پارلەمان رۆلێكی لاواز لە پرسە هەستیارەكاندا دەبینێت

15/12/2017

چاودێر - نزار جەزا

پاش دوو ساڵ لەپەكخستنی كارەكانی، پارلەمانی كوردستان لە 2017/9/15،   كاراكرایەوەو ڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دیاریكرد، لەپاش ئەم كۆبونەوەیە‌و لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو خولی دیكەی بۆ درێژكرایەوە، بەڵام هێشتا رۆڵی لەچارەسەركردنی كێشە قەیرانەكانی هەرێمی كوردستاندا لاوازەو نەیتوانیوە دەست بۆ پرسە هەستیارەكان بەرێت. هەروەك پارلەمانتارێك دەڵێت: "دەست بۆ هەر پرسێك دەبەین، لایەنێك پێی قەڵس دەبێت، ئەمەش وایكردووە چاوپۆشی لەیەكتر بكەن". یەكێك لەو پرسانەی كە لای بەشێك لەنوێنەرانی خەڵك گرنگبوو لێپرسینەوەبوو لە وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە 24 پارلەمانتار ئیمزای بانگهێشتكردنی ئەو وەزیرەیان بۆ پارلەمان كرد، بەڵام تائێستا ئاشتی هەورامی ئامادەنەبووە بچێتە پارلەمان.

بۆچی پارلەمان لاوازە؟
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەپارلەمانی كوردستان بە "چاودێر"ی راگەیاند، پارلەمانی كوردستان نەیتوانیوە لەسەر بابەتە گرنگەكانی وەك موچە‌و مەلەفی نەوت‌و بابەتە سیاسییەكان‌و  شكستەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر لێپرسینەوە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات، بەهۆكاری ئەوەی، برینەكان نەكولێنەوە‌و رەوشی هێمنی‌و تەبایی لایەنە سیاسییەكان خراپترنەبێت، هەورەها دابەشبونی حزبی ڕێگرە، هاوكات پەیڕەوی ناوخۆش هۆكارێكەی دیكەیە، بەنمونە لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیرێك قورسە، هەموو ئەمانە وایكردووە پارلەمان كارانەبێت.
ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی"ئەوەی لەم دۆخە بەرپرسیارە، یەكەم حزبە سیاسییەكانن، كە پارلەمانێكی كەڕ‌و كاس‌و بێ ئیرادەیان دەوێت، دووەم خودی پارلەمانتارانین، كە ناتوانین لەژێر هەیمەنەی حزبەكانمان بێینەدەرەوە‌و لەسەر ئاستی نیشتیمانی‌و هاوڵاتیان بیربكەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پارلەمانتاران قوربانی ئەم دۆخە سیاسییەن، كە دەست بۆ هەر كەسێك یان پرسێك دەبەیت، لایەنێك پێی قەڵس دەبێت، ئەمە وایكردووە چاوپۆشی لەیەكتر بكەن، ئەگەریش چاوپۆشی نەكرێت، هەر نەتوانراوە لێپرسینەوە لەو كەسانە بكرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، كۆبونەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی پارلەمان بەردەوام هەیە، بەڵام ئەم كۆبونەوانەش وەك كۆبونەوەی حزبەكان وان، چونكە بەرهەمیان كەمە.
باسیلەوەشكرد، ئەگەر دۆخەكە هەر بەم شێوەیەبێت، خەڵكی كوردستان زۆر بەدودڵی‌و نیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سیاسی‌و هەڵبژارندا دەكەن، چونكە متمانەیان بەحوكمڕانی‌و هێزە سیاسییەكان نەماوە، بۆیە دەبێت كارێك بكرێت، كە متمانە بگەڕێندرێتەوە.
ئەو پارلەمانتارە دەشڵێت، كاراكردنەوەی پارلەمان سێ دەسكەوتی بەدەستهێنا، یەكەم، بۆشایی یاسایی پڕكردەوە، دووەم، قەوارەی هەرێم پارێزرا، سێهەم، ڕێگرییان كرد لەحكومەتی ناوەندی وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، بۆیە پارلەمانێكی نیوەناچڵ باشترە لەنەبونی پارلەمان.

حكومەت‌و حزب مل بۆ جێبەجێكردنی یاسا‌و بڕیارەكان نادات
لای خۆشیەوە ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەپارلەمانی كوردستان، بە "چاودێر" ی راگەیاند، پێویستە وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بێتە پارلەمانی كوردستان‌و وەڵامی پارلەمانتاران بداتەوە، پارلەمانتارانیش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە بەرواری 26/11 و پێشتریش چەندجارێك داوای بانگهێشتیان لەو وەزیرە بۆ پارلەمان كردووە، بۆیە پێویستە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكرێت، پێشتریش چەندجارێك داواكراوە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بەیاسای بڕیارەكانەوە، بەڵام پابەند نەبوو، ئەم دۆخە خراپەی ئێستاش بەسەر هاوڵاتیاندا هاتووە، بەهۆی خراپی گرێبەستەكانی نەوتەوەیە، كە هەموو بڕگەكان ئیمزای ئاشتی هەورامی لەسەرە، بۆیە ئەو بەرپرسیارە لەو بارگرانییەی بەسەر خەڵكدا هاتووە‌و مەبەستیانە پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو وەزیرە بخرێتە بەرنامەی كاری پارلەمانی كوردستانەوە.
لەبارەی لایەنی بەرپرس لەئامادەنەبوونی ئاشتی هەورامی لەپارلەمانی كوردستان، سالار مەحمود وتی: "حكومەتی هەرێم لەبەردەم تاقیكردنەوەدایە، كە ئایا پابەندی یاسا‌و بڕیارەكان دەبێت، یاخود وەك پێشتر مل بۆ ئیرادەی گەل‌و پارلەمانی كوردستان نادات، ئەگەریش حكومەت ڕازینەبوو وەزیری سامانە سروشتییەكان بێتە پارلەمان، ئەو كاتە ڕێگەی دیكەی یاسایی دەگرینەبەر".

زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە بەغدادو هەرێم دەگەنە رێككەوتن‌و كێشە سیاسی‌و ئابورییەكان چارەسەر دەكەن؟

دەنگ بدە