مەلا بەختیار: ئەگەر ھەبێت بیەوێت ئیھانەی ئەو کەسانە بکات کەلە یەکێتی چونەتەدەر ئەوا قبوڵی ناکەم، چونکە ئەوان رێگەی خۆیان گرتەبەر

11/01/2018

ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین كۆده‌بێته‌وه‌و تیایدا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ده‌بێ كه‌ركوك خاڵی وه‌رچه‌خان و میحوه‌ری بێ بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ته‌عریبی نوێی تائیفی و مافی سیاسی و دیموكراسی میلله‌ته‌كه‌مان.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (11/1/2018) مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا به‌ئاماده‌بوونی شێركۆ میروه‌یس، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین، دۆخی كوردستان، عیراق، ناوچه‌كه‌ و ئه‌و مه‌ترسیانه‌شیان رونكرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری هاوكێشه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ نوێیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌، دۆخی ناوخۆی عیراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی به‌دۆخێكی ناجێگریدا تێده‌په‌ڕێ و تیایدا ته‌ئكیدیشیان كرده‌وه‌، كه‌: ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ته‌عریبی نوێی تائیفی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ببینه‌وه‌.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پاشئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی بۆ سه‌ر گڵۆكۆی سه‌رۆك مام جه‌لال و به‌خێرهێنانه‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ هه‌واڵپرسینی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی به‌بایه‌خه‌وه‌ ناوبرد، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌: ده‌بێ ئێوه‌ی خانه‌قینییه‌كان، هه‌میشه‌ به‌عه‌قڵی مه‌ده‌نیانه‌ ئه‌ركه‌كانتان رابپه‌ڕێن، به‌شێك بن له‌چاره‌سه‌رو برای برایه‌تی ناو یه‌كێتیی بن.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، وێڕای ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ردۆخی كه‌ركوك و خانه‌قینی به‌وردی رونكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌و پلانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ كرد، كه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ داڕێژرابوو، دۆخی ئارام و ئاسایشی خانه‌قین و گه‌رمه‌سێری به‌گرنگ ناوبردو وتی: خانه‌قین به‌ته‌حه‌دا نا، به‌ڵكو به‌ به‌رنامه‌رێژی و به‌عه‌قڵی ورد پارێزرا، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ مه‌ترسییه‌كان بگیرێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت.

وتی: ئێستاش كه‌ خانه‌قین پارێزراوه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ماده‌ی (140) و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌. چونكه‌ هه‌بون دوو ساڵه‌ ده‌یانویست دۆخی خانه‌قین تێكبده‌ن و ئاسایش و ئارامییه‌كه‌ی بشێوێنن و ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌: ئێستاش پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چی بكه‌ین؟ و  رایگه‌یاند: خانه‌قین به‌قه‌د خۆی كاریگه‌ری به‌سه‌ر رووداوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانێ هاوكێشه‌ی باشوری كوردستان بگۆڕێت كه‌ركوكه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی له‌هه‌ڵدێر نزیكخسته‌وه‌، هه‌ر كه‌ركوك بوو. وتیشی: دروستكردنی لیستی هاوبه‌ش له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ماده‌ی (140)، پێشنیازی یه‌كێتییه‌و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، به‌رچاو روونی زیاتری خسته‌ڕوو.رایگه‌یاند: ده‌بێ به‌ئاگابین و نه‌هێڵین، ته‌عریبی نوێی تائیفی له‌كه‌ركوك بنكه‌ دابنێت و جومگه‌ جیاوازه‌كان كۆنتڕۆڵ بكات، چونكه‌ به‌له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك، ده‌بێ دڵنیابین، كه‌ خانه‌قینیش له‌ده‌ستده‌ده‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كان بگۆڕین، به‌هه‌ر رێگایه‌كی دیالۆگ، رێككه‌وتن و به‌رگری بێ، ئه‌وا ده‌توانین له‌زۆرێك له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دڵنیابین و ناشكرێ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئۆرگانیكییه‌ نه‌بینین كه‌ له‌نێوان ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان هه‌یه‌.

له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا، مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌ی به‌ هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردو به‌هه‌لومه‌رجێكی شێواوی ناوبردو وتی: غروری عه‌سكه‌ری بۆ هیچ كه‌سێك ناچێته‌ سه‌رو له‌مێژووشدا روونه‌، هه‌ر وڵاتێك تووشی غروری عه‌سكه‌ری بوبێت، هه‌ره‌سی هێناوه‌.
هاوكات، رونكردنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر شێواوی سیاسی، ئابوری و ئاسایش له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خسته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و شێواوییانه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئۆرۆپاش هه‌یه‌و هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌: نه‌ كوردستان به‌تایبه‌تی و نه‌عیراقیش به‌گشتی ناتوانێ له‌كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و شێواوییه‌و هاتنه‌ ئارای ئاڵوگۆڕه‌ نوێیه‌كان به‌ده‌ر بێت.

له‌و دیده‌شه‌وه‌، دۆخی شێواوی عیراق و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م تێكچوونی دۆخی حوكمڕانی و رێككه‌وتنی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تاوتوێكردو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌: هه‌ر هاوكێشه‌و ئاڵوگۆڕێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت و وتی: 
به‌شێكیش له‌دۆخی ئێستای هه‌رێم، په‌یوه‌ندی به‌شێواوی دۆخی هه‌رێمایه‌تی و ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و به‌شه‌كه‌ی تریشی په‌یوه‌ندی به‌سیسته‌می حوكمڕانی و هه‌ڵه‌كانی رابردووه‌وه‌ هه‌یه‌و رایگه‌یاند:ئیتر ده‌بێ تێبگه‌ین كه‌ چیتر به‌عه‌قڵی عه‌نته‌ریات سیاسه‌ت ناكرێت.
وتیشی: ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا ئیتر باوی نه‌ماوه‌، هه‌موو ئه‌و لێپرسراوه‌ بازرگان و ترسنۆكانه‌ن كه‌ له‌بری خه‌می خه‌ڵك، خه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوریی و بازرگانییه‌كانیانه‌ و جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌و مانان كه‌ قسه‌ ناكه‌ین، نامانه‌وێ ویژدانی برینداری خه‌ڵكی ماندوو زیاتر ئازاربده‌ین و ئازاره‌كان زیاتر بكه‌ین و ئه‌وه‌ش له‌شه‌رمی یه‌كێتییه‌ كه‌ هیچ ناڵێین.

له‌كۆتایی وته‌كانیشیدا له‌باره‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، وتی: هه‌تا دوێنێ كه‌ قسه‌مان ده‌كردو ره‌خنه‌مان ده‌گرت، هه‌وڵده‌درا ئه‌مه‌ روونه‌دات، چونكه‌ كاك به‌رهه‌م سووربوو له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆیی و دوێنێ كۆنگره‌ی به‌ست، به‌ڵام له‌مه‌ودوا، قبوڵ ناكه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ كه‌ له‌یه‌كێتیی چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و حزبی خۆیان دروست كردووه‌، هه‌موو یان ئازادن و ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش هه‌بێ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ئیهانه‌یان بكات، به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌رگریان لێده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وان رێگه‌ی خۆیان و ئێمه‌ش رێگه‌ی خۆمان گرتۆته‌به‌ر.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، رۆڵی خانه‌قین و خانه‌قینییه‌كانی له‌خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌ماندا به‌رزنرخاند و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: هه‌میشه‌ خانه‌قین له‌خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا ئاماده‌یی هه‌یه‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی ئازان و كوردپه‌روه‌رن و وتی:
هه‌میشه‌ وا ده‌ڕوانم كه‌ ئێوه‌ له‌كاره‌كانتانداو راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانتاندابه‌یه‌كه‌وه‌ن و سه‌ركه‌وتوون، چونكه‌ كوردیه‌دایه‌تی پێكه‌وه‌ كۆی كردوونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ له‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی سه‌رده‌می ناخۆشدا، قوربانی زۆر ده‌به‌خشن و ئازاری زۆر ده‌چێژن و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بن. له‌سه‌رده‌می خۆشی و سه‌ركه‌وتنیشدا، زۆرینه‌تان به‌شداری سه‌ركه‌وتنه‌كان و خۆشییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌ن.

عومه‌ر فه‌تاح، راشیگه‌یاند: هه‌رده‌م وام بینیوه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئێوه‌، له‌خه‌ڵكه‌ هه‌ره‌ تێكۆشه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌تانن و هیچ كاتێكیش له‌كوردایه‌تی كۆڵناده‌ن و كۆڵیشن ناده‌ن هه‌تا كورد به‌ئامانجه‌كانی ده‌گات و سه‌رده‌كه‌وێت.

هه‌ر له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، حاكم قادر حه‌مه‌ جان، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وتی: خانه‌قین هه‌م له‌بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان به‌شدارییه‌كی كاریگه‌رتان هه‌بووه‌، هه‌م له‌ئه‌ده‌ب و كه‌لتوری كوردیشدا، نوسه‌ری گه‌وره‌و هه‌ڵكه‌وتووتان هه‌یه‌.

وێڕای ئه‌وه‌شی جه‌ختی له‌پێویستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرده‌وه‌، حاكم قادر حه‌مه‌جان، وتی: به‌تایبه‌ت ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای یه‌كێتیی زۆر جیاوازه‌، له‌قۆناغه‌كانی رابردووی و باوه‌ڕی خۆیشی نیشاندا كه‌ سه‌رده‌می موجامه‌له‌ به‌سه‌رچووه‌و پێویسته‌ به‌ئاشكراو به‌راشكاوی په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر برینه‌كانمان  و ململانێكان و ئه‌وه‌ی هه‌قه‌و ئه‌و ناهه‌قیشه‌ به‌راشكاوی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.

حاكم قادر حه‌مه‌ جان، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌: ده‌بێ بوێرانه‌تر بێینه‌ مه‌یدان بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆمان بكه‌ین، چونكه‌ له‌م قۆناغه‌و له‌ئێستاشدا یه‌كێتیی رۆڵی میحوه‌ری له‌كوردستاندا  و له‌پرسی نه‌ته‌وه‌یماندا ده‌گێڕێ و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌یه‌كگرتوویی زیاتره‌ له‌ناوخۆماندا و ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌:
پێویسته‌ به‌هه‌ڵه‌كانماندا بچینه‌وه‌و ده‌شبێت بزانین كه‌ركوك خاڵی سه‌ره‌كی و میحوه‌ری هه‌ڵسانه‌وه‌ی بڕوای میلله‌ته‌كه‌مانه‌و ئه‌ركی یه‌كێتیش به‌تایبه‌تی، له‌ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر قورستره‌.

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە