ماسک باوک درامایەکی ناتورالیزمی خودگەرا

پێش 1 هەفتە

ماسک
باوک درامایەکی ناتورالیزمی خودگەرا
دانا ڕەئووف





ستریندبێرگ، کە لەساڵی ١٨٨٧دا شانۆنامەی (باوک) لە شۆپنهامن دەبینێت، تووشی حەپەسان دێت و بە ڕوونی پەیوەندییە خێزانییەکەی خۆی و (سیری فۆن ئێسن)ی دێتە بەرچاو. بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی کردەیی و لەسەر شانۆ سەیری ئەو دیمەنانە دەکات، کە لە ژیانی خۆیدا ڕوویان داوە، گوێی لەو دیالۆگانە دەبێت، کە لەژیانی ڕۆژانە و هاوسەرگیریی خۆیەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە و خۆی و سیری لەسەر شانۆ لە شەڕێکی دژواردا دەبینێت.

 
ستریندبێرگ ئەم دەقەی بە شێوازێکی ناتورالیزم نووسیوە و لە نامەیەکیشدا دەڵێت: (شانۆگەریی باوک بەرجەستەی درامایەکی سەردەمە، مۆرکێکی نامۆ لەخۆ دەگرێت. نامۆیە لەبەر ئەوەی ململانێ لەنێوان ڕۆحدایە نەک پاڵەوان، لەبەر ئەوەی جەنگی بیروباوەڕە نەک خەنجەر. ئەدیبەکانی فەڕەنسا تا ئێستا دەگەڕێن بۆ شێوازێکی دروست، بەڵام من دۆزیمەوە) ناتورالیزمیش لای ستریندبێرگ هەمان ئەو ناتورالیزمییە نییە، کە (ئەمیل زۆلا) بانگەشەی بۆ دەکرد، بەڵکو ناتورالیزمییەکەی ستریندبێرگ دیدی ژیان و پرۆگرامی ژیان خۆیەتی، نەک وەک زۆلا ڕێبازێکی ئەدەبی و کلتووری بێت. بۆیە، (باوک) درامایەک نییە ئێستاتیکا و پرنسیپەکانی ناتورالیزم، وەک ڕێباز و دیدێکی شانۆیی بەرجەستە بکات. بۆ نموونە، ئەگەر ناتورالیزمییەکەی زۆلا زەمینەیەکی فیسۆلۆگی و بنەما کۆمەڵایەتییەکان لەخۆبگرێت، ئەوا لای ستریندبێرگ چەمکێکی خوودگەرا و سیکۆلۆژی بنەماکانی پێک دەهێنێت.جگە لەمەیش شانۆنامەی (باوک) کارکردنی ستریندبێرگە لە مەسەلەکانی پرسی ژن و کێشەی نێوان ژن و پیاو، ئەم پرۆسەیەیش لە چیرۆکەکانی (ژنومێردایەتی)ەوە دەست پێدەکات و لە (باوک)دا دەگاتە ئاستی ترۆپک. ستریندبێرگ شانۆنامەی باوک لەساڵی ١٨٨٧دا، تەنها بە چەند هەفتەیەک دەنووسێت، هەر لە ساڵی ١٨٨٧یشدا لە سوێد چاپکراوە و لەساڵی ١٨٨٨دا، لەوەرگێڕانی ستریندبێرگ خۆی بە فەرەنسی بڵاو کراوەتەوە. شانۆنامەی (باوک) دەبێتە ئامڕازێکی گرینگی پەیوەندیش لەنێوان ستریندبێرگ و نیتشەدا، نیتشە باوک بە فەڕەنسی دەخوێندێتەوە و بەگەرمی ستایشی دەکات و لەم ڕێگایەوە دەبنە هاوڕێ و دەکەونە گفتوگۆ و نامە گۆڕینەوە.
ستریندبێرگ لە ڕووی دراماتۆرگییەوە پرنسیپ و ڕێسا کلاسیکییەکان (یەکەی کات و شوێن و ڕووداو) لەم دەقەدا بەکاردەهێنێت و  و لە ئەریستۆ و کلاسیکی فەرەنسی نزیک دەبێتەوە، بۆ نموونە ڕووداوەکان لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوودەدەن، شوێنیش هەمان شوێنە. دراماکە لە شەوی یەکەم ڕۆژدا دەست پێ دەکات، بەشی دووەم لە شەوی داهاتوودا، بەشی سێیەمیش لە شەوی ڕۆژی دوایدا. هەروەها تەنها یەک یەکەی ڕووداو، ململانێی نێوان لاورا و کاپتن چیرۆکی شانۆنامەکە پێک دەهێنێت. ئەم ململانێیەیش بە سێ قۆناخدا تێدەپەرێت، کە دابەش بووە بەسەر هەر سێ پەردەی شانۆنامەکەدا: لەبەشی یەکەمدا کێشەکە دەردەکەوێت، لەبەشی دووەمدا لەنێوان دوو دژی یەکسان لە هێز و ئاڕاستەدا، واتە (لاورا و کاپتن) دەتەقێتەوە، لەبەشی سێیەمیشدا دەگەینە ئەنجامەکانی ئەو شەڕە و کەوتنی کاپتن. 
کاپتن، کە کارەکتەری سەرەکیی ئەم شانۆنامەییەیە، لە پەردەی یەکەمدا وەک کەسێکی بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام لە دوا دیمەندا وەکوو کەسێکی بێهێز و بێئیرادە و بەزیو خۆی ڕادەستی چارەنووس دەکات. کاپتن کچێکی هەیە بێرتا و ژنەکەیشی لاورای ناوە. لاورا ئافرەتێکی هۆشیار و بەهێزە و لایەنێکی گرینگی کێشە و ململانێکانی ئەم شەڕی بیروباوەر و گیانەیە، وەک ستریندبێرگ ئاماژەی بۆ کردووە. لاورا دەیەوێت بێرتا ببێت بە وێنەکێش و بڕوانامەی هونەری بەدەست بهێنێت، کاپتن یەک لایەنانە بڕیاری داوە کچەکەی ببێت بە مامۆستا و ژیانێکی ئاسایی بژی. لاورا بە پێچەوانەی کاپتنەوە دەیەوێت بێرتا سەر بە چینێکی بەرزی کۆمەڵ بێت و ژیانێکی ئەرستۆکراتیانە بژی. لە ئەنجامی ئەم دوو بۆچوونەوە، کێشەیەکی قووڵ لەنێوان ئەم خێزانەدا ڕوودەدات و هەموو هاوسەرگیرییەکەیان دەخاتە مەترسییەوە. کاپتن دەیەوێت وەک باوکێک و گەورەی ماڵ ئەو بڕیار بدات، لاورایش هەموو چەکێک بەکار دەهێنیت بۆ ئەوەی قسەی مێردەکەی نەچێتە سەر و بۆ ئەم مەبەستەیش شەڕێکی دەروونی لەگەڵ کاپتن دەکات. بۆ نموونە، لاورا گومان لە باوکایەتی بێرتا لەلای کاپتنی مێردی دروست دەکات، کاپتنیش کە پیاوەتی دەخرێتە ژێر گۆمانەوە هەست و هۆشی لە دەست دەدات و لە بارێکی دەروونی خراپدا دەژی. لە ڕەوشێکی نالەباری دەروونیدا چرایەک بە داگیرساوی دەگرێتە لاورا، بەمەیش هەموو شتێک لە دەست دەدات. لاورا دەتوانێت دەرگای لەسەر دابخات و دەستبگرێت بەسەر دارایی کاپتن و هەموو ماڵەکەیشدا. لە دوا بەشی شانۆنامەکەیشدا، بە بەڵگە و لەسەر داواکاری پزیشک، کاپتن بەند دەکەن و لە کراسێکی فەقیانە درێژی شێتخانەکاندا قۆڵبەستی دەکەن. لە کۆتایشدا لاورا سەرکەوتووە، ئەو شەڕی مێشک و دەسەڵاتی کردووە و لەم شەڕەیشدا، کە ئەو بە هیچ جۆرێک چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە کارەساتئاساییەی لێ نەکردووە، بەسەرکەوتوویی لێی دێتە دەرەوە.
جیاوازیش لەنێوان لاورا لە باوک و کارەکتەری نورا لە ماڵی بووکەڵەی ئیبسن دا، ئەوەیە لاورا ژیانێکی تر لە دەرەوەی هاوسەرگیرییەکەیاندا بۆ خۆی نابینێت، بە تایبەتی خاوەنی هیچ ئابوورییەکی تایبەت بەخۆی نییە، تەنها ڕێگایش ئەوەیە دەست بگرێت بەسەر پارەکانی مێردەکەیدا، جا بە هەر ڕێگایەک بووە. ئەمەیش ئەو لایەنە هۆشیارەی ئەم کارەکتەرە ئافرەتەیە، کە ستریندبێرگ بە وردی دروستی کردووە؛ لاورا دەیەوێت خۆی لە مێردەکەی ڕزگار بکات و دەست بەسەر پارەکانیدا بگرێت و بە سەربەستی بژی.
کارەکتەری کاپتن هێمایەکی بەهێزی ستریندبێرگە و بەشێکە لە بیوگرافیای خۆی، کێشە و ململانێکانی نێوان ژن و پیاو، لەنێوان ئەو حەزەی دەیەوێت بەسەر هەموو نەژادی ژندا سەربکەوێت و بەتەواوی ملکەچی خۆیانی بکات، بەشێکی گرینگی ئەم شانۆنامەیەیە. لەم ڕووەیشەوە ستریندبێرگ هێندە ژیان و شیعر، واقیع و خەیاڵی تێکەڵاو کردووە، کە گرانە لەیەک جیابکرێنەوە. چۆنییەتی بیرکردنەوە، بەدگومانییەکەی لە هەموو شتێک، نائارامی، نادڵنییایی، تەنگەژەکانی ژیانی خێزانی و ئەو شتانەیشی لە نامەکانیدا باسی کردوون، دەروازە و سەرچاوەیەکی گرینگ و سەرەکین بۆ شانۆنامەی (باوک). لەگەڵ ئەوەیشدا (باوک) تەنها گوزارشتێک نەبووە لە قەیران و کێشەکانی ناوەوەی ستریندبێرگ، بەڵکو دەقێکی شانۆیی و شاکارێکی درامی بەرزە.


تێبینی
ئەم دەقە گرینگەی ستریندبێرگ ئێستا لە بەردەستدایە و دلاوەر قەرەداغی لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو کراوەتەوە.





زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە