چاوان ئاراس

پێش ریفراندۆم

7/16/2017 7:21:00 AM

گومانی تێدا نییە كە ریفراندۆم پرسێكی گرنگی چارەنوسسازە و ئەگەر بمانەوێ‌ هێز و دەسەڵاتی یەكلاكەرەوەی سەرجەم ئەو گرفتانەی هەیە كە دەخرێنە نێو چوارچێوەی پرسەكەوەو دەتوانێت هێزی بڕیاردانمان پێ‌ ببەخشێت، لە توانایدا هەیە بمانگەیەنێتە كۆتا بڕیار، گومانیشی تێدا نییە كە گەلی كورد ئەمە یەكەم ریفراندۆمی نییە، هەر لە سەردەمی ویلایەتی موسڵەوە تا ئێستا راپرسی زۆر كراون لە پێناو یەكلاكردنەوەی هەندێ‌ پرسی گرنگ، بەڵام لە دوای ئەنجامدانیان شكستیان خواردوە و بێ‌ ئەنجام بون ‌و نەیانتوانیوە هەڵگری خەسڵەتەكانی ئەم پرسە بن ‌و سەرجەم بەهاكانی پرسەكە لەناوچون.
لە ئێستادا و لە رابوردوشدا كورد هەوڵی بون بە دەوڵەتی داوە، یان سەربەخۆیی بونی كوردستان خەونی زۆرینەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوە، هەربۆیە هەمو شێوازە خەباتەكانی گرتونەتەبەر و قوربانی زۆری بۆداون، سەرجەم شۆڕش ‌و خەباتی جەماوەر و رێكخراوەییەكانی هەمیشە لە هەڵكشان ‌و داكشاندا بون ‌و دەرئەنجمەكانی هیچ لەبەرژەوەندی ئەم پرسەدا نەبون، من خۆم ریفراندۆم بە شێوازێكی خەباتی جەماوەری زۆر گرنگ دەزانم، بەڵام هەندێ‌ پرسیاری زۆر گرنگ لای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دروست دەبن پێویستە وەڵامەكانیان تەمومژاوی نەبن ‌و رون ‌و ئاشكرا بن، یەكەمیان بۆچی ریفراندۆمەكانی پێشوتر و كۆكردنەوەی واژۆكان بێ‌ ئەنجام بون؟ ئایا پرسێكی خاوەن ئیرادە و بڕیار، پرسێك بەم ئەندازە گرنگ.. پێویستی بەگرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت نییە؟
ئایا لەم كەشە قەیراناویی ‌و لەم قۆناغە هەستیارەی دوای شەڕی داعش ‌و لەم هاوكێشە نالەبارانەی دەوڵەتانی ناوچەیی ‌و تەنانەت جیهانیش دا، ریفراندۆم بۆ...؟ ئایا مەبەست لە ریفراندۆم گەیشتنمان نییە بە كۆتا بڕیار و گەیشتنمان نیە بە ئیرادەو هێزو دەسەڵات‌و خاوەندارێتیكردنی خاك ‌و ئاو و نیشتمانمان؟ ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دروستكردن ‌و گەیاندنی دەوڵەتێكی نیشتمانی دیموكراسی نییە..؟ ئەی كەوابو بۆچی وەكو باس ئەكەن دەگوترێ‌ مەرج نییە ریفراندۆم بۆ راگەیاندنی دەوڵەت بێت، یان دەگوترێ‌ ئێمە دوای ریفراندۆم نەرمی ئەنوێنین! سەیرە نەرمی نواندن ‌و رەخساندنی كەش ‌و هەوای لەبار بۆ پرسێكی وەها چارەنوسساز دەكرێت لە كات ‌و ساتی خۆیدا بێت، كات ‌و ساتی خۆیشی پێش ریفراندۆم، بۆیە پێویستە كورد یەكدەنگ بكرێـت ‌و نێو ماڵی رێكبخرێت، پێش هەمو شتێك ئینجا گەورەترین دامەزراوەی یاسایی كە پەرلەمانە كارا بكرێتەوە، ئەگەر نەرمیش ئەنوێنن ‌و دانوستان ئەكەن ئەوا باشتروایە گەورە دیبلۆماسەكانمان بە زمانێكی زۆر رۆشنبیرییانەی سیاسی پرسەكە تاوتوێ‌ بكەن ‌و زەمینەسازی بۆ بكەن، ئەمە سەرەڕای پێویستی ئەم پرسە بەرۆڵی رۆشنبیران.
 ئەوەی كە ئێستا لەئارادایە غیابی رۆشنبیران ‌و خراپی رەوشی ریفراندۆم ‌و مەترسیدارترین قۆناغە بۆ ریفراندۆم، پرسیار ئەوەیە ئایا تاوتوێی ئەم دەرئەنجامانە كراون؟
ئایا هاوكێشە نێودەوڵەتی ‌و ناوچەییەكان قۆناغەكە مەترسیدارتر ناكەن؟
ئایا بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەكان كێ‌ ئەیگرێتە ئەستۆ؟
كەواتە ئێمە ئامادەكارییمان بۆ ریفراندۆم نەكردوە تاكی كورد هێشتا وڵات بەجێ‌ ئەهێڵێ‌ ‌و كۆچ بەردەوامە، پێشمەرگە پێداویستیەكانی دابین نەكراون ‌و كۆمەڵگا لە رەوشێكی مادی ‌و مەعنەوی مەترسیداردایە، ئەنجامی ریفراندۆمەكانی پێشوتر دیار نین ‌و ونن، سەرەڕای ئەمەش دەوترێ‌ كە گوایە دوای ریفراندۆم نەرمی ئەنوێنین.. كەواتە دەوڵەت دروست نەبێت؟ یان سەربەخۆ نەبین...؟ ئەی هاوكێشە سیاسیەكانی نەیارانمان یەكسان ئەبن بەچی؟ بۆیە پێویستە زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بكرێت ‌و ئامادەسازی بۆ بكرێت.


ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە