بارزان شێخ عوسمان‌

ئەردۆگان خۆی دەرخست

7/17/2017 9:26:00 AM

سایین  ئەردۆگان  روی راستەقینەی  كلتورە ئاینییەكەی ئاشكراكرد
رۆژانی 15  و 16 ی   یۆلیۆ  لە یادكردنەوەی كودەتا سەرنەكەوتوە تەم‌و  مژاوییەكەی ساڵی رابردوی توركیا دا، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیای (ئیسلامیی)  لە دو بۆنەی جیادا لە ئەستەنبوڵ     زۆر شتی دا بە گوێی گەلی توركیا‌و   ئەوروپا‌و  جیهانیش، كە هەموی  هەڕەشە‌و   بۆنی گەڕاندنەوەی توركیای لێ دەهات بۆ سەدەكانی ناوەڕاست‌و  دوركەوتنەوە لە دیموكراسیی  بەهەدەردانی هەوڵی نیوسەدەی توركیا بەرەو  بە ئەوروپایی بون‌و  تێكەڵ بون بە خێزان‌و  كلتوری ئەوروپا.
دوا   وتەیشی ئەوەبو، كە وتی: "گوێ لە هانز‌و  جۆرج ناگرین، گوێ لە عائشە‌و  ئەحمەد ئەگرین". مەبەستی لەو دەستەواژەیە  ئەوەیە لە ئەوروپا دور ئەكەوێتەوە‌و  لەو دەوڵەت‌و  وڵاتانە نزیك ئەبێتەوە كە پشت ئەبەستن بە تۆقاندن‌و  خۆسەپاندن‌و   گەڕاندنەوە بۆ دواكەوتویی  پاشكەوتن، مەبەستی ئەوەیە تا راوێژ كردن‌و   گوێگرتن لە  سەرە زلەكانی ئیخوان موسلمین وەستا بێت  پێویستی بە راوێژو ئامۆژگاریی سەركردەكانی جیهانی شارستنیی نییە. ئاخر راوێژو ئامۆژگاریی  دوەمیان بە دەردی سایین ئەردۆگان‌و  حزبەكەیان ناخوات، ئەوان ئامۆژگاریی كرانەوەو  شارستانیی بون‌و   بە مەدەنیكردنی كۆمەڵی توركیای  ئەكەن  كە پێچەوانەی كلتوری ئاینیی ئەردۆگانە، بەڵام ئیخوانەكان ئامۆژگاریی ئەوەی ئەكەن  پشتیوانیی تێرۆر بكات‌و   لافی نەتەوە پەرستیی  زیاتر لێ بدات‌و   توركیا بگەڕێنێتەوە بۆ  دواوە. لە بەشێكی تری قسە دورو درێژەكانیدا ئەردۆگان  لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ زیندوكردنەوەی حوكمی ئیعدام  هەڕەشەی لە نەیارەكانی كردو بە خایین ناوی بردن‌و،   وتی: "ملی ئەو خایینانە  ئەپەڕێنین". ئەم دەستەواژەیە  سەرباری مەترسییەكەی‌و  نەگوجاندنی لەگەڵ پێودانگەكان بۆ وەرگرتنی توركیا لە خێزانی ئەوروپایی  سەرباری ئەوەی جیهانی شارستانیی‌و  ئازادی بێزار كردوە، ئەوەش ئاشكرا ئەكات كە ساین ئەردۆگان روە راستەقینەكەی كلتورە ئاینییەكەی  ئاشكراكردوەو ئیدی لەوە زیاتر خۆی پێ نەگیراوەو  نەتوانیوە لەوە زیاتر درۆ لەگەڵ خۆی‌و  جیهانیشدا بكات كە ئەو كلتورە ئاینییە لە هەر بەرگێكدا خۆی حەشار بدات  ناتوانێت لەگەڵ گەشەكردن‌و  گۆڕانەكانی كۆمەڵی مرۆڤایەتیدا بگونجێت،  چونكە یەك مەرامی  هەیە ئەویش  بە زۆر‌و  خۆ سەپاندنی رێڕەو و ئایدیاكەیەتی   جا بە مل پەڕاندن یان بە رتوش كردن‌و  ماكیاژ كردن بێت،  بە مانایەكی تر بە داعشی بێت یان بەفرت‌و فێڵی میانڕەویی،  ئەم كلتورە دروشمەكەی  شمشێرو مل  پەڕاندنە،  ئەوەتا ئاڵای سەردەمی دەستپێكردنی گێژەڵوكەی  داگیركاریی كە لە نەجدو حیجازەوە هەڵیكرد  شمشێری لەسەر نەخشێنرابو، عەرەبستانی سعودییش  وەك میراتگری ئەو كلتورە بێ هیچ سڵەمینەوەیەك  شمشێرەكەی ئەو سەردەمەی  لەسەر ئاڵاكەی داناوەو شانازیشی پێوە ئەكات.
ساین ئەردۆگان زۆر راستگۆیانە قسەی كرد، چونكە لە چەندین دەقی كلتورە ئاینییەكەیدا ئاماژە كراوە بۆ مل پەڕاندنی نەیارەكانی ئەو  كلتورەی كە  مێژوە هەزار‌و  ئەوەندە سەد ساڵەكەی    پڕە لە مل پەڕاندن‌و  كوشتاری بەكۆمەڵ لەبەر هیچ نا هەر لەبەر ئەوەی قوربانییەكان ئامادە نین رێساو قانونەكانی ئەو كلتورە پەسەند بكەن یان پەیڕەوی بكەن.
بەڵێ سایین ئەردۆگان ناخی خۆی‌و  كلتورەكەی كە تێرۆرو كوشتنی لێ ئەبارێت ئاشكراكرد،  ئیدی پێویست بە خۆ ماندوكردن ناكات‌و   ئەردۆگان بە فرتوفێڵی میانڕەویی گەیشت بە مەرامەكانی حزبەكەی‌و   ئێستا كاتی ئەوەیە بگەڕێتەوە سەر ئەسڵەكەی خۆی  كە حوكمی شمشێرو مل پەڕاندنە وەك چۆن خۆی بە ئاشكرا دوپاتیكردەوە.  بەمەش دەریخست كە ئیرهابی ئیسلامیی لە هەر پێستێكدا خۆ بشارێتەوە  هەر دەبێت دەمامك‌و  پێستە درۆینەكانی عەدالەت‌و  پەرەپێدان‌و  مافەكانی مرۆڤ  داماڵێت   بەمجۆرە   (و عادت حليمة الي عادتها القديمة).


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە