پەیام‌و بەرنامەو دروشمەكانی لیستی 162 بۆ هەڵبژاردن

6 رۆژ پێش ئێستا

پەیام‌و  دروشم‌و  بەرنامەی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارە 162 بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق
-ئێمەی درێژە پێدەری ڕێبازی یەكێتی و مام جەلال، كارەساتەكان نەیبەزاندوین، لەسەركەوتنیشدا بێباك نەبوین، بۆیە لەبەرامبەر چەواشەكارییەكانی ئێستادا هەر داستانی سەوزین.
-بەرەنگاربونەوەی ڕۆژگاری ڕەش و هەستانەوەی ئیرادەی گەل ناسنامەمانە، خزمەت و ئاوەدانیش ڕێگامانە، هەمیشە ئەركمان قورس بووە، بۆیە هەڵەمان كردووەو فێریش بووین، لە قوربانیدان درێخیمان نەكردووە.
-لیستێكی خاوەن بڕواو نوێبونەوەو گۆڕانكاریمان هەیە، سوردەبین لەسەر جێبەجێ كردنی دەستور و ماددەی 140و چەسپاندنی دیموكراسی و دژایەتی كردنی شۆڤینیەت و تایەفەگەری و هەڵگرتنی گەمارۆی ئابوری ، بۆیەدەنگ بدە بە لیستی 162.
-ی.ن.ك   سورە لەسەر گەڕانەوەی مافە نەتەوەییەكانمان و چارەسەری ئاشتیانە بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان.
-قوتابخانەی مام جەلال-ین، وەفاداری شەهیدانین، پێشمەرگەی پێشەوەی سەنگەرین.
-دەنگ بدە بە لیستی 162 بۆ ئەوەی تیمێكی بەهێز بنێرینە بغداد بۆ بەدەستهێنانەوەی ئایندەمان.

دروشمەكانی لیستی یەكێتیی ینیشتمانیی كوردستان ژمارە 162
•بەدەستهێنانەوەی ئاییندەمان مافێكی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیمانە.
•دەنگدانت.. بە یەكێتییەكەی مام‌و  ڕێبازەكەی بۆ كوردستانێك كە داهاتووی لە دەستی خۆیدا بێت.
• بەدەنگدانت.. پارێزگاری لە داهاتووی كوردستان دەكەیت.
• دادپەروەری بە كەسانی لاواز نایەتە دی.
•ڕێبازی مام جەلال سایەی هیواكانە.
•مادەی 140 ستراتیژی كوردایەتییە.
•داهاتوومان لە عێراقدا دەوێت كە دیموكراسی‌و  مافی چارەنوسمان بپارێزێ.
•كوردستانیەكی عێراقی‌و  عێراقییەكی كوردستانین.
•داهاتوویەكی بەهێز لە پێناو مافی چارەی خۆنوسین.
•بەدەنگدانت.. یەكێتییەكی بەهێز لە عێراق دروست دەبێت، بۆ بەرگریكردن لە دیموكراسی.
•پێشێلكردنی مادەی 140دژایەتی رای گشتییە.
•دەنگدانت بەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گەمارۆی ئابووری بەغدا دەڕوخێنێت  - فێربوون لە ڕابردووەوە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی باشترو گەشترە.
•رەخنە لەهەڵەكانی رابردوومان، مەرجی چارەسەریانە لەداهاتودا.
•دەوڵەتی تایفەگەری، دژایەتی ژنانە.
•بەبێ كۆنتڕۆڵكردنی داهاتوومان ئازادی ژنان مەحاڵە.
•بەچاودێریكردنی بازاڕ  ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی فەراهەم دەكەین.
•قەرەبووكردنەوەی خانەوادەی شەهیدانی هەڵەبجەو ئەنفالكراوان ئەركمانە.

بەرنامەی هەڵبژادنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارە 162
پێشەكی:
دامەزراندنی سیستمی سیاسی لەسەر بناغەی هەڵبژاردنی ئازاد بەری خەباتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و حزبەكانی ترە، كە بە شێوەیەكی كارا بەشداربوون لەروخاندنی رژێمی پێشوو و دامەزراندنەوەی دەوڵەت لەسەربنەمای دیموكراسی دەستوریی.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕابەری (مام جەلال) رۆڵێكی  گرنگ و میحوەری لە پرۆسەی گۆڕان بەرەو دیموكراسی و داڕشتنی بنەما دەستوریەكانی فرەیی سیاسی و فیدڕاڵیزم و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان نەتەوە و مەزهەب و ئاینەكاندا بینیوە.
هەموو دەزانین، كەئەمڕۆ عێراق و ناوچەكە لە رەوشێكی هەستیاردایە، بۆیە بوونی تیمێكی بەهێزی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویست دەزانین بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بەشدارییەكەی كاراتر بكات لەدەربازكردنی عێراق لەتەنگەژە سیاسیەكانی، تابگەرێتەوە بۆ بنەماكانی دەستور و تەوافقی سیاسیی و شەراكەتی راستەقینە. چونكە تائەمرۆ دەوڵەتی ناوەندی رێزی لەپایە و پێگە و لە ئیستحقاقی نەتەوەیی گەلی كورد وەك نەتەوەی دووەم نەگرنووە و هاوكات بێباك بووە لەجێبەجێ كردنی ماددەی (140)ی دەستوور، كە ئەركێكی دەستوری و نیشتیمانی و ئەخلاقی حكومەتی ناوەندییە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنداریەتی لەئەركە مێژووییەكانی سەرشانی دەكات كەئەمرۆ وەك لایەنێكی سەرەكی بەشدارە لەبنیادنانی عێراقی فیدرالی فرەیی،  چەسپاندنی شەراكەتی راستەقینە وەك ئەوەی  لە دەق و رۆحی دەستوری پەسەند كراوی ساڵی2005 داهاتووە ئەویش بەوەی كەكۆمەڵێك یاسا دامەزراوەی  فیدراڵی هەیە، كەتائەم رۆ نەدەرچوون و نەكاریشیان پێكراوە وەك ئەنجومەنی فیدراڵی (ژووری دووەمی پەرلەمان)، كە هاوسەنگی نێوان زۆرینەو كەمینە دیاری دەكات. ئەمەش بەرای ئێمە باشترین چارەسەرە بۆ هەموو ئەو كێشانەی، كەلەتاقیكردنەوە دیموكراسییەكەی ئێستای عێراقدا نەهاتۆتەدی. دیارە باشترین رێگەش بۆ زامنكردنی داهاتوویەكی گەشتر بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، بوونی تیمێكی بەهێزی كوردستانییە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا و هاوكات ئەزموونی عێراقی نوێش ئەوەی خستۆتەروو، كە بەبوونی هەڤاڵانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێپرسراوێتیە باڵاكاندا، دەبێتە زامنكردنی ئەو مافە بۆكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
بۆیە بنیادنانی عێراقێكی دیموكراسی و فرەیی و فیدراڵی و تەوافقی هەر وەك لەدەستووردا هاتووە، ئامانجێكی پیرۆزە و لەسەر هەموو عێراقییەكانە بەهەموو پێكهاتەكانیەوە هەوڵی بەدی هێنانی بدەن و لەورێگەیەوە چارەسەری سەرجەم كێشە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبییەكان بكرێت، تابەهۆیەوە سەرجەم مافی دەستوری و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان بەگەرانەوەی ناوچە دابراوەكانیش بۆ هەرێمی كوردستان پراكتیزە بكرێت.
بۆ بەدیهێنانی ئەوئامانجانەش داوامان لەسەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، كە دەنگ بدەن بەلیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارە 162، كە ئەمە بەرنامە و پەیامی ئەو لیستەیە.

یەكەم: دۆزە سیاسی‌و  ستراتیژییەكان:
1-چەسپاندنی بنەماكانی سیستمی فیدڕاڵی‌و  فرەیی‌و  گەرانەوە بۆ دیموكراسی تەوافقی بۆ بەدیهێنانی شەراكەتی ڕاستەقینە، لە دروستكردنی بڕیار لەنێوان پێكهاتە سەرەكیەكانی گەلی وڵاتدا.
2-رێزگرتن وپابەند بوون بەدەستورەوە، وەك بەرزترین قەواڵەی سیاسی دەنگ بۆ دراو، بەپێی ئەو بنەمایانەی، كە سیستمی حكومرانی نوێی لەعێراقدا لەسەر دامەزراوە.
3-بەهێزكردنی  رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر هەردوو ئاستی یاسادانان و چاودێریی بەجۆرێك، كە بتوانێت دەسەڵاتەكانی خۆی لەدەستوردا جێبەجێبكات. لەوانەش بنیادنانی دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵی و چەسپاندنی دیموكراسی بەتایبەتیش ئەو مافانەی، كە پەیوەستن بە مافە دەستوریەكانی گەلی كوردستانەوە.
4-چەسپاندنی لەسەربەخۆیی دادوەری و تەواوكردن و بیناكردنی دامەزراوەكانی ئەو دەسەڵاتە و لەسەروی هەمووشیانەوە (دادگای فیدڕاڵی باڵاو ئەنجومەنی دادوەری باڵا).
5-پتەوكردنی بنەماكانی  مافی مرۆڤ و پاراستنی لە هەر پێشێلكارییەك.
6-چركردنەوەی سەرجەم توانا و تەقەلاكان، بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستوری لە ماوەی ئەم 4 ساڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
7-پتەوكردنی یەكگرتوویی زیاتری ریزی هێزە كوردستانیەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدایانەی كە روبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە،  بەپێی بەرنامەیەیەكی یەكگرتوو، كە هەموولایەنەكان لەسەری كۆك بن.
8-داكۆكی كردن لەمافە دەستوریەكانی  گەلی كوردستان ، لەسەر سەرجەم ئاستەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و ئەنجومەنی دادوەریی و ودامەزراوە دەستوریەكانی تر.
9-نوێنەرایەتیەكی  بەهێزی هەڤاڵانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حكومەتدا پێویستە، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستان و نواندنی رۆڵی كاریگەرانەی لەپرۆسەی سیاسیدا.

دووەم:  دۆسیەی ئاسایش:
1-بەگژداچوونەی تیرۆرو وەستان بەرامبەر هەركارێكی تیرۆرستی و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان لەهەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان، بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم ئەو دامودەزگائەمنی و سەربازییە عێراقیانەی، كە ئەو ئەركەیان دەكەوێتە ئەستۆ. بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
2-دەركردنی یاسای (رێكخستن و تەیاركردن و چەكداركردن و موچەی هێزەكانی پێشمەرگە) بەجۆرێك، كە هاوسەنگ بێت لەگەڵ سوپای عیراقدا.
3-وەرگرتنی سەرجەم ئیستیحقاقە داراییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە كە لەیاسای موازەنەی ساڵەكانی (2007 - 2018) داهاتووە لە بودجەی حكومەتی فیدڕاڵی.
4-دوورخستنەوەی هێزە نادەستورییە تاك پێكهاتەكان لە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكاندا و رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی ئەم ناوچانە بە هێزی هاوبەشی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش لەهێزەكانی  پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیسی فیدراڵی ، بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ هیچ تەشكیلاتێكی سەربازی  دەرەوەی ئەو هێزانە و دەرەوەی دەستوردا نەكرێت.
5-سەرفكردنی دەرماڵەی مەترسیی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش، كەلەچوارچێوەی ئەركە هاوبەشەكاندا ئەركی پاراستنی ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكانیان پێ سپێردراوە.
6-دووركەوتنەوە لە بە میلیشیا كردنی كۆمەلگاو تێوەگلاندنی سوپا لە ململانێ سیاسییەكاندا.بۆئەمەش پێویستە دامەزراوەی سەربازی بكرێت بە دامەزراوەی دەوڵەت و خاوەن عەقیدەی نیشتمانیی و فیدراڵی بێت و تەرخان بێت بۆ پاراستنی سەروەری عیراق دەستوری و فیدراڵی و بەكارنەهێنرێت بۆ ململانێ ناوخۆییەكان ،تانەبێتە ئامرازێك بۆسەركوتكردنی گەل لە جێبەجێكردنی سیاسەتی حزبێك یان كەسێكی دیاریكراو.
7- كاركردن بۆبەهێزكردنی پێگەی كورد لەدامەزراوە سەربازی و ئەمنیە فیدراڵیەكاندا.

سێیەم: دۆسیەی ئیداری‌و ئابووری:
1-داكۆكی كردن لە پشكی هەرێم‌و  ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان، لەچوارچێوەی بودجەی  دەوڵەتی فیدڕاڵیدا.
2-سپاردنی دەسەڵاتی كارگێری‌و  دارایی زیاتر بە هەرێم‌و  پارێزگاكان، بە بواری سەرفكردنی دارایی موازەنە و گرتنەبەری سیستمێكی عادیلانە بۆ دابەشكردنی موازەنە بەپێی دەستور، بەڕەچاوكردنی ئەو زیانانەی، كە لەسایەی (ڕژێمی پێشوی داعش)ەوە  بەر كوردستان كەوتووە.
3-دابینكردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی ساڵانەی فیدراڵیدا، بەچەشنێ كەپێداویستییە ماددیەكانی هەرێم دابین بكات.
4-قەدەغەكردنی بەكارهێنانی موازەنە وەكو وەرەقەیەكی فشاری سیاسی دژ بە هەرێم و سزادانی گەلی كوردستان، بەهۆی كێشەی سیاسی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم.
5-دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەك ، كە دەسەڵاتی دەستوریی تەواو بەهەرێم بدات لەبواری نەوت و وزەدا و داهاتەكانی لەخزمەتی گەلی كوردستاندا بێت.
6-چاودێری داهاتەكانی فیدڕاڵی بكرێت بەجۆرێك، كە زەمانەتی دابەشكردنی عادیلانەی سامان لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراقدا بكات.

چوارەم: تەندروستی‌و  ژینگە
1-زەمانەتی ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان بكرێت ،لەناردنی ئامێرو پێداویستیە  تەندروستیەكانی لە حكومەتی فیدڕاڵیەوە بۆ حكومەتی كوردستان.
2-چاككردنی سیستمی تەندروستی لەعیراق و گرنگی دان بە رۆشنبیری تەندروستی.
3- یادكردنی هەماهەنگی لەنێوان حومكەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم ، بۆگرینگیدان بە ژینگە و دروستكردنی روبەرە سەوزە فراوانەكان و بەرگرتن لە پرۆسەی بەبیابان بوون.
4-كاراكردنی رۆڵی چاودێریی تەندروستی لەلایەن دەزگای پێوانەكان و كۆنتڕۆڵی جۆریی (النوعیە) لەسەر ئەودەرمانانەی ، كە لەناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن یان هاوردەدەكرێن بۆ عیراق و كوردستان.

پێنجەم: پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی باڵا
1-بەپراكتیك كردنی زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی لەهەموو زانكۆ و كۆلێژەكانی عیراقدا.
2-فەراهەم كردنی كورسی خوێندن و نێردراوەكان بۆ كۆلێژ و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ،  لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو ناردنیان بۆ دەرەوەی عیراق ، بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا.
3-چاككردنی سیستمی پەروەردەیی و خوێندن لە عیراق و گرتنەبەری فەلسەفەیەكی پەروەردەیی نوێ ، كە ببێتە مایەی پەرەپێدانی گیانی لێبوردەیی و چەسپاندنی بەهاكانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتە تەكنیكی و ئاینیەكان لەعێراقدا.
4-گرنگیدان بە خوێندنی باڵاو بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لەعیراقی فیدراڵدا.
5-گرینگیدان بەخوێندن بەزمانی كوردیی لەقوتابخانەكانی پارێزگاكانی ناوەراست‌و  خوارو، بەتایبەتی لە شاری (بەغداد)ی پایتەختی دەوڵەتی فیدراڵدا.

شەشەم: گەشەپێدانی گەنجان‌و  لاوان
1-كاركردن بۆ دابەزاندنی تەمەنی كاندید بوون بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران لە (30) ساڵەوە بۆ (25) ساڵ.
2-كاركردنی لێبڕاوانە بۆ دەستەبەركردنی زەمانەتی بەشداری گەنجان، لە دروستكردنی بریاری سیاسی و نوێنەرایەتییان لە نێوەندە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و دەزگاكانی دەوڵەتدا.
3-كاراكردنی سیستمی پشگیری كردنی گەنجان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و رەخساندنی هەلی كار بۆیان.
4-هاریكاری گەنجانی هەڵكەوتوو داهێنەر بە پێشخستنی تواناو لێهاتوویی دەست ڕەنگینیان.
5-پێش خستنی دامەزراوە تایبەتەكانی چالاكی گەنجان و كردنەوەی خولی فێربوون و پیشەیی بۆ بەرزكردنەوەی تواناكی گەنجان.
6-ڕەخساندنی هەلی دامەرزاندن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و دامەزاروەكانی كەرتی تایبەت.

حەوتەم: پرسی ژن
1-دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ پێشخستنی واقیعی ژن‌و  پاراستنی مافەكانیان،  لەهەر جۆرەپیشێل كارییەك.
2-بەشداریی ژن لە هەموو جومگەو دامەزراوەكانی دەوڵەت (سیاسی، ئابوری، كارگێڕی، كلتوری‌و   كۆمەڵایەتی ..هتد).
3-فەراهەم كردنی زەمینەی شیاو بۆ ژنان و كاراكردنی ڕۆڵیان لە كاركردن، بەشێوەیەكی یەكسان لەگەڵ پیاواندا.
4-دابین كردنی موچەو یارمەتی دارایی بۆ ژنان لەكاتی لەدەستدانی بەخێوكەردا، یان بەهەر هۆیەكەوە بێت لەچوارچێوەی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتیدا.

هەشتەم: بواری ئەدەبی‌و هونەری:
1-پشتگیری كردنی  رۆشنبیران و هونەرمەندان و دەستەبەركردنی هەلەكانی پێشبڕكێی عادیلانە بۆیان، بۆ پێشكەشكردنی چالاكیە ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیریەكان.
2-دەستەبەركردنی كەشی گونجاو و ئازادیی‌و  سەربەستی تەواو، لەبواری چاپەمەنی بڵاوكردنەوەدا.
3-بایەخدان بەفەرهەنگ‌و  كلتوری كوردی،  لەسەرجەم دامودەزگا رەسمیەكانی دەوڵەتی فیدراڵدا.
4-هاوتاكردنی  چڤات‌و  ئەو ڕێكخراوە پیشەیەیی‌و  دیموكراسیانەی، كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەگەڵ ڕێكخراوە هاوپیشەكانیان لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵدا.

نۆهەم: شەهیدان‌و  ئەنفالكراوان:
•شەهیدەكان سیمبوڵی خەباتی نەتەوەیی كوردستانن. بۆیە پابەند كردنی حكومەتی فیدراڵی بەبریارەكانی دادگای باڵایی تاوانەكان بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی شەهیدو ئەنفال لەرووی ماددی و مەعنەوییەوە، بەئەركی نیشتیمانی و پیشەیی و ئەخلاقی خۆمانی دەزانین.
•كاراكردنی ڕۆڵی دامەزراوەكانی بواری بە ئەرشیف كردنی تاوانەكانی (ڕژێمی پێشوو و داعش).
•بەردەوام بوون لەسەر هەوڵدان بۆ بەنێو دەوڵەتیكردنی تاوانەكانی جینۆساید، كە دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجام دراون، بۆ بەدیهێنانی دانپیانانی نێودەوڵەتی بەو تاوانانەدا.
•دادگایی كردنی سەرجەم ئەو كۆمپانیاو كەسانەی، كە چەكی كیمیاوی قەدەغە كراویان داوە بەڕژێمی پێشوو.
•بەردەوام بوون لە گەران بەدوای روفاتی شەهیدەكان‌و  ئەنفالكراوان‌و  گێرانەوەیان بۆ زێدی باو باپیرانیان لەكوردستان.
•پێویستە سەرجەم گیراوە سیاسیەكان و خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەو ئیمتیازاتانەی، كەدەدرێت بە گیراوە سیاسی‌و  شەهیدەكان لەعیراقی فیدراڵدا بێبەش نەكرێن و بەهرەمەند بن.
•نۆژەندكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی سەرجەم ئەوشارو شارۆچكە و گوندانەی، كەبەهۆی شەری ماڵوێرانكەری (داعش)ەوە زەرەرمەند بوون، وەك شارەكانی (موصل،  شنگال، جەلەولا،   دوزخورماتوو ..هتد).

دەهەمین: بواری ئایینی
•رێزگرتن لەبنەماكانی ئاینی ئیسلامی حەنیف.
•كاركردن بۆ جێگیركردنی لێبوردەیی ئایینی لە نێوان سەرجەم ئایین‌و  مەزهەبە جیاوازەكاندا.
•دەستەبەركردنی كەشی گونجاو بۆ نزیك بوونەوە لە نێوان ئایین‌و مەزهەبە جۆراوجۆرەكان، لەرێگەی گفتوگۆ‌و  دیالۆگی شارەستانیانەی  نێوانیانەوە.
•دەستەبەركردنی ژیانێكی باش بۆ زاناو پیاوە ئاینیەكان.

یانزەهەم: بوارەكانی  وەرزش
•گرنگیدان بە وانە وەرزشیەكان لەهەموو قۆناغەكانی خوێندنداو كردنەوەی زانكۆ و كۆلێژی تایبەت لەو بوارەیا.
•كردنەوەی  یاریگا‌و  هۆڵی وەرزش‌و  مەلەوانگە، لە پارێزگاو قەزاو ناحیەكاندا.
•پشتیوانیكردنی تیپە میللـیەكان بۆ پێشخستنی بواری وەرزشی، لەروی دارایی‌و  مەعنەوییەوە.
•زیادكردنی توانای دارایی بۆ یانە وەرزشیەكان‌و  پاراستنی مافی یاریزانان.

دوانزەهەم: بواری كۆمەڵایەتی:
•دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و سودوەرگرتن لەوزە و  توناكانیان.
•پێویستە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان ، لەسەرجەم ئیمتیازاتەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی بەهرەمەندبن.
•دەبێت دابەشكردنی عادیلانەی داهات بەجۆرێك بێت ، كە عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت.
•گرنگی دان بە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵایەتی و قوڵكردنەوەی گیانی هاوكاری و لێبوردن لەكۆمەڵگادا.
•كۆتایی هێنان بە جیاوازی لەسەر ئاستی ڕەگەزیی نێرو مێ و نەهێشتنی توندو تیژی دژی ژنان.
•دامەزراندنی سەنتەری چاودێری بۆ كەسانی بەساڵاچوو و نەخۆش و ڕێزگرتن لە ماف و كەساییەتییان و  پارێزگاریكردنیان لە بواری تەندروستیدا.
•پەیڕەوكردنی سیستمی بیمەی تەندروستی، وەك یەكێك لە گرنگترین بوارەكانی سیستمی كۆمەڵایەتی لەپێناو بەدیهێنانی دادوەری كۆمەڵایەتیدا.

بەهیوای بەدەستهێنانی متمانەی ئێوەیەن بۆ بەدیهێنانی ئەم پەیامەمان.

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە