ئاسمان تەمى سەر پەنجەرەیە

7 رۆژ پێش ئێستا

 ئاسمان تەمى سەر پەنجەرەیە


سروشت نەوزاد


چۆن هەڵبێم؟ یادەوەرى پڕ سێبەرى درەختێکە، هەنگاوەکانى لەودیوو هەتاوى باخ هەڵدەلەرزێ، ئێستا تابووتى تەرمى ئێستایە و هێشتاش دەپرسم: لەژێر ڕووناکیى زەمەندا، بۆ کام ئاسمان سەر هەڵبڕم؟ کام ژیان لە بندەست بنێم و پێڵاوەکانم لە قوڕاوى کام ڕۆژگار جێنەمێنن؟ لە کوێ بڕوانم و ئەدى بۆ کوێ؟

................
زستان لە ساردى جێیهێشتین ..
ئێواران کە جەستەى تەزیووم
کزەبا دەیسمى
لە تەمى بڵندى سەر چیاکانم دەڕوانى و
بە خۆمم دەگوت:
هەموومان لەوێین ..
خەمى کێ وەک تەمى سەر چیاکان بڵند نییە؟
لە تەنیشت سپێدە کە عاشقت بووم و
توند توند دەستەکانتم دەگوشى
باران دەبارى و لە تەمى بڵندى سەر چیاکانم دەڕوانى و
بە خۆمم دەگوت
هەموومان لەوێین ..

………………..
لەژێر ئەستێرەکان
شەوگار کە پڕشنگى دەدا
شەوت لە تەنیشت شەوم ڕاخست
هەوا سارد بوو
لە نێو ئامێزم
دەستەکانم کە لە نێو قژت دەگێڕاو
لێوم لە لێوى تەڕت تەڕ دەکرد
پێت خۆش بوو جەستەم لە کۆڵ جەستەت نەبێتەوە
هەوا سارد بوو
دەستەکانت کە لە نێو دەستەکانم بوون
دەتویست لەژێر ئەستێرەکان
شەوگار کە پڕشنگى دەدا
شەوت لە تەنیشت شەوم ڕاخستباو
لێت ڕوانیبام و
بتگوتبا:
ئاه چ بەختەوەرییەک!

………………..
کۆڵانەکان برینى قووڵى قاچەکانمن))
نامپەرژێت بیر لە دارستانى سەوز بکەمەوە
لە نێو ئوتۆمبیلەکەم کە ڕێ دەبڕم
بەختەوەرم و
هەندێک جار ئیرەییم بە دڵخۆشیى خۆم دێت
دڵخۆشیى بریندارى خۆم
ئێوارەیەکى پاییز
باران کە نم نم دەبارى، شەقامەکان تەڕ بوون
درەختەکان ڕووناک
دەبوو بیر لە دارستانى سەوز بکەمەوە
بەڵام کە کەوتبوومە نێو کۆڵانەکان و
بارانیش نم نم دەبارى
لە نێو شەقامەکان کە تەڕ بوون و درەختەکانیش هەروەها
پیاسەم دەکردوو
کە جێم هێشبوو ئوتۆمبیلەکەم
سیگارم پێ دەکردوو
شەقامە ساردوسڕەکانم لە کۆڵ دەنا
پیاسەم دەکردوو
تەنیاییش  وەک دووکەڵی سیگارەکان بە قوڕگمدا دەچەقین ..

....................
لە جەنگ بە دەست و دڵى شکاوەوە
نەمدەویست بیر لە لەبیرکردنت بکەمەوە
تەم بوو
لە جەنگ ئارامى تەنانەت کە گەردیش نەبوو
بیرم لە چاوەکانت دەکردەوە و
دەمویست باکم بە تەم نەبێت
بەڵام جەنگ جەنگ بوو ..
ڕۆژانێک پێکێک شەرابى ئارامیم بەس بوو
تا ئاسمان لەژێر پێیەکانمدا ڕاخەم.

....................
شەوگار درێژ و
تەمەنیش کە هیچ
دەمزانى دڵت تەنانەت کە گۆزەش بوو
لێدەگەڕایت شەوگار تاریک و سەخت بێت
لە تەنیشتت هەر هێندەم بەس بوو
لە شەوگارى تاریک لە تەنیشتم بیت
شەوگار کە تاریک و سەخت بوون
نائومێد نەدەبووم لەوەى گوڵەکانت ئاو نەدەدان و
دەستت لە دەستم بەردەداو
دەتگوت: (لێگەڕێ شەوگار با هەر درێژ بێت).
                                گەر نائومێدى تەنیا هەر وشەیەک بێت
                                        لێگەڕێ شەوگار با هەر درێژ بێت

....................
(هاتنە ژوورەوە بۆ هەمووانە)
بەسەر قیرى شەقامە تەڕەکاندا
قاچەکانم کە لەنێو پێڵاوەکاندا تەنگ بوون و
باران بەدەم باى ساردەوە بەرەو گڵۆپەکان کە دەهاتنە خوارێ
دەبوو بچمە کوێ؟
گڵۆپێک بووم گرفتم بای سارد بوو
لەنێو ئەو هەموو سەعات و ڕۆژگارە لە ژمارە نەهاتووانەى
کە لە دەستم چوون
لەبیرم کرد سیگار نەبم بە لالێوى ئوتۆمبیلێکەوە
پیاسەکان تەنگ بوون ..
بەسەر قیرى شەقامە تەڕەکاندا
قاچەکانم کە لە دووى قاچەکانت دەنارد
باران بەدەم باى ساردەوە بەرەو گڵۆپەکان دەهاتنە خوارێ و
گڵۆپێکیش بووم من، گرفتم باى سارد بوو ..

....................
(٤ کەس)
لەو شەوە تاریکانەدا،
لە تەنیشت بڵێسەى ئاگرەکان،
کە دادەنیشتین و هەڵدەلەرزین
هەڵەى مانگ نەبوو
ببوورن،هەڵەى مانگ نەبوو ..
ڕووخسارتان کە دەڕژایە نێو شەوى تاریک،
لە شەوى تاریک من کە پیاسەى بێگانەى شەقامێکى لووس بووم
                                                ئێوە شەقام بوون
لەو شەوە تاریکانەدا،
لە تەنیشت بڵێسەى ئاگرەکان، لە نێو شاشەکان کە پاڵ دەکەوتن
ئاگر تەنانەت گۆڕى ئایفۆنێکیش نەبوو!
تا بانگم کردباو لە تەنیشتتان دانیشتبام و
چاوەکانم بڕێژتبایە نێو ڕووخسارتان و
قاچەکانیشم وەک زستان هەڵنەلەرزیبان ..

....................
لە خەوندا کە دەبوومە قالۆنچەیەک و
پێیان پیا دەنام و گسکیان لێ دەدام
دڵم دەلەرزى و
لەنێو خوێنى خۆم کە دەتلامەوە، بەڵام
(گۆڕ نەبوو دڵم، چاوانم سپى)
لە خەوندا کە دەبوومە قالۆنچەیەک و
پێیان پیا دەنام و گسکیان لێ دەدام ..

....................
تۆ بوویت قاچەکانمت لە گۆڕ ناو
دوور دوور لە من، بێ ئاوڕدانەوە ڕۆشتیت
ئەفسووس
بۆ دواجار جێتهێشتم
وەک خۆم کە خۆمم جێهێشت ..
خۆم بوو بێ ماڵئاوایی
لە دەستی خۆم بووەوە و
لە بەردەمی خۆمەوە لە خۆم تێپەڕ بوو
ئەفسووس
من منی جێهێشت
وەک تۆ کە منت جێهێشت ..

....................
کە خەونى سوورم دیت و
دەستى خۆمم گرت و بە سەرخۆشى لە ماڵ چوومە دەرێ
سەمام ڕاخست و
کە پاڵم بە گۆرانییەوە دا
بە دەم ڕێگاکەوە بە ئەسپایى بە خۆمم دەگوت:
ئەوەی لە بێداریدا نەمبوو، تۆ پێت دام
هاوڕێ میهرەبانەکەم  "خەون"


ڕەخنەی چاودێر

فڕین لە ڕێی سینەماوە

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە