشور بكرێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا، یان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا.
لێڤی كە لە ماوەكانی رابردودا فیلمی لەسەر پێشمەرگە دەردەكرد و لە كۆشكی ئەلیزێ‌ بە تەنیشت بەرپرسانی پێشمەرگەوە وێنەی دەگرت، خۆی وەك خەمخۆری پرسی كورد نیشاندەدات، چ ئەم كە ئێستا وتارەكەی بۆنی شەڕێكی نەگریسی لێدێت، چ راوێژكارە بیانیەكانی دیكەی بارزانی كە هەندێكیان ناوی زۆر دیارن، لە شكستی باشوری كوردستاندا نەیانتوانی بەر بە هاتنی هەمەرێك بگرن، ئەوان ئیدی رەنگە هەر ئەوەندەی لێڤی بكەن یان نا، بانگەشە بۆئەوەی ئێرانیەكان و حەشدی شەعبی بەیەكەوە شەڕی كورد دەكەن، وەك دنەدانی ئیسرائیل و ئەمەریكا وایە، دەنا هەر ئەو ئێرانە و هەر قاسم سلێمانی و ئەفسەرە باڵاكانی دیكەی ئێران بو، كە دەیانگوت ئێمە نەباین داعش هەولێریان دەگرت.
كێشە ئەوە نیە، كێشە ئەوەیە كورد لە ئێستادا لە باشوری كوردستان سەیری كام دەم و راوێژ بكات هی لێڤی كە لە دوای 26ی مانگی 9ەوە كەس نازانێ‌ لە كوێیە، یان قاسمی سلێمانی كە رەنگە ئێستا زۆر لە هەولێرەوە نزیك بێت، لێڤی لە وتارەكەیدا لەسەر گریمانە و گوایە زانیاری باسی بونی ئەفسەری ئێرانی لە كەركوك و باسی پەیوەندی چەند كەسێكی یەكێتیش دەكات بە پیلانەكەوە، ئەو پێشتر بە ڕونی باسی پیلانە گەورەكە دەكات، بەڵام ئەوەی كارەكتەرەكانی یەكێتی، وەك خۆ خافڵاندن وایە بە پرسی لاوەكیەوە.
راوێژكارەكەی بارزانی و ئەوانی دیكەش بە راوێژكارە كوردەكانیشەوە بارزانیان لە خشتە برد، كە نەیانهێشت گوێ‌ لە دەنگەكانی دیكەش بگرێت بە خوێندنەوەی نامەكەی تیلەرسنیشەوە، جگە لە پەیامی بەردەوامی دەرەوە و ئەو هاوپەیمانانەی لە شەڕی داعشدا كوردستانیان پاراست، لیڤی باش دەزانێ‌ ئەوە ئەو نەبو كوردستانی دەپاراست، ئەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بون، پێشمەرگەش ئازایانە بە هاوكاری ئەوان قوربانی دەداو شەڕی دەكرد، ئەوەی لیڤی دەیەوێت وەك خائین نیشانیان دات، پێشتر سیان لە ژەنەڕاڵە ئازاكانیان لە كەركوك شەهید بوە" شێركۆ شوانی و حوسێن مەنسورو سەلاح دیلمانی" لە قوربانی تر مەپرسە، ئەم وتارە وڵام نیە بەو برادەرە، هێندەی هەڵوەستەیە لەسەر ئەوەی چی ڕویداو بۆ؟
لە ماوەیەكی زۆر كەمدا نزیكەی 35 هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشەمان لە دەست داو حەشدی شەعبی لە بەر لوتمان قوت بونەوە، حەشدی شەعبی میلیشیایەكی دانپیانراوی پارلەمانی عێراقیە و لە شەڕەكانی داعشدا نزیكەی 100 هەزار چەكداری كوژراوە و هەر یەك لە پارێزگاكانی ئەنبار، تكریت، موسڵ، لەسەر دەستی ئەوان ئازاد كراوەتەوە، بەڵام رێكخراوێكی مەزهەبی توندڕەوە و جگە لە شیعەگەرایی بڕوای بە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و پێكەوە هەڵكردن نیە، ئەم میلیشیایە، ئەگەر چی لە رابردودا لە خورماتو، پارێزگای دیالە زۆرجار بونەتە هۆی سەر ئێشە بۆ كورد و وردە شەڕ لە نێواندا رویداوە، بەڵام وا نیشاندەدەن كە ئەوان نایانەوێ‌ شەڕی كورد بكەن.
لە دوای 16-10ەوە ئیدی ئەو نمایشە بو بە بڵقی سەر ئاو، بەڵام كێن ئەوانەی ئەمەیان دروست كرد و ئەم دۆخەیان ئاوەژو كردەوە، ئایە هەر ئەوەیە كە ئێران چەند كارەكتەرێكی یەكێتی ناچار كردبێت، یان قیرسیچمەیی و ملنەدانی بەردەوام بە ئاگاداركردنەوەكانی دەرو دراوسێ‌ و دنیا، رۆژی 2-7 بە ئاگاداری هاوڕێی نوسەرم سمكۆ محەمەد لە كافێیەكی هەولێر لەگەڵ یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دانیشتم و هەمو ئەم مەترسیانەم بۆ باس كرد، لـێ‌ ئەو گوتی بارزانی ئەو ریفراندۆمە هەر دەكات، من بڕواناكەم زۆر كەم كورد هەن لە دنیادا نەیانەوێت دەوڵەتی كوردی ببینن، بە هاوڕێیەكی فەڕەنسیم وت ئەگەر بۆ هیچ دەوڵەتم نەوێت، بۆ ئەوە دەمەوێت تیپی تۆپێنی كوردستان ببینم لە بەرانبەر كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا یاری بكات، خەونی دەوڵەت بە یاخی بون و نەبینینی ئایندە نایەتە دی، ئێمە لە بەردەم گازینۆی مەچكۆ دەماننوسی "بای بای سایكس بیكۆ" ئێستا هاتوینەتەوە ئەو شوێنەی بارزانی دەیگوت تۆپ لێوەی دەگاتە هەولێر.
راوێژكار و دۆستەكانی بارزانی لە كاتێكی زۆر هەستیاردا بارزانیان بە تەنیا بە جێهێشت و ئێستا هەر یەك بە جۆرێك خۆیان لە بابەتەكە دەدزنەوە، ئێمە وەك ئەرمەنەكان، وەك جولەكە، جگە لە نەوت رێگەی تر هەبو بۆئەوەی لێوەی بچینە دیرۆكەوە، پرسی جینۆساید و ئەنفال و هەڵەبجە، ئەو دەرگایە بو، بەڵام راوێژكار و دۆستەكانی بارزانی لە بەر رەنگی دۆلار و بۆنی نەوت پرسی جینۆسایدی كوردیان لە بیر بارزانی بردەوە، تا ئەوەی ئێستا هیومان رایست و هۆچ و رێكخراو گەلی دیكە باسی كوشت و بڕی خورماتو بكەن، وەك ئەوەی جۆرێك لە جینۆسایدی تر بەڕێوە بێت.
هەوڵدان بۆ ئەوەی سەرزەمینی كوردستان ببێتە مەیدانی شەڕی ئێران و خەڵكانی تر، جگە لە ماڵ وێرانی هیچی تر بۆ كوردستان ناهێنێت، شەڕی قاسمی سولەیمانی و ناتانیاهۆ لە هەركوێ‌ دەبێت با ببێت، لێ‌ لە كوردستان نا، تەنانەت راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستانیش كەوتوەتە هەڵەیەكی قورسەوە كە دەیەوێت بڵێ‌ لەگەڵ حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراقیدا سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی شەڕی پێشمەرگە دەكەن، تۆ بۆ ئەمە دەبێت بەڵگە و دەكۆمێنتت هەبێت، بەڵگەو دەكۆمێنت نەك قسەی ڕوت.
جەهلێكی گەورەیە دۆخەكە بەرەو ئاقارێك بەرین كە ئەوەی ماویشە لە دەستی بدەین، هەرچەند من بڕوام وایە دۆستەكانمان، ئەوانەی نرخی شەڕوان و پێشمەرگە دەزانن، ناهێڵن بگەڕێینەوە خاڵی سفر، كورد دەڵێت زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە، درێژەدان بەم شەڕە رەنگە ببێتە هۆیەك بۆئەوەی نەك هەر لە باشوری كوردستان، لە رۆژئاوای كوردستانیش زیانی زۆرمان بەر بكەوێت، ئێستا ئێمە لە بەردەم زیانی گەورەداین، چۆن دەتوانین ئەمە رابگرین.


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە