جەنگ ھات

پێش 1 هەفتە


جەنگ ھات
نەشمیل عەلی بەرزنجی


تاکی پێڵاوی منداڵانە و پۆستاڵ لەمبەر و ئەوبەری شەقامەکەن!
جەنگ ھات باروت و بۆنی بەھار پێکەوە دێن!
گوللە ، گوڵ و باخ و گەڵا ناناسێت
خوێن و گزنگی ئێوارە یەکدی ئەبڕن
ھاڕەی تۆپ گوێی لە گمەی کۆتر نییە
پیاوەکان ژنەکان منداڵەکان ئەگرین!
جەنگ ھات و دوکەڵ ھات
دەنگی ناسازی نارنجۆک !
باوکەکان و دایکەکان
بە سەر بەرماڵەکانەوە لەبەر دەرگای خودان
دەپاڕێنەوە و سنگ ئەکوتن!
جەنگ ھاتووە
لێرەیە!

کوڕە دڵسورەکان بە جلی تۆزاوییەوە
بە قژی بژەوە شەهید دەبن
دەڕۆن و دڵیان لەگەڵ خۆیان نابەن
کچەکان سەریان دەنێنە قوڕ
جەنگ لێرەیە
قوڕ و خەنە لێک دەئاڵێن
شۆخەکان دەڕۆن و گوارە و پێڵاوە پاژنە بەرزەکانیان نابەن!

جەنگ ھات
ماڵمان ڕووخا
چاومان تەڕ و دڵمان شکا
ئای مردین
ئێمە مردین و لەم خاکەدا ڕوواوین
مردووین و لە نێوەڕاستی ئەو جەنگەدا وەستاوین
گوللە نامانبڕیت
دەنگ دامان ناچڵەکێنێت
ون بووین و ونبوون نامانترسێنێت
برسین و بیر لە نان ناکەینەوە
ئای خاکی من خاکی بێ ڕەنگ
جەنگ ھاتووە ....
سەرمامانە و بیر لە باوەش ناکەینەوە
دڵتەنگین و بیر لە دۆستان ناکەینەوە
ھەموو، یان ڕۆشتووین، یانیش مردووین

جەنگ ھاتووە
ھەموو شت کەمە گوللە نەبێ، خوێن نەبێت ھەموو شت کەمە!
دڵتەنگی نەبێت ...
پیاوە درۆزانەکان دێنەوە سەر شاشە و
بە دەمولێوی شۆڕەوە بە قاتی گران و بریقەی گڵۆپەوە
دەڵێن جەنگ جەنگە و یاری منداڵان نییە!
منداڵەکان دەمرن و بە یاریی دەزانن
منداڵەکان دەکەونە ژێر تانک ژێر بلۆک و
بە یاریی تێدەگەن!
منداڵی من لە ژێر دەرگای باڵەخانەکەدا کەوتووە
دەرگاکە ناکرێتەوە ھێشتا لە چاوشارکێم و نەموتووە شار!
جەنگ ھات
ئەسپەکان، مەڕەکان، پشیلە و مەل و مێرووەکان .. ڕادەکەن!
ئەم جەنگە ناڕوات و ھەموومان کۆتاییمان دێت
کەس بە دوای تەرمی کەسا ناگەڕێت
چاوەڕوانی کۆتایی دێت
فرمێسک کۆتایی دێت
من و تۆ لێک ئەبڕێین و جەنگ تەواو نابێت
جەنگ ھاتووە دیاری ئەبەدی ھێناوە لەگەڵ خۆی
بۆ ھەتا ھەتایە چاوەڕوانی
بیرکردن، فرمێسک ڕشتنی
لێرە بەجێ دێڵێت
خۆی لە سەرماندا لە دڵماندا
لە ڕۆحماندا بەجێ دێڵێت
جەنگ ھاتووە و ناڕواتەوە....

ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە