سامان سنجاوی

گۆڕان نابێت یەکێتی جێبهێڵێت!

8/17/2017 9:16:00 PM

چونکە لەسەری ئەوسەر یەکێتی گۆڕانی جێنەهێشت، بەیەکەوە لە سێ ساڵی رابردوو هەتا ئەم بارەی ئێستا هاتن، گۆڕان نابێت بوەستێت یان بگەڕێتەوە سەری ئەوسەرو پێی وابێت دەبێ یەکێتیی بوەستێت یا لەسەری ئەوسەر لەگەڵیدا لێرەوە بگەڕێتەوە!
یەکێتی لەماوەی سێساڵی رابردووپێداگری لەسەر بڕواو ئەو پرۆژە یاسایانە کردوە کە فراکسیۆنی سەوز ئاراستە پەرلەمانی کردوە، پاشەکشەی لێنەکردوە، و بەردەوام بوە لە هەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پشتی بزوتنەوەی گۆڕانی لە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان، لە هاوبەشی حوکمڕانی سلێمانی، گەیشتن بە رێکەوتن، هەتا گەیشتن بە بێ مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەرنەداوە.
مانگێک و نۆ رۆژ وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم ماوە، کە جگە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، لەرووی نیشتیمانی و حوکمڕانیەوە بە پێویستی یاسایی دەبینن کە یاسا بۆ ریفراندۆم لە پەرلەمان دەربچێت، ئەم بە پێویست زانینە بۆتە فشارێکی یەجگار گەورە لەسەر پارتی، بۆیە پارتی بە پەنجە گەزینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەرمی دەکێشێت، تاگەیشتن بە بێمەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان و قسە لەسەر کردنی سیستەمی حوکمڕانی و پەرلەمانی..
کە ریفراندۆم پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت، دەبێ کارا بکرێتەوە، ناکرێت لەو ماوە کەمەی کاتی ریفراندۆم ماوە، پێداگر بین لەسەر چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی پەیوەست بە حوکمڕانی،چونکە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان نەک مانگێک و نۆ رۆژ بەڵکو چەند ساڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی بە قۆناغ چارەسەری کێشەکان و گۆڕانکاری لە سیستەمدا بکرێت، چاکسازی و گۆڕینی سیستەمیش، بە ڕەهای بە یەک حزب ناکرێت، ، چونکە هیچ حزبێک ٥٠+ ١ پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە، پێویستە سازان بکرێت، لە هەر سازانێکیشداا ناکرێت یەکیتی یان پارتی وەڵابندرێن و ئاوت بکرێن، ئەمە ئەمری واقعی کوردستانە، گۆڕینی ئەم ئەمری واقیعەش، پێویستی بە بەهێز بونی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان و رێکخراوە کانی کۆمەڵی مەدەنی هەیە، پێویستی بە تاک و خێزانێکی هۆشیارهەیە، پێویستی بە گەشەکردنی سیستەمی دیموکراسی هەیە، پێویستی بە کۆمەڵێکی مەدەنیخوازوسەقامگیری مەدەنیەت لە کوردستان هەیە..
بۆیە هەتا چەند کابینەیەکی تر حکومەتی تەوافقی بەردەوام دەبێت، دەبێ لەسەرەتادا هەوڵی حزبە دیموکراسیخوازەکان بۆ هاوسەنگی لەدەسەڵاتی حزبەکان بەپێی رێژەی بەدەستهاتوی پەرلەمان هەنگاوی بۆ بندرێت.
هەنگاوی یەکەمی ئەم قۆناغە، بەجێگەیاندنی ریفراندۆمە، ئەرکی یەکێتی و گۆڕانیشە، ئەم ریفراندۆمە، لە کەوانەی حزبیەوە بۆ هەموو هێزو لایەن و روناکبیر و رۆژنامەنوس و چین و توێژەکان و هاونیشتیمانیان واڵا بکەن؛ دەرفەت بۆ سیمینارو گوتوبێژ و چالاکی جەماوەری بهێنە کایە، کە ئەم دەرفەتەش هەنگاوی گەورە بۆ بناغەی سیستەمێکی نوێ لە ئێستاوە بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی هەرێم دادەڕێژێت.
لە ڕووی بیرو بڕواوە بۆ یەکێتی پێویست بووئەرک بوو لەماوەی سێ ساڵی رابردوو گۆڕان جێنەهێڵیت، بەم ئاستەش بۆ گۆڕان پێویستە یەکێتی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان جێنەهێڵێت، چونکە هەر دەبێت بەر لە ریفراندۆم پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەگەریش پەرلەمان بێ گۆڕان کارا کرایەوە ئەوە گۆڕان هۆکاری جێهێشتنی یەکێتی دەبێت!
گرنگە یەکێتی و گۆڕان دەستلەناودەست بەیەکەوە لە پەرلەمانێکی کارادابن، چەند گرنگە بۆ یەکێتی دەست لەناودەستی گۆڕان لەناو پەرلەمان دابێت، بەم ئاستەش گرنگە پەرلەمان لەم قۆناغەدا بە گۆڕان و بێ گۆڕان کارا بکرێتەوە!


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە