پارتی بەكاراكردنەوەی بێ مەرجی پارلەمان رازی بوە

17/07/2017

چاودێر – رێبین حەسەن:

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (چاودێر) كەوتون، پارتی رازیبوە بەكاراكردنەوەی بێمەرجی پارلەمانی كوردستان، بەڵام ئەوەی هێشتا بەناڕونی ماوەتەوە، مەسەلەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە، كە گۆڕان پێیوایە كاراكردنەوەی پارلەمان سودی نابێت، ئەگەر یەكەم كاری پارلەمان هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەبێت، بۆیە رەنگە لەسەر ئەم خاڵە دانوستانی نێوان گۆڕان‌و پارتی ئەنجامبدرێت. هەروەك جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختیلێدەكاتەوە، گۆڕان پاشەكشێ‌ لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ناكات.
پێرێ 15/7/2017 وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و  لەبارەی دواین پێشنیازەكانی كاراكردنەوەی پارلەمان گفتوگۆیان كرد، كە بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكێتی كاراكردنەوەی پارلەمان بەبێ مەرج ئەگەرێكی بەهێزە. هاوكات وەفدی یەكێتی بۆ هەمان مەبەست دوێنێ 16/7/2017 لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە، بەڵام هێشتا بە رەسمی ئەنجامی ئەو دوو كۆبونەوەیە رانەگەیەندراوە.

یەكێتی وەڵامی گۆڕانی لایە
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بە كەناڵی (رووداو)ی راگەیاند،  لە دوایین كۆبونەوەی یەكێتی‌و گۆڕاندا، بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستان، ئێستا هیچ بەهانەو رێگرییەك نەماوە، پێویستە دەستبەكاربن، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیشدا كۆبوینەوەو وەڵامی گۆڕانمان پێیە، ئومێددەكەم ئەو هەلە زێڕینەی بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە سودی لێوەربگیرێت، ئێستاش كۆمەڵی نێودەوڵەتی چاوەڕێی ئەوەیە كورد بە هەڵوێستێكی یەكگرتو، بە پڕۆگرام‌و بەرنامە پێشوازی لەو هەلە مێژوییە بكات.

هەڵوێستی یەكێتی نەگۆڕە
لایخۆشییەوە، مەلابەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكەی سلێمانی، ئێوارەی رۆژی 12/7/2017 لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی "بەبێ كاراكردنەوەی پارلەمان، ریفراندۆم مەحاڵە، چونكە ئەركێكی قورس‌و گرانە، بۆیە لەئێستاوە هەتا ئەو چركەساتەی بڕیاری كاراكردنەوەی پارلەمان دەدرێت، هەفتەیەك یان مانگێكی تر، هەر هەنگاوێك بنرێت، بۆ ئەوەی كاراكردنەوەی پارلەمان ئاسان بكات‌و گرێكوێرەكان بكاتەوە، باری دەرونی، پەیوەندیی سیاسی‌و نیشتمانیی بەهێز بكات، یان هەنگاوێك لەو چوارچێوەیەدا بنرێت، كارێكی باشە" .
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بیزانین، ئەوەیە كە پارلەمان بەبێ مەرج كارادەكرێتەوەو یەكێتیش بە ئاشكراو راشكاوی، لەسەر ئەم خاڵە، لە یەكەمین رۆژی داخستنی پارلەمانەوە هەتا ئەو رۆژەی پارلەمان بەبێ مەرج دەكرێتەوە، یەكێتی نەك بستێك پاشەكشەی نەكردوە، بەڵكو داكۆكیی تەواومان لەپێناو كاراكردنەوەی پارلەماندا كردوە، هەر كەسێكیش لێكدانەوەیەكی جیاواز، بۆ هەڵوێستی یەكێتی بكات، باوەڕموایە لە مێژودا بەهەڵەدا دەچێت، هەمو لایەنەكانیش، لە كۆبونەوە فراوانەكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی كرا، تێگەیشتن كە هەڵوێستی یەكێتی لەهەمو لایەنەكان دیارترەو سورترە لەسەر كاراكردنەوەی پارلەمان".

كۆبونەوەی پارتی‌و گۆڕان
هەر لەوبارەیەوە، ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپارلەمانی كورستان، بە(چاودێر)ی راگەیاند، هەر دەبێت لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان كۆبونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان،‌و بەتایبەتیش پارتی‌و گۆڕان بكرێت، بەڵام كۆبونەوە بەو مەرجە یان بەوجۆرەی ئەنجامی هەبێت، چونكە راستییەكەی ئێمە ئەزمونێكی زۆرمان لەگەڵ كۆبونەوەی بێ ئەنجامدا هەبوە، بۆیە ئاساییە كۆبونەوەی راستەوخۆش لەنێوان پارتی‌و گۆڕاندا هەبێت، بەو مەرجەی ئەنجامی هەبێت‌و بگەینە رێككەوتن ، نەك تەنیا كاتكوشتن بێت.
بێستون فایەق، وتیشی "ئاگاداری ئەوە نین، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستانەوە هیچ پڕۆژەیەكی نوێی پێشكەشی بزوتنەوەی گۆڕان كردبێت، ئەوەی هەیە، تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە باسكراوەو نەمبیستوە، هیچ پڕۆژەیەكی رەسمی دابێتە گۆڕان".
دەربارەی ئەوەی ئایا لە كاتی پێشكەشكردنی پڕۆژەی نوێ لەلایەن پارتییەوە، هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان چ دەبێت؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، گۆڕان هیچ مەرجێكی نییە لەبارەی كاراكردنەوەی پارلەمانەوە، كوا گۆڕان مەرجی هەیە؟ ئەوەی كە هێشتا مەرجی هەیە، پارتییە، جارێك دەڵێت سەرۆكی پارلەمان بگەڕێتەوە پاشان دەستلەكاربكێشێتەوە، جارێكی تریش دەڵێن بگەڕێتەوە بەو مەرجەی دەست بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم نەبرێت، ئەوە ئەوانن مەرجیان هەیە، ئێمە مەرجی نوێمان نییە.   

هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی
هەر لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بۆ (چاودێر) رایگەیاند، تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی رەسمی هیچ جۆرە پڕۆژەیەك لەلایەن پارتییەوە نەدراوەتە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی هەیە تەنیا ئەوەیە، كە لە ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئاگاداری ناوەڕۆك‌و وردەكاریی ئەوجۆرە پڕۆژانە نین.
ساڵح ژاژڵەیی، جەختیشیكردەوە، هەڵوێست‌و پەیامی گۆڕان تەنیا هەر ئەوەی رابردوەو هیچ جۆرە گۆڕانێكی بەسەردانەهاتوە، كە ئەویش بریتییە لەوەی پارلەمان بەبێ مەرج كارابكرێتەوەو دواتریش راستەوخۆ دەستدەبرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، كە زیاتر لە دو ساڵە پارلەمانی كوردستان لەسەری پەكخراوە.
ناوبراو، وتیشی "هۆكاری سوربونمان بۆ ئەوەش پەیوەندی هەیە بەوەی ئەگەر پارلەمانیش كارابكرێتەوەو یاسا دەربكرێت، پێویستی بە واژۆی سەرۆكی هەرێم هەیە، بەلای ئێمەشەوە لەئێستادا، هەرێمی كوردستان خاوەنی سەرۆكێكی شەرعی نییە، جگە لەوەش پێمانوایە، پێویستە  پێش دەركردنی یاسایەك بۆ ریفراندۆم، هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێتەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك  گۆڕانكاری بەسەر داواكارییەكانمان بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان نەهاتوەو دەستبەرداری هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمیش نابن".

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە