بزنسمانە عێراقییەكە

12/08/2017

بزنسمانە عێراقییەكە
مەحموود نەجمەدین


ئێوارەیەكی ساڵی 1986 گەڕوگول، هیلاكی و برسێتی سەری لێ شێواندووە، بە شەكەتییەوە خۆی كردووە بە باڵەخانەی دەزگای سیخوڕیی عێراقیدا، بۆ نەگبەتی لەو كاتەدا بەڕێوبەری دەزگا لە ژوورەكەی خۆی هاتووەتە دەرێ، لە سەر ڕۆیشتنەوە بووە، كاتێ گەڕوگولی لە بەردەم ژوورەكەیدا بینیوە لە توڕەییدا چاوی سوور بووە، پڕ بە باڵەخانەكە شیڕاندوویەتی، هەرچی فەرمانبەر و ئەفسەر و پاسەوانەكانی دەزگا بوو لە شیڕە شیڕی بەرپرسەكەیان ڕاچڵەكیون و هەموو بەرەو لای ژووری بەڕێوبەر ڕایانكردووە. گەڕوگول زەندەقی چووە، هەستی كردووە ئەم شوێنە لە شوێنەكانی دیكە ناچێ، جیاواز و مەترسیدارە، دەربازبوونی زۆر ئەستەمە. سێ‌ لە پاسەوانەكان گەڕوگولیان بەرەو زیندان برد و بەڕێوبەریش بە یاوەری پاسەوانەكانی بەرەو ماڵەوە ڕۆیشت.
 پیاوانی دەزگای سیخوڕی ئەوەندەیان كێبڵ لە سەر پشت و ژێر ورگی دابوو بیست جاران بێهۆش بووە و سەهۆڵاویان پێدا كردووە و هۆشی هاتووەتەوە، جەللادی كەڵەگەت بە فەرمانی بەڕێوبەر لە سەر یەك و بێ پشوودان بە كێبڵ لێی دەدا و دەیگوت " گەواد بۆ نازانین تۆ سیخوڕی ئێرانی و هاتووی تا زانیاری بۆ ئاغای ئێرانی ببەیتەوە. قسە بكە سەگباب، كەری دێز، بە خوا ڕۆحت دەكێشم، ڕاست بڕۆ چۆن هاتووی؟ چۆن گەیشتیتە ژوورێ؟ ئاخر ئەو كەرانەی بەر دەرگا دیارە نووستوون دەنا تۆ چۆن دەتوانی وا بە ئاسانی بێیتە ژوورێ؟!. یان لەگەڵ پاسەوانەكاندا ڕێكکەوتووی؟. قسە بكە لەگەڵ كام لە پاسەوانەكانی بەر دەرگا ڕێكکەوتووی؟ بەرتیلت بەكامیان داوە؟.." جەللادی مەچەك ئەستوور بە هەموو هێزی خۆی قامچی لە ژێر ورگ و سەر پشت و سمتی گەڕوگول ئەدا و لە سەر یەك پرسیاری لێ دەكرد و ئەویش بێزمان و بەدبەخت بەحاڵ هێزی هەناسەدانی تێدامابوو، سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ژووری ئەشكەنجەی دەزگای سیخوڕیدا لە ژێر زەبری كێبڵدا بوو، تا ئەو كاتەی بەڕێوبەری دەزگاكە بە جەللادەكەی گوت "لێی گەڕێ ئەبو عەمار، دیارە ئەم گەمژەیە ئاگای لە هیچ نییە، لەوە ناچێ سیخوڕ بێ، سەری لێ شێواوە و خوا نەگبەتی كردووە خۆی كردووە بە ئێرەدا. بەرەڵڵای بكە با ملی بشكێنێ و بڕوات".
ئەبو عەمار دەرگای زیندانەكەی لە سەر گەڕوگول كردەوە و بە كێبڵ كەوتە گیانی و لە سەر یەك دەیگوت "بڕۆ ئازاد بە، بڕۆ سەگباب جارێكی دیكە نەتبینمەوە." گەڕوگول لە عەزرەتی زەبر و ئێشی قامچی هەڵهات، ڕایكرد، ڕایكرد تا هێزی تێدا بوو ڕایكرد، ئەوەندە خێرا ڕایدەكرد مایكل واردیانیش پێی نە دەگەیشتەوە، پتر لە نیو كاتژمێر ڕایكرد، بڕستی لێ بڕا، شەكەت بوو، لە بەردەم دووكانێكدا لە شەقامی ڕەشید ئێستێكی كرد، ویستی لە سێبەری دووكانەكەدا دانیشێ، لێ خاوەن دووكانەكان بە بەرد و دارەوە كەوتنە گیانی، لە هەموو لایەكەوە بەردیان تێ دەگرت و تێڵایان دەماڵی بە سەر و سەكوتیدا و هۆی هایان لێ دەكرد. دیسان هەڵهات، ڕایكرد. بە شەقام و كۆڵانەكانی بەغدایا ڕایدەكرد و لە هەموو لایەكەوە هۆی هایان لێ دەكرد. ئەوەندە ڕایكرد خەریك بوو گیانی دەرئەچوو. ئەم جارەیان لە كازمییە لە سێبەری دیوارێكدا پاڵیدایەوە، هێشتا هیلاكی دەرنەچووبوو منداڵە وردكە لێی پەیدا بوون، دیسانەوە هێرشی مەترسیدار بۆ سەری دەستی پێكرد، لە بیست لاوە بەردیان تێ دەگرت و هاواریان دەكرد" گەڕوگول.." دیسانەوە ڕایكرد، ڕایكرد.. لەو كاتەوە تا ئەو ڕۆژەی گەیشتە ستۆكهۆڵم ژیانی گەڕوگول بەو جۆرە بووە، هەمیشە لە دۆخی هەڵهاتن و ڕاكردندایە، تەنێ بە شەوان ئەو كاتانەی خەڵكی خەوتوون، ئەو بەبێ ترس و بیم پشوو ئەدا، لە كۆڵانە لاچەپەكەكانی بەغدا و لەبن كپرۆكەی بەقاڵەكان و لە ناو كەلاوەكان، یان لەناو دار و پەردووی ئەو باڵەخانانەی كە بە هۆی تەقینەوەكانەوە وێران بوون دەخەوێت، باشترین و خۆشترین خۆراكیشی پاشەڕۆی ماڵانە، توێكڵە شووتی بێت، برنج و فاسۆلیای تێكەڵكراو بێت، تەماتەی بۆگەن بێت، هەرچییەكی دەست بكەوێت دەیخوات، گرنگ ئەوەیە سكی تێر بێ. تێر و پڕ دەخوات و بەلەنجە و لار بۆ ناو كەلاوەكان دەڕوات.
ساڵانێكە سەرخەوێكی لە شوێنێكی خۆش بەبێ ترس نەشكاندووە، نان و چێشتێكی بە دڵی خۆی نەخواردووە، پاشماوەی ناو تەنەكە خۆڵەكان باشترین ژەمەخۆراكی بوو. ئەو ژیانە بە جۆرێك وەڕسی كردبوو حەزی بە مردنی خۆی دەكرد، بەڵام ئەگەر خودا گیانی نەكێشێ قوڕی كوێ بە سەری خۆیدا بكات؟!. چەند جارێك بیری لە خۆكوشتنیش كردبووەوە، لێ پەشیمان بوو بووەوە، لەوە ترسابوو ئەو دنیاشی لە كیس بچێ، ئاخر ئەو ئەم دنیای بە ڕەزالەت بە سەر بردووە، لەو دنیاش لە ئاگری دۆزەخدا بسووتێ؟!. هەر كات بیری لە خۆكوشتن دەكردەوە قسەی ئەو مەلایەی بیر دەكەوتەوە كە نیوەڕۆیەك لە گوتاری نوێژی هەینیدا گوتبووی هەر كەس خۆی بكوژێ لەو دنیا خوا دەیكاتە دۆزەخەوە. هەموو جارێكیش لە دڵی خۆیدا دەیگوت "كەواتە ئەوانەی بە ناوی ئاینەوە لە پێناوی نیشتمانا ڕۆژانە لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی بەغدا خۆیان دەتەقێننەوە، كافرن؟ یان ئیماندارن؟. " ئیتر خەیاڵ و بیركردنەوەی خۆكوشتنیشی لە مێشكی خۆی دەركرد، بەڵام چۆن بەرگەی ئەو هەموو ئازارە بگرێ؟!. ئاخر ئەگەر بەدبەختی نەبێ بۆ نامرێ؟!. دەبوو ئێستا بمردایە، یەك هاوڕێی نەماوە و هەموو مردوون، كەچی گەڕوگول پیرو كەنەفت بووە و هێشتا مردن لە هیچ شوێنێكەوە ئەسەری نییە، تەقینەوەیش لایەكی خەڵكی عێراقی تەواو كرد، لێ‌ گەڕوگول چەندین جار كەوتووەتە ناو تەقینەوەكانی بەغداوە و بە ساغ و سەلامەتی هاتووەتە دەرێ، لەتوكوت بوونی سەدان كەسی بینیوە و لەو هەموو تەقینەوانەی بەغدا بەبێ ئەوەی یەك دڵۆپ خوێنی لێ بێت ڕزگاری بووە، كاتێكیش ئەو هەموو خوێنەی بە جەستەی گەڕبووی خۆیەوە بینیوە وای زانیوە بریندار بووە، بەڵام ئەوە خوێنی خۆی نەبوو، خوێنی ئەو عێراقییە بێ‌ گوناهانە بوو كە بێ ئاگایانە دەكەوتنە بۆسەی تەقینەوە خۆكوژییەكانەوە.
گەڕوگول ئەو هەموو ساڵە بە بەدبەختی ژیا، شەڕی ئێران و عێراقی بینی، شەڕی داگیرکردنی كوێت و گەردەلوولی بیابان و هەڵهاتنی سەربازە عێراقییەكانی بینی، ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و شیعەكانی باشووری بینی، گرانی و گەمارۆی ئابووری و برسێتی بینی، شەڕی نەمان و لە سێدارەدانی سەدام حسێنیشی بینی و نەمرد.  دوای ئەو هەموو ساڵە لە بەدبەختی و ژیانی پڕ لە ئازار و گاڵتەجاڕی، نیوەڕۆیەكی گەرمی هاوینی ساڵی 2016 لە تاو گەرما خۆی كرد بە ناوچەی سەوزدا، هەر ئەوەندەی چووە ناوچەی سەوزەوە، لە بیست لاوە پەلاماریاندا. هێزی پۆلیسی عێراقی و پاسەوانە تایبەتەكانی ناوچەی سەوز گوللەیان بە سەر سەریدا دەتەقاند تاوەكو بترسێ و بگەڕێتەوە، گەڕوگول لە ترسا خۆی دابووە پاڵ قەدی پانی دار خورمایەكەوە، پاسەوان و پۆلیس تەوقیان كرد و لە دوورەوە سەیریان دەكرد و چاوەڕێی تیمەكانی پشكنین بوون، تاوەكو بێن و دڵنیایان بكەنەوە لەوەی مەترسی تەقینەوەی نییە و مینڕێژ نەكراوە!. دوای ئەوەی هێزی پشكنەر هاتن و دڵنیاییان پێدان لەوەی هیچ مەترسییەكی نییە. ئینجا لێی چوونە پێشێ و بە تەشقەڵە و گەمەكردنەوە لە ناوچەی سەوز كردیانە دەرێ. گەڕوگول بەو گاڵتەجاڕییە زۆر غەمبار بوو.
سێ شەو وسێ ڕۆژ لە قەراغی دیجلە دانیشت، سەیری ڕووبارەكەی دەكرد و بەردەوام بیری دەكردەوە، چی بكات؟ بەرەو چ وێرانەیەك سەری خۆی هەڵبگرێ‌؟ شارەكانی دیكەی عیراق حاڵیان لە بەغدا باشتر نییە، بارودۆخی شارەكانی كوردستانیش قەیران و گرانییەكە خەڵكەكەی خۆی خەریكە لە برسا دەمرن، چ جای گەڕوگولی بەدبەخت لە شارەكەی خۆیدا ستەمی لێ‌ دەكرێ‌؟!. بەرەو سوریایش بڕوات داعش دەیگرێ‌ و بەدبەخت دەبێ‌، هیوایەكی نەبوو، بیری لە خۆكوشتن دەكردەوە، دەیویست خۆی فڕێداتە دیجلەوە و دەستی نە ئەچووە گیانی. بەو هەموو نەگبەتییەی بە سەریدا هاتبوو هێشتاش ژیانی لەلا هەنگوین بوو.
لە شەوی سێیەمی مانەوەی لە قەراغ دیجلە گوێی لە دەنگی كەسێك بوو بە تۆنێكی غەمگین گۆرانی " انا المجروح "ی مەحمود ئەنوەری دەگوتەوە، " انا المجروح واتعثر بممشاي، وعلي عناد اللي يكرهوني أكابر، اقول للعين فرحي بيك مابيك، تري الدمعات امضي من الخناجر...." گەڕوگول دڵی پڕ بوو، لە ژێر لێوەوە گۆرانییەكەی دەگوتەوە و دەگریا، گریانێكی بە كوڵ، لە گەرمەی ئەو شین و شەپۆڕ و گریانەدا، شتێك بە خەیاڵیدا هات، بیرۆكەیەكی ئومێدبەخش، یەكسەر هەستا و بە دڵێكی خۆشەوە بەرەو فرۆكەخانە ڕۆیشت. لە بەر دەرگای فرۆكەخانە لە پاڵ دیوارێك خۆی مەڵاس دا، تا فرسەتێكی بۆ هاتە پێشێ‌ و بە دزە دزە ڕێگەیەكی دۆزییەوە بۆ ناو فڕۆكەخانە، هەر چۆنێ بوو خۆی گەیاندە ناو یەكێ لە فڕۆكەكان، لە توالێتی فڕۆكەكەدا خۆی شاردەوە، ئەوە یەكەم جارە بەختێكی باشی هەبێ، دوای ئەوەی چووە فڕۆكەكەوە دەرگاكەی بۆ گەشتیارەكان كرایەوە، وردە وردە سەرنشینەكان سەركەوتن و پاشان دەرگای فڕۆكەكە داخراو بەرەو قووڵایی ئاسمان فڕی. گەڕوگول هێشتا لە توالێتەكەدا بوو. بیست خولەك بوو فڕۆكەکە بەئاسمانەوە بوو، یەكێ لە سەرنشینەكانی ناو فڕۆكەكە خۆی كرد بەو توالێتەی گەڕوگولی تێدا بوو، لە پڕ هاواری لێ بەرز بووەوە و بە ڕاكردن بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە و هاواری كرد "دۆنكی دۆنكی.." خێرا پۆلیس و میواندارەكانی ناو فڕۆكەكە بەرەو توالێتەكە چوون. گەڕوگول سەیری دەکردن و پێدەكەنی!. كە پێكەنی ددانە گەورەكانی دەركەوتن، دیمەنێكی ناشیرین و پیس و پۆخڵی هەبوو، ددانەكانی بە جۆرێك زەرد هەڵگەڕابوون، لە ددانی جگەرەكێشی قەدیمی ئەچوون، توێكڵە تەماتەی ناو تەنەكە خۆڵەكانی بەغدا لە نێو چاڵ و چۆڵی و ددانە كلۆرەكانیدا دەبینرا. پوكیشی یەك پارچە برین و گەڕی بوو. هەندێك لە سەرنشینەكان بێزیان لێ‌ دەكردەوە و چاوەكانیان دەنووقاند و دەیانگوت "یەع.. كە پیس و پۆخڵە.". 
میواندارەكانی ناو فڕۆكەكەش حەپەسا بوون، هاواریان دەكرد: ئەمە چییە؟.
لە كوێوە پەیدا بوو!؟.
چۆن هاتووەتە ناو فڕۆكەكەوە؟!.
تازە هاتووە و فڕۆكەش بە ئاسمانەوەیە!.
هەندێك لە سەرنشینە عێراقییەكان ناسیانەوە، بە پێكەنینەوە دەیانگوت "ئەوە گەڕوگولە ئەها چۆن هاتوەتە ناو فڕۆكەكەوە!؟."
یەكێك بە پێكەنینەوە گوتی"ئادەی بزانن پاسەپۆرتەكەی بەسەر نەچووە!؟."
میواندارەكانی ناو فڕۆكەكە ئەو قسەیان زۆر پێ ناخۆش بوو. بەڵام ئیتر تازە كار لە كار ترازاوە. پاسەوانێكی ناو فڕۆكەكە و هەندێك لە سەرنشینەكان پێیان باش بوو بە جۆرێك لە جۆرەكان، بە هەر ڕێگەیەك بێ فڕێی بدەنە خوارەوە. بەڵام هەندێك لە سەرنشینەكان، بە تایبەت بیانییەكان هاواریان لێ بەرزبووەوە گوناهە. نابێ بۆ خاتری خوا.. یەكێكی دیكە بە پێكەنینەوە  گوتی"باشە كە گەیشتینە سەر دەریا لەگەڵ گواوی ناو توالێتەكەدا فڕێی دەدەینە خوارێ‌.".
گەڕوگول بەو جۆرە مایەوە تا فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەی ستۆكهۆڵم نیشتەوە، كارمەند و پاسەوانەكانی ناو فڕۆكەكە پێش دابەزینی نەفەرەكان بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی ستۆكهۆڵمیان ئاگادار كردەوە و پێیان گوت كەرێك لە فڕۆكەكەدایە و نازانین چۆن هاتووەتە ناوەوە!.
بەڕێوبەر حەپەسا، بە ساكاوییەوە گوتی "یەعنی چی؟ هەر كەری ڕاستی؟!."
بەڵێ!.
ئاخر چۆن شتی وا دەبێ؟! ئەی ئێوە چۆن پێتان نەزانیوە!؟.
وەڵڵا ئێمەش نازانین، ئیتر هاتووە!.
بەڕێوبەری فڕۆكەخانە بە پێكەنینەوە گوتی "بابێت بەخێربێ، كەیسێكی سیاسی بۆ دەكەینەوە".
دەرگای فڕۆكەكە كرایەوە و یەكەم كەس گەڕوگول بوو چاوی بە ستۆكهۆڵم كەوت، دوو پاسەوان گرتبوویان بۆ ئەوەی ڕانەكات، تیمی باخچەی ئاژەڵانی ستۆكهۆڵمیش گەیشتبوونە ئەوێ تاوەكو بیبەن بۆ پشكنین و پاشان بیگوێزنەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان. بەڵام لە كاتی ڕادەستكردنی ئەو كەرە عێراقییەدا كە بە گەڕوگول ناسرابوو هەڵهات، لە دەستیان دەرچوو، گەڕوگول هەڵهات و بە جارێك چی پاسەوانی فڕۆكەخان و تیمی باخچەی ئاژەڵان بوو بە دووی كەوتن و بۆیان نەگیرا. گەڕوگول، كەرە پیر دەتگوت ئاسكە ئەوەندە خێرا غاری دەدا، لە فڕۆكەخانە چووە دەرێ بە ناو ستۆكهۆڵمدا غاری دەدا و خەڵكیش هەموو سەیریان دەكرد، پاسەوان و كارمەندانی باخچەی ئاژەڵانی ستۆكهۆڵمیش هێشتا نەیانگرتبووەوە، بە دوایەوە بوون، تا ئەو كاتەی خۆی كرد بە كۆڵانێكدا و لەو سەری كۆڵانەكەوە چووە سەر شەقامێك و لە بەردەم چێشتخانەیەكدا ئێستێكی كرد، تۆزێك خۆی كۆ كردەوە، بۆینباخەكەی توند كردەوە، قۆپچەی چاكەتەكەی داخست و بە دەستی ڕاستی قژە خاوەكەی تۆزێك ڕێكخستەوە، هەستی كرد چاویلكەكەی تۆزاوی بووە، كلێنسێكی لە گیرفانی چاكەتەكەی دەرهێنا و شووشەی چاویلكەكەی پاك كردەوە و لە چاوی كردەوە، سەیرێكی چێشتخانەكەی كرد و چووە ژوورێ، بە ئەتەكێتی بزنسمانێك دانیشت. تەواوی خەڵكی ناو چێشتخانەكە سەیریان دەكرد، لێ ئەو وەكو ئەوەی كەس نەبینێ، یان بێزی نەیەت سەیری خەڵكی بكات، بە ئەتەكێتی پیاوە گەورەكانەوە سەیری مینۆكەی دەكرد، پاش چەند خولەكێك كچێكی شۆخ و شەنگ بە خێرهاتنی كرد. ئەو سەیرێكی مینۆكەی كردەوە و سەرێكی بۆ كچەكە لەقاندەوە و گوتی "پیتزایەكی سەوزە.".

ڕەخنەی چاودێر

مارشی مه‌رگ Dödsfuga

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە