ژمارەیەك كادری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هاتنە ناو ریزەكانی یەكێتییەوە

پێش 2 هەفتە

ئێوارەی رۆژی 2018/1/9، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەئامادەبوونی لێپرسراوی كۆمیتەی بازیان، پێشوازی لەژمارەیەك هاووڵاتی سنوری بازیان كرد، كە پاش وازهێنانیان لە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ"، خواستیانە خەباتی خۆیان لەسەر رێبازی یەكێتیی‌و لەچوارچێوەی سیاسەتی دروست‌و رەوای یەكێتیی درێژە پێبدەن‌و لەپێناو ئامانجە رەوامانی یەكێتیی، بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان‌و دانیشتوانی سنوری بازیان تێبكۆشن.
لەلایەن خۆیشییەوە، پاشئەوەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەو پۆلە لاوەی بەخێرهێنا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئێوە كە بەهەڵبژاردە‌و ئازادی خۆتان، چوونەتە ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەوە فەزڵەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادییەی كە لەناوچەكانی یەكێتیدا هەیە، كە رەوتێكی نوێ پەیدابوو، گوتار پێشكەش دەكات‌و خەڵك كۆدەكاتەوەو كۆنگرە دەبەستێ‌و بە پەڕی ئازادی بەرنامەو بڕیار بڵاودەكەنەوە.

وتیشی: لەچوارچێوەی یاسا، شەرع‌و ئسوڵدا، هیچ كەسێك ناتوانێ رێگەی لێبگرێت، ئەگەر رێگەشی لێبگیرێ، ئەوا من یەكەم كەس دەبم كە بەرگری لێدەكەم. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەگەر سیاسەتەكەی، پڕوپاگەندەكەی لەگەڵ یاسا نەگونجا، ئەوا نابێ لەیەكێتیی و پارتیش قبوڵ بكرێ.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەروەك چۆن بەئازادی خۆتان چونەتە ناو ئەو جوڵانەوەیە، ئێستا بەویست‌و ئازادی خۆتان، بەسەربەستی خۆتان هاتوونەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، دەتانەوێ لەریزەكانی یەكێتیی، كە دەرگای بۆ هەمووان كراوەیە، درێژە بەخەباتی خۆتان بدەن‌.
راشیگەیاند: هەروەك چۆن یەكێتیی رێگەی لەهیچ كەسێك نەگرتووە، بچێتە ناو ئەو جوڵانەوەیەوە، بێگومان ئەوانیش ناتوانن رێگە لەهیچ كەسێك بگرن كە جوڵانەوەكە بەجێی بهێڵن‌و ئەوە كارێكی سروشتییە، بەڵام ئەوە ناسروشتییە كە خەڵكەكە بتاسێنی‌و رێگەی لێبگریت.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەیدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ دۆخی ئێستا كردو وێڕای ئەوەی هەڵەكانی حوكمڕانی لەكوردستان رونكردەوە‌و ئاماژەی بۆ دۆخی ناو یەكێتیش كرد، تە ئكیدیی كردەوە، كە دەبێ سیستەمی حوكمڕانی لەكوردستان بگۆڕدرێت‌و یەكێتیش، پەرۆشانە، چارەسەری كێشەكانی خۆی بكات‌و وتی: ئێوە، شانازی بەوەوە ناكەن كە لەبەدبەختییەكان‌و كارەساتەكاندا لەرابردووی میللەتەكەماندا پێشمەرگە هەبووەو بەرگری كردووە، ئەگەر باوك، یان براگەورەكانتان پێشمەرگە بووبن یان نا‌و وتیشی: ئەگەر پێشمەرگە لەرابردوودا بۆ شۆڕش بووبێ، ئەوا بۆ ئێستا پارێزەری دەستكەوتەكانە. ئێوەش پێویستە بەو تێڕوانینە كارێك بكەن لەچارەسەركردنی كێشەكانی حكومەتدا بەشداربن، لەقوڵكردنەوەی خەباتی مەدەنی‌و رێكخراوەیی بەشداربن، لەریزەكانی یەكێتیشدا رەخنەی بونیاتنەرانەو عاقڵانە بگرن‌و هاندەر بن بۆ ئەوەی كێشەكانی یەكێتیش بەرەو چارەسەر ببەن. بۆ ئەوەی ئەم یەكێتییە لەئاییندەدا باشتر بیچ لەرابردوو. خەبات بكەن‌و فشار لەسەر حكومەت دروست بكەن، بۆ ئەوەی حكومەتی ئاییندە باشتربێت لەئێستامان.

راشیگەیاند: ئێمە ئێوەمان ناوێ بۆ ئەوەی پاسەوانی هەڵەكانمان بن، بەڵكو دەمانەوێ چاوكراوەی چارەسەری هەڵەكانبن‌و رەخنەی ئەقڵانی بگرن. 
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، بڕیار درا، خولێكی كادرو پەروەردە، بۆ ئەم هەڤاڵانەو (150) هەڤاڵی تریان، كە هاتوونەتە ریزی ماڵە گەورەكە، بكرێتەوە.


ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە