عەلی مەحمود محەمەد

كەتەلۆنیاو كوردستان لە پایزێكی گەرمدا

8/27/2017 10:09:00 AM

لە ماوەی 171 ساڵی رابردوودا، لە جیهان 108 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بە فەرمی و نافەرمی بە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2005ی كوردستانیشەوە ئەنجامدراوە،چاوەڕوان دەكرێت یەكەم هەفتەی پایزی گەرمی ئەمساڵیش دوو ریفراندۆمی پڕ لە كێشەو چون یەك و نزیك لە یەك لە كات و هەڵوێستی نێو دەوڵەتی و دابەشبوونی بەرەكان لە كوردستان و كەتەلۆنیا ئەنجام بدرێت، كەتەلۆنییەكان دەیانەوێت بە كۆماری سەربەخۆوە بچێنە ناو ساڵی 2018 ەوە، وەلێ دەسەڵاتدارانی كوردستان كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان‌و شێوازی دەسەڵاتداریەتییەكەیان تائێستا رانەگەیاندووە، نا زانین بە چ جۆرە كەشتییەك دەمان بەنە جیهانی سەربەخۆییەوە.
خەریكە بە تێپەڕ بوونی كات، چەمكی ریفراندۆم جێگای خەباتی چەكداری لە جیهاندا بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بگرێتەوە، رۆژ بە رۆژیش ئەم چەمكە زیاتر شوێن پێی خۆی نەك بۆ سەربەخۆیی بگرە بۆ سەرجەم خواستەكانی مرۆڤایەتی بكاتەوە، ئەمرۆ لە سەرتاسەری جیهان سەدان پارتی سیاسی لە دەیان وڵات كار بۆ چەسپاندنی دیموكراسی راستەوخۆ دەكەن لە بری دیموكراسی نوێنەرایەتی مردوو كە نەیتوانیوە چارەسەری كێشەكانی مرۆڤ بكات ، ریفراندۆم یەكێك لە پایە گرنگەكانیەتی، مەسەلەی ریفراندۆم نەك تەنها بۆتە باو لەو وڵاتانەی تەنگشەی ئابوری و سیاسیان هەیە و لە روی پێكهاتەیی ئاینی و نەتەەییەوە فرەیین، بەڵكە چەندین هەرێمی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش هەر لە كالیفۆرنیاوە بگرە تا بۆرتریكۆ تازەترینیشیان دورگەی گوامییە داوای ریفراندۆم دەكەن  بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی، هەندێكیان بەهۆی دەوڵەمەندی و هەندێكی كەشیان بەهۆی پەراوێزخستن و داگیركارییەوەیە، كەواتە تا دێت خواستی سیاسی لەسەر كاڵای ریفراندۆم زیاد دەكات و گەردەلولی ریفراندۆم رەشماڵی سایكیس بیكۆكانی رابردوو رادەماڵێت و لە روی سیاسیشەوە دیموكراسی راستەوخۆ پەلاماری دیموكراسی نوێنەرایەتی دەدات، كە بەم گەڕو گولییەی ئێستای ناتوانێت وەڵام بە خواستەكانی مرۆڤایەتی بداتەوە.

ریفراندۆمی كەتەلۆنیا
بڕیارە یەكی ئۆكتۆبەر كەتەلۆنییەكان ((كەتەلۆنیا یەكێكە لە هەرێمەكانی ئیسپانیا، روپێوەكەی 32،106 كیلۆمەتر دوجارەو ژمارەی دانیشتوانیشی 7،539،618 كەسە لەوانە 1104782 كەسیان بێگانەن كە دەكاتە نزیك 15%، كۆی بەرهەمی نەتەوەیی لە ساڵی 2012 255،204 ملیار دۆلارە، قەبارەی ئابورییەكەی هاوتایە بە ئابوری پاكستان و كۆڵۆمبیا،  داهاتی تاكی 33،580 دۆلارە لە ساڵێكدا)) بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و لە راپرسیەكدا دەنگ بە سەربەخۆیی هەرێمەكەیان یاخود مانەوە لە چوارچێوەی ئیسپانیا بدەن، كە هەرسێ پارتی كەتەلۆنی (چەپی كۆماری كەتەلۆنی Esquerra Republicana de Catalunya (ERC)، نزیكایەتی  دیموكراتی كەتەلۆنی (راست) Democratic Convergence of Catalonia (CDC)(17-11-1974دامەزراوە)، پارتی چەپگەرای كوبPopular Unity Candidacy (CUP) بڕیاریان لەسەر داوە لە پەرلەمانی هەرێمەكەیانەوە بە زۆرینەی 72 دەنگ لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی هەرێمەكە،  بە پاڵپشتی كۆمەڵێك پارت و گروپی دەرەوەی پەرلەمان كە زۆریان گروپی چەپگەرای دەستەبژێری بچوكن، لە بەرامبەردا پارتی گەلی دەسەڵاتدار (راستی پارێزگار) و سۆسیالست و پارتی راستگەرای سیودانۆس بە توندی دژی ریفراندۆمەكەن، لەم نێوەدا لیستی پێكەوە دەتوانین پۆدیمۆس-شیوعی پشتیوانی لە پرۆسەی ریفراندۆم دەكەن و بە پرۆسەیەكی دیموكراسی دەزانن وەك تاكە پارتی نیشتمانی ناو پەرلەمان، وەلێ بەشێكیان لە گەڵ راگەیاندنی دەستبەجێی سەربەخۆیی نین و پێیان وایە پێویستە دەستوری وڵات بۆ ئەوكارە هەموار بكرێتەوە، ئەویش پێویستی بە سێ لەسەر چواری كورسییەكانی پەرلەمانە بۆیە محاڵە بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە بێتە دی.
بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی كەتەلۆنیا هەردوو یاسای راپرسی و پرۆژەی یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین پەسەند بكەن:
https://drive.google.com/file/d/0Bxrh_sv1paPsdFNiRDhrSndvTTA/view ، لێرەدا ئەوانەی دژ بە سەربەخۆین بەشداری دەنگدانەكە ناكەن وئەنجامدانی ریفراندۆمەكە بە نایاسایی دەزانن.
حكومەتی ئیسپانی بڕیاری داوە، ئەوەی بەشداری پرۆسەكە بكات بەهەر شێوەیەكە، بانگەشەكردن و رواندنی مامەڵە،دەنگدان و بڕیاردان ، لە هەموو شوێنە گشتییە حكومییەكان سزا بدات و لەكارەكانیان دوریانبخاتەوە، هاوكات هەڕەشەی راگرتنی بودجەشی لە هەرێمەكە كرد و كار گەیشتە سەر پەلاماری سەربازیش، وەزیری بەرگری ئیسپانیا دولوربس دی كۆزبیدال داوای لە سەركردە سەربازییەكان كرد سەلامەتی و یەكپارچەیی ئیسپانیا بپارێزن، ئەمەش بۆ خۆی هەڕەشەی داگیركردنی سەربازی و گەڕانەوە بوو بۆ سەردەمی دكتاتۆری فرانكۆ(1936-1975) لە بەرگی دیموكراسیدا، دوای پەلامارە تیرۆریستییەكەی بەرشەلۆنە وەزیری بەرگری ئیسپانی رایگەیاند ئێستا ئەوان لە ئینزاری چواردان، یەك هەنگاو ماوە بۆ ئینزاری 5 تا ببێتە حوكمی عورفی لە وڵات، لە دوای سەردەمی جەنەراڵ فرانسیسكۆ فرانكۆوە یەكەمجارە سوپا بەو شێوەیە دابەش بكرێت، تەنانەت لە 11ی ئازاری ساڵی 2004 دا كە قاعیدە تەقینەوە خوێناوییەكانی مەدریدی ئەنجامدا كە 191 كەس بوونە قوربانی و 1755 كەسیش بریندار بوون ، وە لە هەشتاكان كە سوپای ئیتای باسكی 425 كەسی لە تەقینەوەیەكدا كوشت ، كەچی لەوكاتانە حوكمی عورفی و هەڕەشەی سەربازی نەكراوە، ئێستا بە بەهانەی شەڕی تیرۆرەوە دەیانەوێت شەڕی كەتەلۆنییەكان بكەن، رۆژنامەی بایسی نزیك لە سۆسیالستەكان داوای لە كەتەلۆنییەكان كرد واز لە ریفراندۆم بهێنن بەهۆی مەترسییەكانەوە، ئەمە هەڵوێستی سۆسیالستە ئۆپۆزسیۆنەكان بێت دەبێت دەسەڵاتدارە راستگەراكەی وڵات چی بڵێن؟،چاودێران پێیان وایە شۆفینیەتی حكومەت كە دەربڕی شۆفینیەتی نەتەوەی سەردەستە  لە دوای دەسەڵاتی فرانكۆوە گەیشتۆتە پۆپە.
جگە لەوەی حكومەت هەڕەشە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 1ی ئۆكتۆبەر دەكات، هاوكات لە 6ی شوبات ئەرتۆر ماس و جوانا ئۆرتیغا دادگایی كران لەسەر ریفراندۆمە شكستخواردووەكەی ساڵی 2014، لە مانگی ئازار لە ئەرتۆر ماس قەدەغە كرا بۆ ماوەی 2 ساڵ لە وەرگرتنی كاری گشتی (حكومی) دور خرایەوەو سزای 36500 ئیرۆش درا.

ریال و بەرشە
ململانێی ریال و بەرشەلۆنە، ڕەنگدانەوەی ململانێی هەردوو پایتەختە،روحی ململانێی ئیسپان و كەتەلۆنیایە، ئەم ململانێ 303 ساڵیە لە 11ی ئەیلولی 1714ەوە تا هەنووكە بەردەوامە، لەو رۆژەوەی كەتەلۆنیا ئاڵاكەی هێنرایە خوارەوە لەسەردەمی فلیپی پێنج خرایە سەر ئیسپانیا و كۆتایی بە سەربەخۆیەكەی هێنرا دەستیپێكردوە، كەتەلۆنییەكان ئەو رۆژە لە بیر ناكەن و هەر بۆیەشە 11 ی سەپتەمبەر بە رۆژی سەربەخۆیی دەزانن.
لە 14ی نیسانی 1931 دا كۆماری كەتەلۆنیا تاك لایەنە راگەیەنرا فرانسیسك ماكیا كەسایەتی سەربەخۆی چەپ لە ساڵی 1931 لە لایەن پەرلەمان و حكومەت و دادگای لێپێچینەوەی كەتەلۆنیا دیاری كرا بە یەكەم سەرۆكی وڵات لە دوای 214 ساڵ داگیركاری،لە ساڵی 1932 لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی بەرەی گەل (سۆسیالست-شیوعی) لە ئیسپانیا، كەتەلۆنییەكان بە فەرمی  ئۆتۆنۆمیان وەرگرت و زمانی كەتەلۆنیش بووە زمانی فەرمی وڵات.
وەلێ زۆری نەخایاند كاتێك سەرۆكی فاشیستی ئیسپانیا جەنەراڵ فرانسیس فرانكۆ كودەتای كرد لە 8ی ئابی 1936، حكومەتە چەپگەرا خاوەند ئۆتۆنۆمییەكەی كەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوەو زمانەكەشیانی قەدەغە كرد، جوسیب سۆنال سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی دەستگیر كرد و ئیعدامی كرد، دوای فرانكۆ و گەڕانەوەی سستەمی پاشایەتی بۆ وڵات لە ساڵی 1975 دا ، لە راپرسی ساڵی 1978 دا ، 90%ی كەتەلۆنییەكان دەنگیان بە دەستوری دیموكراتی ئیسپانیا دا، كە دان بە ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەكان و هەرێمەكان دەنێت لە ناویاندا كەتەلۆنیا لە چوارچێوەی یەكێتی خاكی ئیسپانیا، ئێستا كەتەلۆنییەكان باجی ئەم دەنگدانە دەدەنەوە .
 ململانێ سیاسییەكان نێوان بەرشەلۆنەی داگیركراو و ریالی داگیركەر لە ناو یاریگاكانی تۆپی پێ رەنگی دایەوە تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 1943 دا فرانكۆ هەڕەشەی توندی لە بەرشەلۆنە كرد كە نابێت بیباتەوە ، هاوكات فرانكۆ هەڵدانی ئاڵای یانەی بەرشەلۆنەی قەدەغە كرد، وای لێهات بەرشەییەكان دەستەسڕی سپییان لە جیاتی ئاڵاكەیان بەرزدە كردەوە لە كاتی یارییەكانیاندا، بەم جۆرە چیرۆكی داگیركردن و ژێر دەستەیی گەلێك لە یانەیەكی وەرزشدا رەنگی دایەوە، یاری یاری خۆیكرد بۆ سەربەخۆیی. ئێستا لە 1ی ئۆكتۆبەر لە دوا یاری سیاسی بەرشەو ریال دەبێت كێیان بیبەنەوە؟، تۆپ لە گۆرشەپانی بەرشەییەكانەوە دوا كاس لە ریال ببەنەوە .

چونەوە بەرەو ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆیی
كەتەلۆنییەكان بەوە ناسراون لە ناوچەكانی دیكەی ئیسپانیا رادیكاڵترو چەپترن، خواستیان ئەوەیە لە سستەمی پاشایەتییەوە بگۆڕێن بۆ سستەمی كۆماری، بە پێچەوانەی سكۆتلەندییەكان خواستاری مانەوەن لە سستەمی پاشایەتی، لە هەمان كاتدا بزووتنەوە مەتڵەبییەكانی كرێكاران و خەڵك لەم هەرێمە بەهێزە .
لەم خولەی تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی ، لە ساڵی 2009 ەوە كەتەلۆنییەكان خەریكی راهێنانن لەسەر ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆیی ، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ ساڵی 2011 ، ریفراندۆمی نا فەرمی لە 550 شاری كەتەلۆنیا لە كۆی 947 شارەوانی هەرێمەكە ئەنجامدران وەك راهێنان و ئەزمونێك بۆ پرۆسە گەورەكە، ریفراندۆمی نا فەرمی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و دەستبژێرەكان ئەنجامی دەدەن فەرمی نییە، تەنها ئەزمون و راهێنان و تاقیكردنەوەیە بۆ ریفراندۆمی فەرمی،كە حكومەت پێی هەڵدستێت ، دەتوانین بڵێین راپرسییەكی پێشوەخت و راهێنانە بۆ ئەزموونی ریفراندۆمی فەرمی .
پەرلەمانی كەتەلۆنیا بۆ یەكەمجار لە 23ی كانونی دووەمی ساڵی 2013 ەدا بە زۆرینەی 84 دەنگ لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی هەرێمەكە ((Convergence and Union (CiU)50 كورسی ، Republican Left of Catalonia–Catalonia Yes (ERC–CatSí)21 كورسی Initiative for Catalonia Greens–United and Alternative Left (ICV–EUiA)10 كورسی، Popular Unity Candidacy–Left Alternative (CUP)3 كورسی))، بڕیاری لە سەر بەڵگەنامەی مافی بڕیاردانی چارەنووس لە رێگای ریفراندۆمەوەی دا بۆ كەتەلۆنیا، بەم شێوەیە چەپ و راست، كۆنزەرڤاتیف و شیوعی، ژینگە پارێزو پێشكەوتنخوازانی پارتە كەتەلۆنییەكان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەكە رێك كەوتن و یەكیان گرت ،لەو ژمارەیە تەنها 21 دژ بوو، 25یان بەشداری دەنگدانەكەیان نەكرد، دوای دەنگدانەكەی پەرلەمانی كەتەلۆنیا، ئەرتۆر ماس سەرۆك وەزیرانی راستگەرای كۆنزەرڤاتیفی هەرێمەكە بڕیاری ریفراندۆمی دا، 920 شارەوانی لە كۆی 947 شارەوانی پشتیوانی راپرسییان كرد.دوای 20 رۆژ لە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمەكە، هاووڵاتیان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
لە راپرسییەكە 2،305،290كەس لە كۆی 6،3 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان كرد، بە پێی رۆژنامەی بایسی ئیسپانی رێژەكە دەیكردە 37%ی دەنگدەرانی كەتەلۆنیا،لێ بە پێی ئاماری حكومەتی كەتەلۆنیش بێت رێژەكە دەیكردە 41،6%ی دەنگدەران، لە سەرتاسەری  كەتەلۆنیا ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی 84،67% ی دەنگەكانی هێنایەوە، كە دەیكردە 2198707 كەس، لە شاری بەرشەلۆنەی پایتەخت رێژەكە دابەزی بۆ 80،435% ی دەنگدەران، بەشێوەی گشتی دەنگی بەڵێ لە لادێكان رێژەكەی زیاتر بوو لە شارەكان.
بەهۆی ئەوەی رێژەی بەشداربوان كەمتر بوو لە نیوە، ئەمەش بەهۆی بایكۆتكردنی لە لایەن پارتە نەیارەكانی سەربەخۆیی هەرێمەكەوە ، بۆیە راپرسیەكە لە دوا ئەنجامدا شكستی هێنا، لە كاتێكدا لە هەردوو هەڵبژاردنی پێش راپرسییەكەو دوای راپرسییەكەی هەرێمەكە ژمارەی دەنگدەران 3،668،310 ، 4،130،196 بوو ، سەرباری ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا پەنابەران و هەڵنەگرانی ناسنامەی ئیسپانی مافی دەنگدانیان نییە، وەلێ لە راپرسییەكە مافی دەنگدانیان بوو ، دوای شكستەكە ئەرتۆر ماس سەرەك وەزیرانی كەتەلۆنیا وتی " وانەیەكە بۆ دیموكراسی "، راخۆی سەرەك وەزیرانی راستگەرای ئیسپانیاش وتی شكستێكی قوڵە، هەرچەندە پێشتر دانیان نانا بە ریفراندۆمەكە، وەلێ لە كۆتادا ئەنجامەكەیان قۆزتەوەو نەیانتوانی بێدەنگی لێبكەن و هەناسەی خۆشیان لەبەردەم ئەنجامەكەی هەڵكێشا.
لە ناوخۆی ئیسپانیا،پارتی گەلی راستگەرای دەسەڵاتدار كە لەو خولەی پەرلەماندا خاوەند 186 كورسی بوو، بە توندی دژ بە ریفراندۆمەكە بوو، پارتی سۆسیالست –ئۆپۆزسیۆن "چەپی ناوەند" خاوەند 110 كورسی و دژ بە ریفراندۆمەكە بوو، چەپی یەكگرتوو (شیوعی –سەوز) 11 خاوەند كورسی لە گەڵ راپرسییەكەدا بوو،پارتی نەتەوەیی باسكەكان خاوەند 7 كورسی پشتیوانی سەربەخۆیی كەتەلۆنییەكان بوون ، بەشێوەی گشتی سەرجەم پارتە چەپ و پارتە هەرێمییەكانی باسك ، بلنسیە ، جالیكی و ئەندەلوسی پشتیوانی سەربەخۆیی كەتەلۆنییەكان بوون، بەمەش هێزە سیاسییەكان بوونە دوو بەرەی لایەنگرو نەیار، وەلێ پارسەنگ بەلای هێزەكانی دژدا دەشكایەوە.
دوای شكستی راپڕسییەكە دوو هەڵبژاردن (ئیسپانی و كەتەلۆنی ) ئەنجامدرا( لە 26ی ئۆكتۆبەری 2015 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كەتەلۆنیا ، 18ی یۆنی پەرلەمانی ئیسپانیا لە 20ی دیسەمبەری 2015 و 26ی یۆنی 2016) و پارسەنگی هێزەكانی گۆڕی، لە ناوخۆی كەتەلۆنیا سەربەخۆ خوازە دەسەڵاتدارەكان كە بە لیستی پێكەوە بەرەو بەڵێ (Convergence and Union (CiU) ) بەژدار بوون (( لیستەكە لە چوار پارتی سیاسی كەتەلۆنی پێك هات كە بریتین لە : Democratic Convergence of Catalonia (CDC) 41%، Esquerra Republicana de Catalunya (ERC) 27%، Democrats of Catalonia (DC) 5%، Moviment d'Esquerres (MES) 3% ، Independents24% )، هەرچەندە هاوپەیمانیان دروست كرد و ژمارەیەك زۆر خەڵكی نا حیزبیان هێنایە ناو لیستەكەیانەوە، وەلێ ژمارەكەی كورسییەكانیان لە 71 كورسییەوە بۆ 62 كورسی دابەزی ، هاوكات دەنگەكانیشیان 4،82% دابەزی ، لە بەرامبەردا دوو پارتی نەیاری راستی توند و چەپی رادیكاڵی توندی لایەنگری سەربەخۆیی دەنگەكانیان سەركەوت ، ئەوانیش پارتی هاووڵاتیانی راستگەرای نەیار Citizens–Party of the Citizenry (C's)ژمارەی كورسییەكانی لە 9 كورسییەوە بۆ 25 كورسی بەرز بووەوە رێژەی دەنگەكانیشی 10،33% چووە سەر، هاوكات پارتی چەپگەرای كوپ لایەنگری توندی سەربەخۆیی ژمارەی كورسییەكانی لە 3 كورسییەوە بۆ 10 كورسی بەرز بوەوە،رێژەی دەنگەكانیشی 4،73% بەرز بوەوە .
لە سەر ئاستی ئیسپانیاش هەردو پارتی گەل و سۆسیالست ژمارەی كورسییەكانیان دابەزی (پارتی گەلی دەسەڵاتداری راست 49 كورسی و سۆسیالست 25 كورسیان لە دەستدا) و دوو هێزی دیكە بەناوی پۆدیمۆس چەپ و سیودانۆس راست هاتنە پێشەوە ، كە یەكەمیان پشتیوانی پرۆسەی ریفراندۆم دەكات، بۆخۆشی لەسەر بنچینەی كۆبونەوەی گشتی (دیموكراسی راستەوخۆ) بڕیارەكانی دەدا و كۆنگرەكانی دەبەستێت، دووەمیشیان سەرسەختانە دژە، هاوكات پارتی چەپی كۆماری كەتەلۆنیش بە هێنانی 9 كورسی كەوتە پێش پارتی نزیكایەتی دیموكراسی كەتەلۆنی راستگەراوە كە 8 كورسی هێنایەوە).
لە 9ی نۆڤەمبەری 2015 ، پەرلەمانی هەرێمی كەتەلۆنیا بە زۆرینەی 72 دەنگ لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی كەتەلۆنیا، نەخشە رێگای سەربەخۆیی كەتەلۆنیای بۆ ساڵی 2017 پەسەندكرد وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پەیمان درابوو، بەمەش ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی بووە كاری یەكەمی حكومەتی كەتەلۆنی.
دوای 3 مانگ لە هەڵبژاردنەكان ، دوای ململانێیەكی توند ، دەنگنەدانی كوپ بە ماس وەك سەرەك وەزیران بەهۆی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پیادە كراو لەسەردەمی ئەو، مەترسی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و پێك نەهێنانی حكومەت بووە رۆژەف، بەهۆی ئەوەی 10 كورسییەكەی كوپ لە نێوان سەربەخۆ خوازان و دژبەرانییەوە رۆڵی مەلیكی دەگێڕا، تا لە 27ی دیسەمبەر رێكەوتن كرا بە مەرجی گۆڕینی ماس ،پەرلەمانی كەتەلۆنیا "كارلس بیجیدمنت"
بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمەكە هەڵبژارد ،ناوبراو پارێزگاری پێشوی شاری جیرۆنا بوو ، هەرچەندە ئەویش سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پەیرەو كرد لەو شارە،كوپ لە بەرامبەر پشتیوانییەكەی لە حكومەتی كەتەلۆنی كۆمەڵێك دەستكەوتی بەدەست هێنا لەوانە (ئاسانكردنی مافی پەنابەری ، كارەبای خۆڕایی بۆ هەژاران، بیمەی تەندروستی ، جێبەجێكردنی یاسای خوێندن و .... ) .
دوای پێك هێنانی حكومەت و بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ، لە 9ی یۆنی 2017 بڕیاری ریفراندۆمی دووەم درا لە 1ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ ، وە سەربەخۆیش لە دوای سەركەوتنی بەڵێ لە دەستپێكی ساڵی 2018 ((پرسیارەكە كە بە هەر سێ زمانەكەی ناو كەتەلۆنیا چاپ دەكرێت " ئیسپانی و كەتەلۆنی و ئارانیس "
 " چاپ دەكرێت و دەپرسێت " ئایا دەتەوێت كەتەلۆنیا لە شێوازی كۆماری كەتەلۆنیا سەربەخۆ بێت"، واتا بەرشەلۆنییەكان جەژنی سەری ساڵیان تایبەت دەبێت ئەمساڵ و دەیكەنە دوو جەژن.
پەرلەمانی كەتەلۆنی یاسای پەرلەمانی هەموار كردەوە بە شێوازێك هەر یاسایەك یەك خوێندنەوەی بۆ بكرێت و تێپەڕێنرێت بە گفتوگۆیەكی كەمەوە ، كە چەپەكان ئەمەیان پێ نا دیموكراسییە، ئەمەش بۆ ئەوەی یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین لە پەرلەمان  دەرچێت، كە ماوەیەك كەم ماوە بۆ یەكی ئۆكتۆبەر و ئەنجامدانی ریفراندۆم.
راپرسیەكان لە ئێستادا دەریدەخەن ئەمجارە زۆرینە لە نێوان 64 بۆ 70%ی هاووڵاتیانی كەتەلۆنی بەشداری راپرسییەكە دەكەن، واتا نزیك بە دوو هێندەی جاری پێشوو، كە ئەمە خاڵی لاوازی ریفراندۆمی پێشوو بوو، شكستەكەش لە كەمی بەشداربوانەوە بوو، نەك رێژەی بەڵێ كە گەیشتە زیاتر لە 84%.
لایەنگران پارتە دژبەرەكان ریفراندۆم لە هەرێمەكە ئەمجارەش بایكۆت دەكەن و  بەشداری دەنگدانەكە ناكەن، نموونە لەناو ئەندامان و لایەنگرانی 3 پارتی نیشتمانی لە هەرێمەكە تەنها (پارتی گەل 5،1% ، سیودانۆس 7،8% ، پارتی سۆسیالستی كەتەلۆنی 17%) بەشداری راپرسیەكەی یەكی ئۆكتۆبەر دەكەن.
دادگای ئیسپانی هەر جۆرە ریفراندۆمێكی مولزەم و نا مولزەمی رەتكردەوە، سكاڵای یاسایی حكومەتی ئسپانیای پشت راستكردەوە ، رایگەیاند راپرسی ناكرێت ،ئەمەش وا دەكات ریفراندۆمەكە لای ئیسپانییەكان نا یاسایی و لە دەرەوەی یاسا بێت ، بۆیە ئیسپانییەكان دان بە ئەنجامی ریفراندۆمەكە نانێن ، وەلێ دوو شت رۆڵ دەگێڕێت بۆ سەركەتنی راپرسی ئەمجارە ، زۆری رێژەی بەشداری و بەرزی رێژەی بەڵێ ، گرەوەكە لە ئەنجامەكەیە نەك هەڕەشەكان ئێستا.

نەیارانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كەتەلۆنیا
ئەوە نەبوو تەنها راستگەراكان و سۆسیال دیموكراتە خیانەتكارەكان دژ بە ویستی گەلی كەتەلۆنی بن لە دیاریكردنی چارەنوسی خۆی بە مەلیكی ئیسپانیا فلیپی شەشەمیشەوە، پارتی گەلی پارێزگار و سۆسیال دیموكرات و لیبراڵەكان دژ بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا خۆپیشاندانیان كرد، لایەنگرانی سەربەخۆییخوازانیان بە كودەتاچی ناو بردو رایان گەیاند كەتەلۆنیا ئیسپانییە رێگا بە جیابونەوەی نادەن، هەموو باڵەكانی لیبراڵی سەرمایەداری دژ بە سەربەخۆیی گەلانی كەتەلۆن و باسك و گالیس و بلنسیەو ئەندەنوسیان بۆ دامەزراندنی كۆمارەكانیان.
 لەسەر ئاستی دەرەوەش نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا و پەیماننامەی ناتۆ دژ  بە ریفراندۆمی كەتەلۆنیا وەستانەوە ، یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند ئەوەی جیا بێتەوە لە وڵاتێكی ئەندام لە داهاتوو بەشێك نابێت لە یەكێتی ئەوروپا و پەیمانامەكانی یەكێتی ئەوروپا نایان گرێتەوە، ناتۆش هەمان هەڕەشەی دوبارە كردەوە، نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادە نەبوو بەشداری لە پرۆسەكە بكات، هەموو كەتەلۆنیەكانیان تەنیا جێ هێشت، چونكە بۆ بەشداری نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپرسی گەلان بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە رەزامەندی وڵاتی ناوەندییە، ئەویش ئیسپانیا بە توندی دژ بەو بڕیارەیەو هەڵوێستێكی نەیارانەی توندی گرتۆتە بەر .
پێشتریش ئیسپان و یەكێتی ئەوروپا هەمان هەڵوێستیان لە هەمبەر هەوڵی باسكییەكانی ئیسپانیا گرتە بەر، ئەوە بوو لە 25 ی نۆڤەمبەری ساڵی 2008 ، باسكییەكان  ویستیان راپرسی ئەنجام بدەن، دوای ئەوەی 34 پەرلەمانتاری هەرێمەكە بە بەڵێ لە بەرامبەر 33 دژ و 7 دەنگیان نەدا براوە دەرچوون لە ناو هۆڵی پەرلەمانی هەرێمەكەیان، بڕیاری ریفراندۆمیان دا ،وەلێ دادگای باڵای ئیسپانی رێگای نەدا ریفراندۆم ئەنجام بدەن، دواتر دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤیش لە شوباتی ساڵی 2010 ەدا پشتیوانی لە دادگای باڵای ئیسپانی كرد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی رەتكردەوە، باسكییەكانیش پاشەكشەیان كرد لە داواكارییەكەیان، وەلێ كەتەلۆنییەكان كۆڵیان نەدا، وێڕای هەموو ئاستەنگی و رێگرییەكان تا ئێستا مكوڕن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و جیابونەوە، ئەمەش دەرگا بۆ گەلانی دیكە وەك باسك و گالیسیا و بلنسیەو ئەندەنوسەكان و ..... دەكاتەوە، چاوەڕوانی كەوتنی پولی دۆمینەكە بن.

كوپ و راپرسی
پارتی یەكبونی گەل لە 14-12-1986 دامەزراوە، خاوەنی 382 كورسی لە كۆی 9077 كورسی شارەوانییەكانی كەتەلۆنیا و 10 كورسی لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی كەتەلۆنیایە، 1912 ئەندامی هەیە دووەم بچوكترین پارتی هەرێمەكەیە لە دوای پۆدیمۆس لە روی ئەندامگیرییەوە ،ناوەكەی لە ناوی هاوپەیمانی یەكبونی گەل بە سەرۆكایەتی سلفادۆر لیندی سەرۆك كۆماری شیلیەوە ناو نراوە، رێكخستنێكی دژ بە سەرمایەدارییە، بڕیارە گرنگەكان بە دەنگدانی هەموو ئەندامان و كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی دەدرێت ، باوەڕی بە دیموكراسی تەشاركی هەیە، خەبات دەكات بۆ كەتەلۆنیایەكی سەربەخۆی سۆسیالستی ژینگە پاك، دژ بەوەیە موچەی تایبەت بدرێت بە سیاسییەكان و مرۆڤ لەسەر سیاسەت بژێت ، چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی خەباتكاران لە پێناو (( سەربەخۆیی كەتەلۆنیا، داكۆكی لە مافی كرێكاران، داكۆكی لە زەوی ، زمان، ناسنامەی نیشتمانی، دژایەتی باوك سالاری))، كوپ بەهۆی خەباتی دژ بە سیاسەتی تەقەشوف بە زۆر دەركردن لە ماڵەكانیان توانی لە ماوەیەكی كورتدا رێژەی دەنگەكانی لە 0،65% لە ساڵی 2007 ەوە كە بۆ یەكەمجار توانی 20 كورسی شارەوانی بباتەوە ، بەرز كردەوە بۆ 2،16% لە ساڵی 2011، 7،14% لە ساڵی 2015، بۆ پەرلەمانی هەرێمەكەش لە 3،48%ی دەنگەكان و 3 كورسی كە بۆ یەكەمجار چووە پەرلەمانی هەرێمەكەوە لە ساڵی 2012 ، بۆ 8،21% ی دەنگەكان و 10 كورسی پەرلەمانی كەتەلۆنیا ، هەڵبژێردراوانی ناتوانن دوجار خۆیان كاندید بكەنەوە ، بەهۆی شێوازی بڕیاردانەوە و رێكخراوەییەوە پێیان دەڵێن زاباتێستە شارنشینەكان تشابایس ، بەهۆی ئەوەی كەتەلۆنیا خاوەند كلتورێكی گەورەی ئانارشیزم و تەحەرری و تعاونی یە ، بۆیە زەمینە لەبارە بۆ گەشەكردن و جێكەوتنی شێوازی كاركردنیان لە كۆمەڵگادا.
كوپ زۆر بە توندی پشتیوانی لە راپرسی و جیابونەوەی كەتەلۆنیا دەكات، هاوكات بەشداری هیچ هەڵبژاردنێكی ئیسپانی ناكات و كاندید پێشكەش ناكات، چالاكی سیاسی ئەو لەناو جوگرافیای كەتەلۆنیا و ئەو هەرێمانەیە كەتەلنییەكانی تێدا دەژێن وەك فالیسیا.
بۆ ریفراندۆمی یەكی ئۆكتۆبەر . كوپ لە ژێر دروشمی ( یاخی بوونەوە لە ئیسپانیا ، مافی چارەی خۆنوسین ، كۆماری كەتەلۆنیا) هەڵمەتی پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كەتەلۆنیای دست پێكرد،بەرەو كۆماری كەتەلۆنیای سۆسیالستی، كوپ لە لایەن بەشێك لە چەپەكانەوە تاوانبار كرا بەوەی پاشكۆی دوو پارتە بۆرجوازییە دەسەڵاتدارەكەیە، بەتایبەت حیزبی سەرەك وەزیران كە پارتێكی راستگەرای پارێزگارە و سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپاند بەسەر گەلی كەتەلۆنیا.
كوپ لە كاتی دەنگدان بە كابینەی حكومەتی كەتەلۆنیا ، سێ مانگ راگەیاندنی كابینەكەی دوا خست ، رایگەیاند دەنگدان بە ئەرتۆر ماس مردنی رێكخراوە، هاوكات دەنگدان بە نا مردنی سەربەخۆیییە ، بۆیە وەك ئاماژەمان پێ دا، سەرەك وەزیرانی گۆڕی و كۆمەڵێك دەستكەوتی لە پێناو هەژاران و قوتابیان و پەنابەران و خانەنشینان وەدەست خست لەبەرامبەر سازشی دەنگدان بە كاندییدی راستی پارێزگار، لەهەمان رێكەوتن رایان گەیاند تا سەپتەمبەری 2017 پێویستە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بكرێت.
كوپ پێی وایە ،ئەگەر سەربەخۆیی ئەمجارە نەبێت، ئەوا بۆ دە ساڵی داهاتوو قسەو باس لەسەر سەربەخۆیی نابێت، بۆیە دەبێت بۆ بەدەستخستنی سەربەخۆیی لەگەڵ هەمووان رێ بكەین.

پشتیوانانی ریفراندۆم و هەڵوێستە دژەكان لەسەری
چالاكوانانی چەپی رادیكاڵ پێیان وایە، پێویستە چەپەكانی ئیسپانی پشتیوانی لە مافی ریفراندۆمی كەتەلۆنییەكان بكەن دژ بە سەركوتی حكومەتی راستگەرای ئیسپانی، ئەوان دەڵێن ئیسپانیا كراوەتە زیندانی بۆ گەلانی بن دەستی ئیسپانیا.
دژبەرانی سەرمایەداری ئیسپانی و كەتەلۆنی داوا دەكەن پشتیوانی لە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا بكرێت وەك مافێكی دیموكراتی و ویستی زۆربەی كەتەلۆنییەكان، هەرچەندە ئەوان رەخنە لە حكومەتی هەرێمی كەتەلۆنیا دەگرن كە سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری پیادە دەكات و بەرژەوەندی هەژاران نا پارێزێت، هەرێمەكەیان كردۆتە تاقیگای دابەزاندن.
جگە لە پارتی چەپگەرای پۆدیمۆس و حیزبی شیوعی ئیسپانی كە لە لیستی پێكەوە دەتوانین یەكیان گرتووە ، كە ئەمانیش دوو بۆچونیان هەیە، بەشێكیان لە گەڵ جیابونەوەن ، بەشێكی دیكەشیان لە گەڵ ئەوەن مافی زیاتریان بدرێتی لەوەی ئێستا هەیە، وەلێ هەموو لەسەر مافی ئەنجامدانی ریفراندۆم كۆكن، پۆدیم لقی كەتەلۆنیای پۆدیمۆس  رایگەیاند پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكات، جیاوازیان لە گەڵ هیزەكانی سەربەخۆیی ئەوەیە باوەڕیان وایە دەنگدان مولزەم نییە، هاوكات ناڕازین لە راگەیاندنی سەربەخۆیی یەكسەر دوای ریفراندۆم .
پۆدیمۆس و بەرەی چەپ(شیوعی-سەوز) داوای گۆڕینی دەستوریان كرد بەوەی بتوانن ریفراندۆم بكەن ، كە ئەمەش خەونە بەهۆی هەڵوێستی دوژمنانەی پارتە نیشتمانییە راستگەراو سۆسیال دیموكراتەكانەوە بە تایبەت نیو لیبراڵەكانی سیودانۆس لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و جیابونەوە.
هاوكات سەرجەم پارتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی ئەو گەلانەی خواستاری جیابونەوەو پێك هێنانی كۆماری سەربەخۆن و دەیانەوێت رزگاریان بێت لەو سستەمە سیاسییەی پاشایەتی ئیسپانی خولقاندویەتی بۆیان پشتیوانی لە پرۆسەكە دەكەن و بە وردی چاودێری دەكەن تا بە دوایدا هەنگاو بنێن.
كەتەلۆنییەكانیش لە لایەن پارتە ئیسپانی و ئەوروپیەكانەوە بەرەو روی رەخنە لە كات بونەوە گرترا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ، بە هۆی كێشەكانی تیرۆر لە جیهان و بەرز بونەوەی كێرڤی پارتە پۆپۆلیستەكان و قەیرانی ئابووری و حكومەتی كەمایەتی دەسەڵاتدار و ئەگەری هەڵبژاردنی سەرانسەری لە ئیسپانیا، وەلێ ئەوان مەبەست كەتەلۆنییەكانە كاتیان پێ درەنگە و 303 ساڵی ژێر دەستەیی دەیانەوێت كۆتایی پێ بهێنن.

سەرمایەدارانی كەتەلۆنی و سەربەخۆیی
بە پێی راپرسیەك كە رۆژنامەی بەناو بانگی بایسی ئیسپانی بڵاوی كردۆتەوە، 74%ی سەرمایەدارانی ئیسپانی ترسیان لە جیابونەوەی كەتەلۆنیا هەیەو پێیان وایە زیان بە ئابوری ئیسپانیا دەگەیەنێت، بە پێی هەمان راپرسی  تەنها 43%ی سەرمایەدارانی كەتەلۆنی لەگەڵ سەربەخۆیدان، بەهۆی بەرژەوەندییە ئابورییەكانیانەوە زۆرینە لە گەڵ مانەوەدا لە زیندانی ئیسپانیا.
كەتەلۆنیا هەرێمێكی پێشكەوتوو نزیك 20%ی ئابووری وڵات پێك دەهێنێت و ساڵانە 8 ملیۆن گەشتیار تەنها خۆی دەكات بە شاری بەرشەلۆنەداو 75 ملیار دۆلار قەرزیان هەیە .
بەرشەلۆنییەكان چاویان لەوەیە دوای سەربەخۆیی، وڵاتێك پێك بهێنن باجی كەم بسەپێنێت بەسەر كۆمپانیاكاندا وەك وڵاتانی چەشنی ئێرلەندا، بەمەش سەرنجیان رابكێشێت بۆخۆی.
فایناشنال تایمز لەسەر زاری سەرەك وەزیرانی كەتەلۆنیاوە نووسی راخۆی سەرەك وەزیرانی ئیسپانیا سەربەخۆیی ئابوری زیاتری داوە پێمان لە بەرامبەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم، كەتەلۆنیا پێنج یەكی ئابوری ئیسپانیا بەرهەم دەهێنێت، وەلێ تەنها 9،55 بودجەی وڵاتی پێ دەدرێت،ئیسپانیا دەزانێت پولی دۆمینەكە لە كەتەلۆنیا راناوەستێت و هەرێمەكانی دیكەشی بە دوادا دێت ، بەڵكانێكی دیكە لە باشوری ئەوروپا چاوەڕوانیان دەكات، بەڵكانی پارچە پارچە بوون نەك جینۆساید.
ئیسپانیا ئێستا 14ەمین هێزی ئابوری جیهان و چوارەمی ئەوروپایە ، ئەوكات پلەبەندییەكەی بۆ شانزە دادەبەزێت و بەرشەلۆنەش لە نێوان 42 ەمین و 43 یەمین ژمارە خۆی دەگرێتەوە، هاوكات لەناو یەكێتی ئەوروپاش لە روی نوێنەرایەتی و قەبارەوە دادەبەزێتە خوارەوە، سەنگ و هێزی جارن لە دەستە دات.

هەنگاوەكان بەرەو ریفراندۆم
حكومەت هەڕەشە لە هەموو بەرپرسان و كارمەند و كرێكارانی كەرتی گشتی دەكات ، بەشداری لە ریفراندۆم بكەن لە كارەكانیان دوور دەخرێنەوە، لای خۆشییەوە كەتەلۆنییەكان ریفراندۆمێكی یاسایی تەندروست ئەنجام دەدەن و بڕیار وایە لە پێش پایز یاسای ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە پەرلەمان پەسەند بكرێت ، بۆ ئەو مەبەستەش یاسای پەرلەمانیان بەشێوەیەك هەموار كردۆتەوە ، بە یەك خوێندنەوە یاساكە دەنگی لەسەر بدرێت ، ئەوان دەزانن دوای جیابونەوە چی دەكەن، بەرنامەی راگەیاندنی كۆماریان هەیە تەنها لە دوای دوومانگ لە ریفراندۆمەكە.
بۆ ئەوەی ناو ماڵ خۆیان رێكخەن و پێگە لەناوەوە بەهێز بكەن ،لە 14ی تەموز سێ وەزیریان لە كابینەی حكومەتی خۆ جێیی گۆڕی بۆ ئەوەی هێڵی سەربەخۆیی بەهێزبكەن، ئەوانەی دودڵن دوریان بخەنەوە،لە 17ی تەموزیش سەرۆكی پۆلیسی هەرێمەكەیان ناچار كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، چونكە پێیان وابوو دودڵە لە پشتیوانی ریفراندۆم، لە بری ئەو بیر سولەر كرا بە فەرماندەی پۆلیسی كەتەلۆنیا كەسێكی نەتەوەییە، فەرماندەی 17 هەزار پۆلیسی هەرێمەكە دەكات.

روداوە  خوێناویەكە و ریفراندۆم
حكومەتی ناوەندی دەیەوێت تەقینەوە خوێناوییەكەی كاتژمێر 5ی ئێوارەی 17ی ئابی بەرشەلۆنە كە 15 قوربانی و 126 برینداری لێكەوتەوە كە هاووڵاتی 30 وڵات بوون بقۆزێتەوە بۆ رێگرتن لە ریفراندۆم ، هەڵمەتی یەكگرتن بەرامبەر تیرۆری راگەیاند كە لە راستیدا هەڵمەتە بەرامبەر ریفرندۆم و سەربەخۆیی .
بڕیار وایە پادشای وڵات فلیپی شەشەم بەشداری رێپێوانی ناترسم لە بەرشەلۆنە بكات، كە ئەمە یەكەم جاریشە لە دوای گەڕانەوەی پاشایەتی بۆ عەرش لە ساڵی 1975ەوە بەشداری وایان هەبێت لە كەتەلۆنیا ، وەلێ پادشاو بەرپرسان ئەمجارە لە پێشەوەی رێپێوانەكە نین ، ئێرە بەرشەلۆنەیە دوا بەشداری پادشایەتییە لە چالاكییەكانی،خاوەند ماڵ نییە و لە ریزی پشتەوەیە ،سەرۆكی چەپگەرای شارەوانی بەرشەلۆنە رایگەیاند ، نوێنەری رێكخراوەكان، كۆمەڵەكان ئەوانەی گرنگیان بە روداوەكە دا، لە شۆفێری تەكسییەكانەوە بۆ دوكاندار و خاوەند چێشتخانەكان گوڵ فرۆشەكان لە پێشەوە دەرۆن.
رێپێوانەكە بۆنی كۆتایی تەمەنی پادشایەتی لێدێت لە كەتەلۆنیا ، كەتەلۆنییەكان نەترسانە وەك رێپێوانی ناترسین دوا بزمار لە نەعشی پادشایەتی دەدەن و بە سەرپەرشتی خەڵك بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن.


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە