سۆزان عارف: كار بۆ ئەوە دەكەین پرۆژە بڕیاری 1325ی نەتەوە یەكگرتووەكان بخەینە خزمەتی ئافرەتانی عیراق‌و كوردستان

پێش 2 هەفتە

سازدانی: دیار سالار

سۆزان عارف، سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان، لەدیمانەیەكدا لەگەڵ "چاودێر" تیشك دەخاتە سەر كێشەو گرفتەكانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، رونیشیدەكاتەوە، لەهەوڵدان بۆ چەسپاندنی پرۆژە بڕیاری 1325ی نەتەوە یەكگرتووەكان، گرنگیدان بەپرسی پێشخستنی تواناكانی ئافرەتانیش ئەولەویەتی كارەكانیانە.


چاودێر: دەكرێت باس لە   رێكخراوەكەتان بكەیت؟
سۆزان عارف:
ئامانجی دامەزراندنی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان لە كوردستان زیاتر بۆ پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەتانە لە بوارە جیاجیاكاندا، تاوەكو بتوانێ رۆڵی كاریگەریی لە هەمو لایەنەكانی ئابوری‌و سیاسی‌و پەروەردەو تەندروستیدا هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی رابردودا چەندین چالاكیمان هەبوە كە دەگونجێ لە گەڵ ئامانجەكانماندا، لە سەرەتاوە بەرنامەی زۆرمان لە سەر كارەكان هەبوە یەكێك لە پڕەنسیپە گرنگەكانی ئێمە كاردەكەین بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان لە كۆمەڵگەدا، بۆ ئەو مەبەستە لە چەند رێگەیەكەوە كارمانكردوە، وەكو ئامادەكردنی پارێزەر لە دادگاكان بەبێ بەرامبەر بۆ ئەو ئافرەتانەی كەمدەرامەتن‌و پێویستیان بە پارێزەر هەیە، هەروەها لە ڕوی كۆمەڵایەتییەوە لە ماوەی رابردودا پرۆژەی هێڵی گەرممان كردۆتەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی روبەروی توندوتیژی دەبنەوە، ئەو ئافرەتانە دەتوانن پەیوەندی بەو هێڵە  گەرمەوە بكەن‌و لە ڕێگەی توێژەری كۆمەڵایەتییەوە هاوكاریی دەكرێن، ئەمە جگە لەوەی لە ڕوی یاساییەوە كارمان كردوە، بۆ ئەو مەبەستەو هەوڵدەدەین هۆشیاریی یاسایی لە ناو كۆمەڵگە بڵاوبكەینەوە، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی نامیلكە بۆ یاساكانی سزادان‌و یاسا مەدەنییەكان، بۆ ئەوەی ئەو پارێزەرانەی تازە دەست بەكاردەبن بۆ كاری رۆژانەیان سودی لێوەربگرن.

چاودێر: ئێوە پرۆگرامێكتان هەیە كە خولی فێربون‌و شیاندن بۆ ئافرەتان دەكەنەوە بەبێ بەرامبەر، بەتایبەتی ئافرەتانی كەمایەتیەكان، ئایا دەكرێت پێمان بڵێیت ئامانج لەم خولانە چیە؟
سۆزان عارف:
بێگومان گرنگی دان بەپرسی پێشخستنی تواناكانی ئافرەتان ئەولەویەتی كارەكانی ئێمەیە لە بەر ئەوەی كە بتوانین ئافرەت لە رێگەی ئامادەكردنیان‌و چۆنێتی گرنگیدان بەتواناكانیان ئەوەی كە ئێمە كردومانە زیاتر پێگەیاندنی توانای ئافرەتانە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئابوریەكی سەربەخۆ‌و ئازاد ئەوەش لە كوردستاندا زۆر پێویستە بۆیە بەبڕوای من پێویستە كار لە سەر پێشخستنی تواناكانی ئافرەتان بكرێت.
 
چاودێر: پێتوایە چۆن بتوانین بەچ رێگەیەك سنورێك بۆ جیاكاری كۆمەڵایەتی دابنێین؟
سۆزان عارف:
پێش هەمو شتێك پێویستە كاری جدی بكرێ بۆ هاندانی لێكۆڵینەوەو توێژینەوە دەربارەی جیاكاریی‌ رەگەزیی، هەوڵبدرێت توێژینەوەی‌ زانستی لە سەر پەیوەندییەكانی خێزان‌و جیاكاریی‌ رەگەزیی لە ناو كۆمەڵگەی كوردی بكرێت، هەر لەم رێگەیەوە بتوانرێت سەنتەری توێژینەوەی تایبەت بەپرسی جیاكاریی‌ رەگەزیی‌و ئافرەتان لە زانكۆكان دابمەزرێت‌و ئامانج‌و ئەنجامی توێژینەوەكانیش بخرێتە ناو پرۆسەكانی خوێندن، هەروەها لە هەمو ناوەندەكاندا پێگەو رۆڵی ئافرەتان پشتگیری بكرێَت، ئەكادیمیای تایبەت دابمەزرێت لە گەڵ وەزارەتی تایبەت بەكۆكردنەوەی داتا‌و ئاماری ورد لە سەر چەندێتی پێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤ‌و توندوتیژییەكانی خێزانی بەتایبەت بەرامبەر بەئافرەتان‌و منداڵان.

چاودێر: لەئێستادا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژە بڕیاری 1325ی نەتەوەیەكگرتووەكان، دەكرێت ئەو بڕیارەی نەتەوەیەكگرتوەكانمان بۆ شیبكەیتەوە؟
سۆزان عارف:
بێگومان ئەو بڕیارە زیاتر بۆ ئەو دەوڵەتانەیە لە دوای جەنگ یان لە كاتی جەنگدان لە بەر ئەوەی كە ئافرەتان زیاتر دەبنە قوربانی، ئەو بڕیارە لە سەر ئەو ئەنجامەیە كە چۆن ئافرەت بتوانێت لە  ئاستی بڕیاردا بەشداربێت لە دوای ڕزگاربون لە جەنگ لە رویەكی ترەوە كار لە سەر ئەوە دەكات كە چۆن ئەو ئافرەتانە ڕزگاربكرێن‌و لە كاتی جەنگدا پارێزراوبن‌و یەكێك لە  بڕگە گرنگەكانی ئەم بڕیارە ئەوەیە كە ئافرەتان لە  یەكلاكردنەوەی پرسەكاندا بۆ چارەسەری ململانێیەكان رۆڵێكی كارایان هەبێت‌و گرنگیان پێبدرێت، ئەو بڕیارە لە ساڵی 2000 دەرچوە، ئێمەش وەك رێكخراوەكان كەوتینە هەوڵی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە كاتێك بینیمان لە ساڵی 2012 كۆنفرانسێك كراو چەندڕاو سەرنجێك ئالۆگۆڕكرا، ئەوەبو چەندین رێكخراو پێمان باشو كە بەرنامەیەك ئامادەبكەین كە چۆن بتوانین كە عیراق لە  رێگەی ئەم بڕیارەوە بریارێكی نیشمانی بۆ جێبەجێكردنی (1325) هەبێت، لە رویەكی ترەوە ئەوەی كە پاڵی پێوەناین بۆ كاركردن لەم بوارەدا ئەو هەمو شەڕو ناكۆكیە بو لە كوردستان‌و عیراق بەدرێژای مێژو رویداوە، بەدرێژای ئەو جەنگانەش ئافرەتان قوربانی یەكەمبون.

زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە