نەوزادی موهەندیس

لە نێوان (بەڵێ‌) و (نەخێر) دا
كامیان بۆ ریفراندۆم؟

8/26/2017 10:24:00 AM

* لە ئێستادا،    2 مانگ‌و   چەند رۆژێك  تێپەڕ بوە بەسەر یەكەم كۆبونەوەی پارت و سەركردە سیاسیەكاندا لە 6/7/2017 دا كە تیایدا بڕیاری سازدانی ریفراندۆمیان راگەیاند لە 25/9/2017دا. ئیدی ئەو ماوەیە هێندەی باسی ریفرندۆم كراوە لەم هەرێمەدا باس لە هیچ بابەتێكی تر نەكراوە و بەهەق بۆتە بابەتی پلە یەكی گەرموگوڕی هەمو كۆڕ و گفتوگۆگان هەر لە شەقامەوە تا لوتكەی سەركردایەتی و دەسەڵات لەم هەرێمەدا.

* هەر لە سەرەتاشەوە بەداخەوە دوبەرەی دژ بە یەك دروستبون لەسەر ریفراندۆم و لەسەر وەڵامدانەوە بە ((بەڵێ‌)) و ((نەخێر)). ئیدی ئەم دوبەرەیی و جیابونەوە و دوركەوتنەوە لەیەكتریە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو سادەترین جومگە و ئۆرگان لەم كۆمەڵگایەدا و خێزان و تاكەكانیشی دابەشكردوە. كە لە بنچینەدا پێویست بو پرسی ریفراندۆم بۆ خۆی ببوایاتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ كۆكردنەوە و یەك ریزی و تەبایی و متمانە دروستكردن و كۆدەنگیەكی گشتگیری نیشتیمانی و نەتەوەیی. چونكە پڕۆسەكە بۆ خۆی پێویستی زۆر و گەورەی بە كۆدەنگی  و دەنگی تاك بەتاكی میللەتەكەمانە. ئەم دو بەرەییەش لە ئەنجامی 26 ساڵ حوكمڕانیی گەندەڵی و بێ‌ پلانی و قۆرخكاری و نا عەدالەتی و بێ ویژدانی دەسەڵاتدارانەوە هاتۆتە بون. كە بەشێك لە رەوایی و حەقیانەتی تیادایە.

* لە هەمان كاتدا لێكدانەوە و شیكردنەوەی ریفراندۆم و ئامانج و رونكردنەوەی مەبەست و تێڕوانینە جیاوازەكان لەسەری، ریفراندۆمی لە هەنگاو و هۆكارەوە كردە ئامانج و هەموان لە هەوڵداین بەرگێكی پیرۆز بكەینە بەر بەرواری 25/9 و ریفراندۆمیش  وەكو دوا ئامانج و كۆتایی دونیا و ژیان و خەباتیش لێیانبڕوانین.

* لە ئێستادا و دوای تێپەڕبونی ئەو دو مانگە و مانەوەی نزیكەی 40 رۆژ بۆ 25ی ئەیلول، نەك كاری زۆر جدی نەكراوە بۆ سەرخستن و زەمینەسازی گونجاو و شیاو و هەنگاو هەڵگرتنی بوێرانە لە ناوخۆ و ناوچەكە و دەرەوەشدا، بەڵكو لە ناوخۆدا بەرەیەكی فەرمی راگەیەنراوە بۆ كاركردن دژی سەرگرتنی ئەم پڕۆسەیە لە ژێر ناونیشانی ((نەخێر لە ئێستادا)). كە ئەم كارە بۆ خۆی بە مەبەست بێت یان بێمەبەست دەچێتە خانەی دژایەتی خەباتی چەندین ساڵەی گەلەكەمان كە هەمو خەون و ئامانجی بریتی بوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و دژی هەمو خەون و ئاواتە لە مێژینە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكانمانە. بەڵام ئەم بەرەیە لە پێكهاتە و رابەرانیدا بەرەیەكی لاواز و نە ناسراو و خاوەن مێژویەكی پرشنگداریش نین لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا. بۆیە بەرەی نەخێر لاواز و كەم و بچوكن لە بەرانبەر بەرەی بەڵێی زۆرینەدا.

* پرسیاری گرنگ ئەوەیە لە نێوان ((بەڵێ‌ و نەخێردا)) دا كامیان هەڵببژێرین بۆ ریفراندۆم؟ دور لە تێڕوانینی تەسكی حیزبی و دەسكەوت و بەرژەوەندی مادی و پلە و پۆست؟
گەر وەك تاكێكی كورد و خەمخۆر بۆ مەسەلەی كورد و كوردایەتی و ئایندەی میللەت و نەوەكانی داهاتومان بڕوانینە هەنگاوی ریفراندۆم كە ئامانجی سەرەكی بریتی بێت لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی. ئەوا دەبێت بە بێ‌ دو دڵی بڵێین ((بەڵێ‌)).
خۆ ئەگەریش بە چاویلكەی تەسكی حیزبایەتی و دەسكەوتی هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە و بەدەستهێنانی دەسكەوتی مادی و پلە و پۆستی حكومی و حیزبی، ئەوا دەبێت نەخێر هەڵببژێرین.
بەڵام لە راستیدا ریفراندۆم و سەربەخۆیی موڵكی هیچ سەركردە و حیزب و بنەماڵەیەك نیە، بەڵكو دروشم و ئامانجێكی دێرینی نەتەوە و نیشتیمانیە بە درێژایی 100 ساڵی رابوردوی خەباتی كوردایەتی لە هەر چوار بەشەكەی كوردستاندا، بەڵام سەركەوتن و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییش دەبێتە دەسكەوتێكی گەورە و گرنگی ئەو حیزب و سەركردەیەی كە پێشنیازی كردوە و كاری جدی بۆ دەكات و خەبات و خوێنی لە پێناودا دەدات و ناو و ناونیشانی لە مێژودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
بەڵام هەردو وشەی ((بەڵێ‌ و نەخێر)) یش، زەمان و زەمینە و داروپەردوی پێویستی خۆیان گەرەكە، چونكە گەر تەنها بە هەست و سۆز و حەماسەتی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە كاربكەین دور لە حساب كردنی هەلومەرج و فشار و كاریگەری و ئاڵنگاریەكانی دەوروبەر و ناوچەكە و دونیاش، ئەوا دەكەوینە هەڵەی گەورە و كارەساتی دڵتەزێنیشی لێدەكەوێتەوە.
وتنی ((بەڵێ‌)) باجی خۆی هەیە و نەخێریش بە هەمان شێوە. بەڵێ‌ روبەڕوی فشار و گەمارۆی ئابوری و سیاسی و سەربازیمان دەكاتەوە و روبەڕوی برسێتی و كوشتن و قاتوقڕیمان دەكاتەوە، روبەڕوی ململانێی توندی ناوخۆیی و ناوچەیمان دەكاتەوە.
((نەخێر))یش بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی بچوكبونەوەی زیاتری مەسەلەی كورد و سوك و چروكبونی لە ناوخۆ و ناوچەكە و جیهانیشدا، دەبێتە هۆی لێكترازانی زیاتری نێوماڵی كورد، دەبێتە هۆی چەسپاندنی داگیر و دابەشكردنی زیاتری كوردستان، دەبێتە هۆی زاڵبونی زیاتری دوژمنانی كورد و كوردستان.

* بەمشێوەیە گەرەكە زۆر بە وردی و جدیەوە كاربكرێت بۆ سەرخستنی ئەم ریفراندۆرمە ئەویش بە هەڵبژاردنی كات و ساتی گونجاو كە بریتیە لەوەی كە تەواو دڵنیابین لە((بەڵێ‌)) كانی ناوخۆ و ناوەچەكە و دۆستەكانمان لە زلهێزەكانی دونیا و متمانەی جەماوەرەكەشمان هەبێت، بۆ پشتگیری و مقاوەمەتكردنی ئایندە. بۆیە گەر لە وادەی 25 ئەیلولیشدا ئەم ریفراندۆمە چێنەكرا مانای كۆتایی كوردایەتی و ژیان و مانمان نیە، بەڵكو تەنها دواخستنێكی كاتیە بۆ كەشوهەواو دۆخێكی گونجاوتر كە سەركەوتنمان مسۆگەر تر بكات نەك وەك ئێستا دو دڵی و راڕاییمان تیادا بڵاوبكاتەوە و ترسمان هەبێت لەسەر خستن یان سەرنەگرتنی.

* لەكۆتایدا بەرەی ناوخۆی میللەتەكەمان لە هەمو كاتێكدا زۆر گرنگتر و كاریگەرترە لە بەرەی دەرەكی چونكە هەمیشە فاكتەری ناوخۆ سەرەكی و فاكتەری دەرەكیش لاوەكی بوە هەرچەندە بە هێز و كاریگەریش بێت. بۆیە بۆ مسۆگەركردنی زۆرینەی ((بەڵێ‌))ی میللەتەكەمان پێویستە كاربكرێت بۆ خۆشگوزەرانكردنی میللەت، چونكە ((نان و ئازادی)) بێ‌ یەكتر نابن و ئاشتەواییەكی راستەقینەی بە متمانە چێبكرێت و دواتر پێویستە ریفراندۆم سەرجەم ناوچە كوردنشینەكان بگرێتەوە و پڕۆسەكەش دەبێت بە رێكار و رچە یاسایەكاندا تێبپەڕێت و ئامانجەكەشی تەنها سەربەخۆی بێت، گەر بمانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆیی یاسایی دابمەزرێنین كە ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا وەك ئۆرگانێكی یاسایی نێودەوڵەتی باوەڕپێكراو.


ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە