مەلا بەختیار: وەك یەكێتی هەمیشە لەگەڵ یەكریزی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانین

پێش 2 هەفتە

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ (13/6/2018) مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیكرد لە (كین گرۆس) كونسلی گشتی ئەمریكا لە هەرێم‌و وەفدێكی یاوەری.  
     لە دیدارێكدا، مەلا بەختیار، بارودۆخی كوردستان‌و عێراق‌و هەڵبژاردن‌و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافقی‌و سیاسەتی لایەنەكان‌و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی لە روانگەی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ كونسلی ئەمریكا روونكردەوە. 


  رایگەیاند " لامان گرنگە، كورد بەشێك بێت لە چارەسەری كێشەكانی عێراق، لەسەر بنەمای رێسای هەڵبژاردن‌و دەستورو یاسا‌و دوا بڕیارەكانی دادگای دەستووری." 
   روونیشكردەوە " بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، لەگەڵ حكومەتێكین پێكهاتەكەی فراوانی ئاسۆیی بێت‌و بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان‌و پێكهاتەكانی عێراق بێت، نەك حكومەتێكی ستوونی‌و مەركەزی‌و تایفەگەری." 


  لێپرسراوی دەستەی كارگێڕ جەختیشیكردەوە " كورد هەقی خۆیەتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن‌و دەستوری خۆی دەستەبەر بكات. ئەمەیش نایەتەدی، بەبێ‌ بەشداری راستەقینە لە حكومەت ‌و  جومگە سەرەكیەكان" 
   مەلا بەختیار دووپاتیشی كردەوە " وەك یەكێتی هەمیشە لەگەڵ یەكریزی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانین، چوونی كورد بە یەكگرتوویی بۆ دانوستان لە بەغدا بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی بە گرنگ دەزانین." 


   كونسلی گشتی ئەمریكا لەگەڵ بەشی زۆری بۆچوونەكانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕو سیاسەتی یەكێتی هاوڕابوو. ئاماژەی بە ئەوەدا، كورد بە یەكگرتوویی بچێتە بەغداد بۆ دانوستان، بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی. لەسەرەتاوە تا كۆتایی لەناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بن. 
   هەروەها كونسلی ئەمریكا ستایشی چوونی وەفدی یەكێتی بۆ بەغدا كرد، هەروەها دەستپێشخەری چوون بۆ بەغدا بە یەكگرتوویی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق بە گرنگزانی.


  داواشیكرد، یەكێتی لە هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ هێنانەدی یەكریزی لایەنە كوردستانیەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان، هەتا حكومەتێكی نیشتمانی فراوان پێكدێت.

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە