مه‌لا به‌ختیار: به‌نیازنین هیچ پۆستێك له‌ گۆڕان وه‌ربگرینه‌وه‌

پێش 1 هەفتە

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی وته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردوه‌ پێویسته‌ ده‌نگه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێته‌وه‌ بۆ كه‌ناڵی كوردستان 24 رایگه‌یاند، حه‌یده‌ر عه‌بادی قسه‌ی خۆی كردوه‌و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانی عیراق ته‌ته‌ڵه‌ بكرێته‌وه‌.

وتیشی: مادام له‌ هه‌موو پارێزگایه‌كی عیراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ سكاڵا هه‌یه‌، بۆیه‌ باشتره‌ ده‌نگی هه‌موو پارێزگاكانی عیراق ته‌ته‌ڵه‌ بكرێته‌وه‌، یان پێویسته‌ دادگای ده‌ستووری عیراق بڕیارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات.

راشیگه‌یاند: ده‌نگی یه‌كێتی له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌زیوه‌و ته‌نها له‌ پارێزگای هه‌ولێر نزیكه‌ی 100 هه‌زار ده‌نگ دابه‌زیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوو یه‌كێتی كورسی كه‌متر ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ده‌نگی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سلێمانی به‌راورد بكه‌یت به‌ پارێزگایه‌كی وه‌ك هه‌ولێر ده‌بینیت ده‌نگی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌هه‌ولێر زیاتر كه‌میان كردوه‌ وه‌ك له‌سلێمانی، بۆیه‌ تیرهاویشتنی چه‌ند لایه‌نێك بۆ تاریكی به‌ به‌لاش ده‌ڕوات.

له‌ باره‌ی یه‌كده‌نگی كوردیش له‌ به‌غدا وتی: تێزی یه‌كڕیزی كورد له‌ به‌غدا تێزی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌ و یه‌كێتی پێی باشه‌ كورد یه‌كده‌نگبێت له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌ كوردیه‌كانیش له‌ به‌غدا وتی: پێش هه‌ڵبژاردن سێ هێزی كوردستانی یه‌كیان گرت به‌ناوی ئیئتلافی وه‌ته‌ن و نه‌یانهێشت كورد به‌ یه‌كگرتوویی دابه‌زێت بۆ هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كگرتوویی دابه‌زینایه‌ هه‌ندێك گرفت هه‌بوو چاره‌سه‌ر ده‌كران، بۆیه‌ یه‌كێتی به‌ش به‌حاڵ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌به‌غدا هاوهه‌ڵوێست بن و په‌یوه‌ندیمان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مافه‌كانمان به‌دی بهێنین.

مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا یه‌كێتی و پارتی هێزی یه‌كه‌می كوردستانن و ته‌قریبه‌ن ئاو چووه‌وه‌ ناو جۆگه‌له‌كه‌ی خۆیی، سه‌باره‌ت به‌ كوردایه‌تی و مه‌سئولیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتی به‌نیاز نیه‌ پۆست له‌ئه‌م و ئه‌و وه‌رگرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕان رێككه‌وتنی خۆجێیه‌تییمان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر كاروباره‌كان به‌ سروشتی به‌ڕێوه‌بچێت، نه‌ك هه‌ر به‌ته‌مانین پۆست له‌ گۆڕان وه‌ربگرێنه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌نیازین پۆست به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش بده‌ین و هه‌روه‌ها هه‌ر پۆستێك تائێستا به‌گۆڕان نه‌درابێت ئاماده‌ین ئه‌و پۆستانه‌ش به‌ گۆڕان بده‌ین، به‌مه‌رجێك له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی سروشتی و باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان بێت.

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە