هێژا دڵشاد

ئازادبونت نزیكە سەلۆ باشقان

7/15/2017 9:01:00 AM





لەپاش هەشت مانگ بەسەر دەستگیركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، رۆژی هەینی رابردوو، یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنی دەستیپێكرد، وابڕیار بوو دەمیرتاش ببرێتە دادگا، بەڵام ئەو رەتیكردەوە كەلەپچە لەدەستی بكرێت، بۆیە دەمیرتاش نەبرایە هۆڵی دادگایكردنەكەوەو لەلایەن پۆلیسەوە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئەدرنە و دادگایی كردنەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بەپێی سەرچاوەی هەوڵەكانی میدیاكانی توركیا بێت، لەپاش ئەو هەڵوێستەی دەمیرتاش، سەرۆكی دادگا بڕیاری داوە دەستەیەك لە پارێزەران و شارەزایان پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینەوەو تێهەڵچونەوەی دۆسیەكەی دەمیرتاش، جێی ئاماژەیە لەپاش كۆتایی هاتنی دوا پڕۆسەی ئاشتی لە حوزەیرانی 2015، شەڕێكی قورس بەرۆكی باكووری كوردستانی گرتەوە، سەرەتا لەناو شارەكان و پاشان لە چیاكان شەڕ لەنێوان پەكەكە و توركیا درێژەی هەیە. هاوكات توركیا ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی چڕتر كردەوە بەوەی ئەمجارەیان بەتەنها لەچوارچێوەی دەستگیركردنی لایەنگران نەبووە، بەڵكو بەندكردنی 13 پارلەمانتاری هەدەپەی لێكەوتۆتەوە. ئەمەش زیانێكی زۆری بە پڕۆسەی سیاسی بۆ كورد هەبووە.
هەرچەندە هاتنی دەمیرتاش بۆ سەر شانۆی سیاسی لە باكوور شتێكی نوێ‌ نییە، بەڵام كەسایەتی وەك دەمیرتاش وەك كاریزمایەك لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا لە ئابی 2014 دەركەوت، كە توانی لە مەیدانەكان گوتاری خۆی بەگشت گەلانی توركیا بەباشی بگەیەنێت و بۆ یەكەمجاریش بوو لەهەڵبژاردنی پارلەمانی 2015، توانی رێژەی دەنگەكانی پارتەكەی بگەیەنێتە 13%.
لەئێستا جێگرەوەی دەمیرتاش لەناو هەدەپە بەمانای كاریزمایەك نابینرێت، بۆ نمونە هەدەپە لە كەمپینی "نەخێر" بۆ ریفراندۆمەكەی 16 ی نیسانی 2017، زۆر لاواز بوو، ئەمەش ریسكێكی گەورەی لەسەر ئەو پارتە دروستكردووە بەوەی لەساڵی ئایندە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. ئەمەش بەقەد هەڵبژاردنی پارلەمانی بۆ توركیا گرنگ و بۆ كورد چارەنوسسازە، لەبەرئەوەی كورد لەباكوور لەڕێگەی ئەو شارەوانییانەی بەدەستی دەهێنێت، وەك بەڕێوەبەرێتی خۆسەری دەبینن، ئەو مۆدێلەی لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەرحی دەكەن بۆ چارەسەری پرسی كورد، واتە شارەوانییەكان دەرفەتی رەخساندووە كورد لەهەرێمە كوردییەكاندا تاڕادەیەك ئیدارەی خۆی بكات، بۆیە ئازادكردنی دەمیرتاش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێگەی سیاسی و تەنانەت دەستكەوتەكانی كورد لەباكوور هەیە.
توركیا مێژویەكی دێرینی لە دەستگیركردنی سیاسەتكاران و نوسەرانی وڵاتەكەی هەیە. لێرەدا كورد زۆرترین پشكی بەركەوتووەو تا ئەمڕۆكە قوربانی زۆری داوە.
سیاسەتكارانی باكوور، هەمیشە نادادپەروەرانە و نالۆژیكانە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و بەندكراون. دەستگیركردنی دەمیرتاش، بەواتای دەستگیركردنی ئیرادەی شەش ملیۆن دەنگدەری گەلی كوردە لە باكووری كوردستان، رژێمی توركیا چەند بەزەبر بێت، ناتوانێت ئەو ئیرادەیە لەناو ببات، مێژوو وای سەلماندووە، زیندانیكرنی ئەوان دەبنە فیگورێك و باڵانسی كاریزمای ئەوان زیاتر دەكات، زیاتر هەست و سۆزی كورد بۆ ئەوان رادەكێشێت. لەیلا زاناكان، شەرافەددین ئالچییەكان، گولتەنەكان، ئەحمەد توركەكان و دەیانیتر بەڕێگەی زینداندا تێپەڕبوون.
ئەم خۆڕاگرییە و بەرپەرچدانەوەیەی دەمیرتاش، ئەوپەڕی سەربەرزییە لەدژی ئەو دەسەڵاتەی كە لە شكۆی سیاسەتكارێكی ئاشتیخواز دەدات. بێشك ئەم بەرپەچدانەوەیە و سەربەرزییەی سەلۆ باشقان، ئازادكردنی بەدوادوە دێت. تەنها كەمێك سەبر. ئازادكردنی دەمیرتاش و پارلەمانتارەكانی هەدەپە شتێكی حەتمی نییە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی ئایندە زۆر گرنگ دەبێت و كاریزمای دەمیرتاش لە مەیدانەكان دەنگێكی زۆری بۆ هەدەپە دەبێت.
توركیا بەو دەستورە مل ئەستورە بە پرەنسیبەكانی كەمالیزم و زەحمەتە بتوانێ‌ هەنگاوەكانی بۆ رەوتی دیموكراتی بنێت، ئاشتی لە توركیا بەندە بە چارەسەری پرسی كورد، توركیاش لەئێستادا ئامادەگی ئەوەی تیا نییە، چونكە فاكتۆری رۆژئاوای كوردستان هەیە كە هۆكارێكی سەرەكییە كە توركیا دژایەتییكردنی بۆ ئەو دوو بەشە هەبێـ ت وەك دوو پرسی گرێدراوی یەكترم ناوی دەبەم.  

رێپێوانەكەی جەهەپە
كەمال كڵچدارئۆغڵو سەرۆكی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە)، لە رۆژی 15ی حوزەیرانی 2017 لە ئەنقەرەوە بانگەوازی رێپێوانی ''دادپەروەری'' كرد و بڕیاریدا تاوەكو گرتووخانەی ماڵتەپەی ئیستەنبوڵ بەپێ رێبكات، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر سزای زیندانی بەسەر پەرلەمانتارێكی پارتەكەی، رێپێوانەكەی پتر لە 3 هەفتەیە بەردەواممی هەبوو تا گەیشتنە ئەستەمبوڵ. 
كڵچدارئۆغڵو، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حكومەتی ئك پارتی زیانێكی گەورەی بەدیموكراسییەتی توركیا داوە و داوای گەڕانەوەی دادپەروەریی دەكەین!

لە توركیا هیچ كات و سەردەمێك، دادگا سەبەخۆ نەبووەو دادپەروەریش بونی نەبووە. جەهەپە مێژوویەكی دێرینی لە سیاسەتی ئەو وڵاتە هەیە، تۆمارێكی خراپی دەربارەی بەڕێوەبردنی وڵات و دیموكراسی و هاوكات لەسەر پرسی كوردیش هەبووە. بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی كۆماری توركیاوە. 
لەم ساڵانەی دوایشدا جەهەپە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی پاسڤ و لاواز دەركەوتووە لەهەمبەر رووداوەكانی ناوخۆی توركیا، بەتایبەت لەپاش 2012 هاتنی كەمال كڵچدارئۆغڵو وەك سەرۆكی پارتەكە. جەهەپە پاسەوانی كەمالیزم و پرەنسیبەكانی مستەفا كەمال ئەتا تورك بووە، هەرچەندە ئەو پارتە وەك سۆشیال تینتەرناشناڵ خۆی دەناسێنێت، بەڵام لەناو پارتەكەشدا بەرەی كەمالیزم و چەپەكانیش دوو رووی دراوێكی كامالیزم-ن، كە لە مێژووی توركیا تۆمارێكی خراپیان دەربارەی مافی مرۆڤ و دیموكراسییەت هەیە. 
سەبارەت بەدیموكراسییەكەی كڵچدارئۆغڵو و تێڕوانینیشی بۆ پرسی كورد دەمەوێت ئاماژە بە یادەوەرییەكی مام جەلال بكەم لەگەڵ كڵچدارئۆغڵو، لە كۆبونەوەیەكی سۆشیال ئینتەرناشناڵ، مام جەلال دەیەوێت تێڕوانینی كڵچدارئۆغڵو وەك كوردێكی عەلەوی دەربارەی پرسی كورد بزانێت، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "پرسی كورد، پرسێكی ئەمنییە و بریتییە لە بوژانەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی توركیا و كێشەیەكی ئابورییە!".
مام جەلالیش دەڵێت "چۆن پرسی كورد بونی نییە، ئەوەتا تۆ بەڕەچەڵەك كوردیت و داكۆكی لە پێناسی خۆت ناكەیت!".

* لەتوركیا سەلۆ كورتكراوەی ناوی سەڵاحەدینە، باشقان بەكوردی بەمانای سەرۆك دێت. ئەم نازناوە لەلایەن كوردەكانەوە وەك هاوسۆزییەك بۆ دەمیرتاش بەكاردەهێنرێن.



ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە