پارلەمانتار‌و كاربەدەستانی حكومەتیشی گرتۆتەوە
كۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكردەوە

24/07/2017

چاودێر - نزار جەزا:

نیشتیمان بە "دایكی دوەم"ی هەر مرۆڤێك دادەنرێت، بەڵام دایكی دوەم بۆ هاوڵاتیانی كوردستان نەبۆتە باوەشێكی ئارام، بۆیە هاوڵاتیان بە لێشاو لێی دوردەكەونەوە، ئەوەتا بەهۆی قوڵتربونەوەی تەنگەژە سیاسی‌و ئابورییەكان‌و بێكاری‌و نەبونی ئاسۆیەكی رون، دوبارە كۆچی گەنجان دەستیپێكردۆتەوە. لایخۆشیەوە سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لقی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری كۆچی گەنجان دەشارێتەوە.

هەر قاچاخچییەك هەفتانە 50 كەس دەنێرێتە ئەوروپا
بەپێی ئەو زانیارییانەی (چاودێر)، كە لەقاچاخچییەكەوە وەریگرتوە، رۆژانە خەڵك پەیوەندی پێوەدەكەن بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش بەهۆی  بێزاری‌و بێهیوابون لە چارەسەربونی دۆخە چەقبەستوەكەی كوردستان، هەربۆیە ناویان دەنوسن‌و لە رێگەی پاسی گەشتیاری، یان فڕۆكە راستەوخۆ دەچنە ناو توركیا، لەوێشەوە بە رێگەی قاچاخی ئاو، یان وشكانی رەوانەی وڵاتانی ئەوروپایان دەكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لە قاچاخچییەكان هەفتانە خەڵك بۆ وڵاتانی دیكە بەڕێدەكەن، كە هەر گروپێك زیاتر لە پەنجا كەس دەبێت‌و زۆرینەشیان گەنجن.
 
دوبارە جێهێشتنەوەی نیشتیمان
سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوریی كوردستان، بە (چاودێر)ی راگەیاند، كۆچ لەنێوان وڵاتان زۆرە‌و ئاساییە، بەڵام ئەوەی نائاساییە بە لێشاو كۆمەڵێك كۆچ بكەن بەرەو وڵاتێكی دیكە، هۆكارەكانی كۆچیش زۆرن، لەوانە: ئابوری، دەرونی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، پشتگوێخستنی گەنج، بێكاری، چونكە كاتێك زانكۆ، یان پەیمانگا تەواودەكات دانامەزرێت‌و لە كەرتی تایبەتیش كاری دەستناكەوێت‌و موچە كەمكراوەتەوە‌و دوادەكەوێت، پڕۆژەكان وەستاون‌و وەبەرهێنان لاوازبوە، هاوكات خوێندكارانی پیشەییش هیچ شوێنێكیان نییە كاری تێدابكەن‌و سەرمایەیان نییە‌و رانەهاتون دەستپێشخەری بۆ ئەنجامدانی كارێكی سەربەخۆ بكەن، هاوكات نائارامیی سیاسی‌و پەیوەندیی نێوان حزبەكان‌و لەكاركەوتنی پەرلەمان‌و ریفراندۆم هۆكارێكی دیكەیە، كە خەڵك وا هەستدەكات لە مەترسیدایەو وایكردوە خەڵك نائارام بێت.
حسام حەكیم بەرزنجی، باسیلەوەشكرد، كاتێك بەرپرسێك دەچێتە وڵاتێك‌و داوای مافی مانەوە دەكات، بە واتای ئەوەدێت كە لە وڵاتەكەی خۆی دڵنیا نییەو بە تەمای مانەوە نییە، ئەمەش رێخۆشكەرە بۆ گەنجان كە سەری خۆیانهەڵبگرن‌و وڵات چۆڵ بكەن.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد، گەنج بە سامانی مرۆیی هەژماردەكرێت، بۆ وەبەرهێنان‌و بیناكردنی وڵات‌و پێشكەوتن، هاوكات بۆ هەمو بوارێك هێزی كارە، هەر وڵاتێك گەنجی زۆربێت ئەو وڵاتە وزەی زۆری بۆ گەشەپێدان‌و پەرەپَدان‌و وەبەرهێنان‌و شەرستانییەت هەیە.

"حكومەتی هەرێم رێژەی كۆچكردن دەشارێتەوە"
سەرپەرشتیاری گشتیی فدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان، بە (چاودێر)ی راگەیاند، بە هۆی ناڕونیی ئایندەی سیاسی‌و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە‌و نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان‌و كەمبونەوەی موچە‌و نەبونی هەلیكار، جارێكی دیكە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سەختیی رێی هاتونەهاتی ئەوروپایان گرتۆتەوەبەر، بە ئومێدەوە بۆ دروستكردنی ژیانێكی شایستەتر كۆچدەكەن بۆ وڵاتان.
ئاری جەلال، ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی گەشتییاریی توركیا، لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 240 هەزار گەشتییار لە هەرێمی كوردستان‌و عیراقەوە سەردانی ئەو وڵاتەیان كردوە، بە دڵنیاییش زۆرینەیان ناگەڕێنەوە هەرێم‌و بە شێوەی نایاسایی بۆ بولگاریا‌و یۆنان‌و  ئیتاڵیا كۆچدەكەن، هاوكات نوێنەرانی فیدراسیۆنی پەنابەران بەردەوام ئاگاداریاندەكەنەوە، كە هاوڵاتیانی عیراق‌و هەرێمی كوردستان داوانامەی مافی پەنابەری پێشكەشدەكەن، بەڵام لەلایەن وڵاتانەوە رۆژ بە رۆژ پێدانی مافی پەنابەری قورستر دەبێت.
وتیشی "لە ئێستادا ژمارەیەكی دیاریكراومان لانییە كە چەند كەس كۆچیان كردوە، بەڵام لە رێگەی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئاسان ئاماری كۆچی گەنجان دەستدەكەوێت، بەڵام حكومەت نایەوێت ئاماری راستی كۆچی گەنجان بڵاوبكاتەوە".

مافی گەنج
لایخۆشیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی گەنجانی كوردستان، بە (چاودێر)ی راگەیاند، هۆكارەكانی كۆچی گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ دو هۆكار، یەكەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كاتێك ئەركێك بە گەنج دەسپێرن ئەركی خۆی جێبەجێدەكات، بەڵام مافی خۆی پێنادرێت، دوەم نەبونی پشودرێژیی لای خودی گەنجانەوە، كە لەگەڵ ئەو پرس‌و قەیرانانەی روبەڕویان دەبنەوە رانەهاتون.
بێلان عەبدوڵڵا، باسی لەوەشكرد، كۆچی گەنجان زیانێكی زۆری لە كوردستانداوە، چونكە گەنج بناغە‌و دامەزرێنەری شۆڕشە یەكلەدوایەكەكانی كورد‌و ئازادیخوازی‌و سەربەخۆیی بوە، هاوكات لە زۆر بواریشدا پێشەنگ بوە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لایەن‌و وەزارەتە پەیوەنددارەكان بە جددی كار لەسەر ئەم پرسە بكەن‌و مافەكانی گەنجان لە روی خوێندن‌و یەكەی نیشتەجێبون‌و هاوسەرگیرییەوە دابینبكەن.
 بەپێی هەندێك زانیاری، كۆچی ئەمجارەی گەنجان‌و هاوڵاتیانی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا، تەنانەت پارلەمانتارو كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمیشی گرتۆتەوە، كە لەئێستادا باس لە پارلەمانتارێك‌و راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكرێت، كە لەكەنەدا داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە.

ڕەخنەی چاودێر

مارشی مه‌رگ Dödsfuga

زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە