بارزان شێخ عوسمان

ئیسلامییەکان مەرامیانە پایتەختی رۆشنبیریی بکەنە دەسپێکی غەزوی بە ئیسلام کردنی کۆمەڵ

8/6/2017 8:53:00 AM

 ڕۆژی شەممە ٥ی ئۆگەست تۆڕەکانی ژنانی سێ تاقمی ئیسلامیی لە کۆبونەوەیەکدا چەندین بڕیار و راسپاردەیان گەڵاڵە کرد.سەرپەرشتیاری کۆبونەوەکە بە راگەیاندنەکانی وت کە "ئامانجیان پاراستنی بەها باڵاکانی کۆمەڵ و بەگژاچونەوەی ئەو بەدرەوشتیەیە کە کۆمەڵی گرتۆتەوە "،ئەو زیاتری وت کە "بڕیاریان داوە (بەڵێ بڕیاریان داوە )،وزەو تواناکانیان یەک بخەن لە بواری پەروەردەدا کاری هاوبەش بکەن و نەهێڵن ئەو نەخشە و پلانانەی دوژمنان هەیانە سەربگرێت ". لەوەش زیاتر سنوری بەزاند کە ئەمەیان زۆر مەترسیدارە و وتی"بەدانانی نەخشەو رێگەیەکی پتەو لە بواری پەروەردە ئەو پلانانەی دوژمنان لەناو دەبەن ".ژنە ئەرشەدەکەی تاقمە ئیسلامییەکان وای باسکرد کە گوایە "ئەو رێکخراوانەی ئەیانەوێت ئەدەبی کۆمەڵ بەلارێدا ببەن هیچ قانونێک رێگەیان نادات ئەو تەراتێنە لە هەرێمی کوردستاندا بکەن ". بێ هیچ سڵەمینەوەیەک هەڕەشەی نەهێشتن و داخستنی لەو رێکخراوە (شەرمن و سنوردار کراوانەش کرد کە بەهەزار حاڵێک ئەوێرن پەردە و کۆت و بەندی ئایین بشکێنن ) و وتی "داوا ئەکەین ئەو رێکخراوە وەهمیانە نەمێنن". ئەم هەڕەشە و دەست راوەشاندنەی ئەم سەرەژنەی ئیرهابی ئیسلامیی لە ژیانی مەدەنیی و و هەوڵدان بۆ کۆیلە کردنەوەی ژنان بە نەریتە بەسەرچوەکان ،تازە نییە و ئەوان زۆر لە مێژە کاری خۆیان کردوە ، بەڵام ئەوەی جێی داخە کە لە شاری سلێمانیەوە ئەو خۆ گیڤکردنەوانە سەرهەڵ ئەدەن و بە بیانوی فەزای ئازدییەوە بۆیان ئەچێتە سەر و هەمیشە بەسەرماندا تێپەڕ ئەبێت کەس قسەی لەسەر ناکات بە بیانوی ئەوەی مەسەلەیەکی ئاینییە . دیارە ئەمەش بۆ ئیرهابی ئیسلامی لەبار بوە ، بۆیە لە هەمو بۆنە و کۆبونەوەیەکدا قسە ئەکەن خۆیان زاڵ ئەکەن و ئەبنە خاوەنی مایک (وەک چۆن لە ۱۷ شوباتی سلێمانیدا ئەوان بونە وەحشی شاشە و رۆژانی هەینیشیان ئەکردە رۆژی خۆیان) . قسەکانی ئەو خوشکە موسڵمانە زۆر هەڵئەگرێت لەسەری بدوێین و هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت ، بەڵام تەنیا لەسەر چەند خاڵێک ئەوەستم کە ئەو لە هەڕەشەکانیدا ئاماژەی بۆ کردوە .ئەوان کە قسە لەسەر بەدرەوشتیی ئەکەن ئەمسەری بگریت و ئەوسەری بگریت ئازادیی ژنانە کە لە کۆت و بەند کردنی بە جل و بەرگی سعودیی و قەتەریی و ئەردۆگانییەوە دەست پێ ئەکەن ،دواتریش بۆ کۆت و بەند کردنەکانی تر کە شەریعەتە دواکەوتوە شۆڤێنیی و عروبییەکەیان دیاریی کردوە ،ئەوان کە باسی بەدرەوشتیی ناو کۆمەڵ ئەکەن سەر روت کردن و جل و بەرگی تەنک و کورتی هاوینەی کچان و ژنانیان مەبەستە، چونکە رامکردنی ژنان لە و هەنگاوە دەست پێ ئەکات ،کەچی لەراستیدا بەدرەوشتیی ئەوەیە پیاو بە ئاشکرا لەیەک کاتدا چوار ژن یا زیاتری هەبێت ،کچی ناکامڵی ۱٦ ساڵان بە فەرمانی بەخێوکەرەکەی لە دادگا بدرێت بەشو ،بەدرەوشتیی ئەوەیە ئاینەکەی ئەو خوشکە ئیسلامییە لە میراتگرییدا بە رەوای نازانێت مافی ژن وەک پیاو یەکسان بێت (وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أزواجكُمْ) ، زۆر شتی تریش کە نامەوێت سەری خوێنەران بیەشێنم .خاڵێکی تر کە ئەرکی سەر شانی هەموانە هەڵوەستەی لەسەر بکەن ئەو بێ منەتییەی ئەم نوێنەرەی ئیرهابی ئیسلامییە کە ئەڵێت "بە دانانی نەخشە لە بواری پەروەردەدا پیلانی دوژمنان لەناوئەبەین".بەو مانایایەی ئەمانە دەستکراوەن لە وەی دەستوەربدەنە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنەوە تا پرۆسەی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵ یان بۆ سەربگرێت . لەراستیدا ئەم تاقمانە لە سەردەمی گرانیی و نەبونییەکەی ساڵانی نەوەد و کەمتەرخەمیی کۆمەڵ و دەسەڵات لە چەند ساڵی رابردودا فرسەتیان قۆستەوە و پەروەردەیان قۆرخکردوە و لە ناوەندەکانی خوێندن لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی هەڵکشێ بۆ دواناوەندیی و پیشەیی و پەیمانگا تا زانکۆکان پێگەیەکی باشیان بۆ خۆیان داگیر کردوە و سەرلەبەری ئەو مەرامانەیان بۆ چوەتە سەر کە زۆر لە مێژە پیلانی بۆ دائەڕێژن ،ئەوەتا حیجابیان کردۆتە نەریت لە ناوەندەکانی خوێندندا هەر لە پۆلی یەکەمەوە تا کۆتایی قۆناغەکان ، تەنانەت ئەو قوتابی و خوێندکار و مامۆستایانەش موحەجەبەن کە سەر بە ئیرهابی ئیسلامیی نین ،نەک هەر ئەوە بەڵکو لەو ناوەندانەدا خورافاتی ئاینیی زۆر زاڵە تەنانەت مناڵانی باخچەی مناڵان و سەرەتاییش بەو گیانی ئاینییە وەبار ئەهێنرێن ،ئەوەلە کەرتەکانی تری وەک تەندروستیی هەر باس مەکە پەرستاری نیقاب بورقەعدار و پزیشکی ترسناکی بیچم جانەوەر سیمای ئەو ناوەندەیان دزێو کردوە .ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان وێنەی مامۆستا و قوتابیی وخوێندکارانی قوتابخانە و خوێندنگاکانی ساڵانی چل وپەنجا و شەست وحەفتا و هەشتا و نیوەی نەوەدی سەدەی رابردو و ئەوانەی ئێستا هەست بە جیاوازییەکی زۆر ئەکەین ،لەوانەی رابردودا بە هیچ جۆرێک دیاردەی حیجاب و بە ئیسلامکردنی کۆمەڵ بەدی ناکرێت ،کەچی ئەوانەی ئێستا هەر هەموی ئەڵێی لە سعودیی و قەتەرن، سەرپەرشتیاری کۆبونەوەی ناوبراو ئەو سەردەمانەی پێشو کە ئەو وێنانەی تیادا گیراوە بە بەدرەوشتیی ئەزانێت ئەوانەی ئێستاش بە پاراستنی بەهای باڵا ئەزانێت . ئەو هەڕەشەیەش لەوێ بوەستێت کە ئەو خوشکە ئیسلامییە لەو رێکخراوانەی کردوە بە نەهێشتن و تەفرو تونا کردنیان هەقە ئەوان خۆیان لە ئاست ئەم زیاد رەوییەی ئەم سەرە ژنە بێ دەنگ نەبن .ئەبێت کۆمەڵیش چیتر لە ئاست ئەم پێشێلکارییەی ئەم تاقمانە دەستە وەسان نەبێت بە تایبەتی لە سلێمانی کە هەم ناوەندێکی پێشکەوتو بوە هەم پایتەختی رۆشنبیریی یە کە رۆشنبیریی و ئایین زۆر دورن لە یەکترەوە ،ئاین مەسەلەیەکە تایبەتە بە مرۆڤ خۆی و لە ناخی خۆی یان لە ماڵەکەی خۆی یاخود لە پەرستگا پیادەی ئەکات ،بەڵام رۆشنبیریی ژیانی گشتیی خەڵکە و پەیوەستە بە پێشکەوتن و شارستانیی و مەدەنیی بونی کۆمەڵ کە ئایین بۆی نییە دەخالەتی بکات و خۆی بەسەردا بسەپێنێت .


ڕەخنەی چاودێر

فڕین لە ڕێی سینەماوە

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە