یەكێتی: لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردو فیتنە دەنێنەوە

پێش 1 هەفتە


یەكێتی رایگەیاند جارێكی دیكە كەركوكییەكان بەدەنگەكانیان كوردستانی بوونی شارەكەیان سەلماندەوە، یەكێتیش بێمنەتە لەئەوەی هەژماركردنی دەنگەكان بكرێت، دەشڵێت: ئەوانەی لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردنیان نەكرد دەیانەوێت فیتنە بنێنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایار، هەڵمەتێكی زاڵمانە لەسەر یەكێتیی هەیە، لەكاتێكدا جگە لەهەرێمی كوردستان لەناوچەكانی دیكەی عیراقیش گلەیی لەسەر ئەنجەكانی هەڵبژاردن هەیە، بۆیە ئەگەر گلەی هەیە رێگای راست و دروست كۆمسیۆنە كە لایەنەكان دەتوانن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار بكەن.
وتیشی: لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی یەكێتی لەناوچەكانی هەولێر، دهۆك، موسڵ بە بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی پێشوو كەمیكردوە، هەموو ئەو هەوڵی تەزویرانەشی لەو ناوچانە دراوە لەڕێی سكاڵاوە پێشەكەشی كۆمسیۆنمان كردوەو چاوەڕێی وەڵامین و بەتەئكید ئەنجامیشی دەبێت.
وتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند:یەكەمجار نییە یەكێتی دەنگ دێنێت، چونكە پێشتر یەكێتی خاوەنی 49 كورسی پەرلەمان بوو، دواتر هاتوەتە سەر 18 كورسی، بەڵام هیچ جارێك ئەو هەڵایەمان دروست نەكردوە، بەڵكو سكاڵا تۆماركراوە.
سەعدی پیرە ئەوەشی وت: یەكێتی بێمنەتە لەسەرتاسەری عیراق و ئەو جێگایانەی كە گلەیی لەشێوەی هەژماركردنی دەنگەكان هەیە با بكرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەندێك لەو لایەنانەی كە بەشداری هەڵبژاردنی كەركوكیان نەكردوە، بۆ نانەوەی فیتنەو ئاژاوە دەیانەوێت  لەكەركوك بارودۆخێك دروستبكەن
وتیشی: ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە لەرێگای تێكبەردان و ناكۆكی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك كوردسییەكانی خۆیان بەهێز بكەن كارێكی خراپەو یەكێتیش نەخەوتووە، بەڵكو یەكێتی دەیەوێت برایەتی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بپارێزێت.
وتەبێژی یەكێتی تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە كەركوكییەكان بەدەنگەكانی خۆیان جارێكی دیكە توانیان كوردستانی بوونی كەركوك بسەلمێنن.
 لەبارەی پێكهێنانی حكومەی نوێی عیراقیشەوە، رایگەیاند: لەگەڵ پارتی و لایەن سیاسیەكانی دیكە گفتوگۆ دەكەین بۆ چۆنیەتی یەكخستنی بەرنامەكانمان و شێوەی گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، چونكە تا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن نەكرێت ناتوانرێت گفتوگۆو چۆنیەتی بەشدار لەحكومەتی عیراق دەستپێبكرێت.
رونیشیكردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق دەبێت بۆ كورد بێت، لەناو كوردیشدا پشكی هێزێكی گەورە دەبێت.

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە