ئەمەریكا دەستبەرداری كوردی رۆژئاوا دەبێت؟

پێش 2 هەفتە

چاودێر -  بابان حەمە:

پاش ئەوەی مانگی پێشو لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، رەقە لەدەستی داعش پاككرایەوە، ئێستا بەبیانوی جۆراوجۆرەوە كە بەشێكیان بریتیین لەپارچەپارچەكردنی سوریاو بەشێكیان بریتیین لە هەڕەشەی زلهێزەكان لەسەر حسابی ئەزموون و لەناوبردنی سیستم و سیاسەتی رۆژئاوای كوردستان، خەریكە بارودۆخەكە بەجۆرێكی دیكەدا دەكەوێتەوەو هەریەكە لەئێران لەلایەك و توركیاش لەلایەكی دیكەوە‌و عیراقیش بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی سنورەكان، هەوڵی ئەوە دەدەن  ئاستەنگی گەورە بۆ ئەو بەشەی كوردستان دروست بكەن‌و پشتیوانی‌و هاوكاری بەردەوامی ئەمەریكاش دەمانخاتە بەردەمی ئەو پرسیارە گەورەیەی ئایا لەم بارودۆخە تێكچڕژاوەدا دەستبەرداری كوردانی رۆژئاوا دەبێت. 
عەلی ئەكبەر ویلایەتی، گەورە راوێژكاری رابەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەئی، رۆژی هەینی رایگەیاند، هێزە چەكدارییەكانی حكومەتی سوریا، نزیكبوونەتەوە لەوەی شاری رەقە بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵ بكەن، پاش ئەوەی هێزەكان (مەبەسەت لەهێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە-یە) بە پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا توانیان مانگی رابردوو بەسەر داعشدا سەركەون و ئەو شارە لەداعش پاك بكەنەوە.
عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ئەمەریكاشی بەوە تۆمەتباركرد كە هەوڵی پارچە پارچەكردنی خاكی سوریا دەدات، بەوەی ئەمەریكا دەیەوێت سوریا بكات بە دوو بەشەوە بە بڵاوەپێكردنی سەربازەكانی لە رۆژهەڵاتی روباری فورات.
لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسەكانی هەواڵی لوبنان، پاش سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە، ویلایەتی دەڵێت: لەوادەیەكی زۆر نزیكدا پێشڕەوی هێزەكانی حكومەتی سوریا دەبینن لە رۆژهەڵاتی روباری فورات‌و كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەقە.
 ئەم لێدوانانەی عەلی ئەكبەر ویلایەتی، لەكاتێكدایە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، تەنها مانگێكە پاكردنەوەی شاری رەقە، كە بە پایتەختی ویلایەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش دادەنرا، راگەیاند، كە ماوەی چەند مانگێك بوو بە هاوكاری ‌و پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی شەڕی دژ بەداعش بەگشتی‌و ئەمەریكا بەتایبەتی، شەڕی خوێناوی‌و نەبەردییەكی بێوێنەیان بۆ رزگاركردنەوەی ئەو پارێزگایە ئەنجامدا.

ململانێی زلهێزەكان
شرۆڤەكارانی سیاسی ئەو بەشەی كوردستان (رۆژئاوای كوردستان)، باس لەوە دەكەن كە توندتر بوونی ململانێكانی ئێران-ئەمەریكا لەلایەك و روسیا-ئەمەریكا لەلایەكی ترەوەو هەروەها نزیكی و هاوسۆزی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئێران و هاتنە ناوەوەی سوپای پاسداران بۆ باشوری روباری فورات و پێشڕەوەیەكانی چەكدارانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد بەرەو ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و یەپەگەو یەپەژە كونترۆِڵیان كردووەو بەدرێژایی ئەو چوارساڵەی بوونی داعش لەوناوچانەدا دژیان دەجەنگن، لەلایەكی دیكەشەوە نزیكەی 60% ی ئەو بیرە نەوتانەی دەكەوێتە ئەوناوچانەی ئێستا سوریای دیموكرات‌و رۆژئاوای كوردستانەوە.. هەموو ئەمانە دەبنە فاكتەرێكی بەهێز كە شەڕی زلهێزەكانی وەك روسیاو ئێران و ئەمەریكا لەناوچەكەدا بخەنە بار و ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوەوە، بەمەش ئەوەی دەبێتە خۆڵەمێش و قوربانی ئەو جەنگە، بەرژەوەندیی ئەو سیستم و پێڕۆ پێشنیاركراوەی پەیەدەو هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە بریتییە لە سیستمی فیدڕاڵی بۆ باكوری سوریا، دەخاتە نێوان دوو كەوانەی (لەباربردنی ئەو ئەزموونەوە).
بینیشمان پاش رزگاركردنی رەقەش لەدەست داعش، هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند كە خەڵك و دانیشتوانی رەقە خۆیان ئازادن چۆن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن، كە لەگەڵ سیستمی فیدراڵی باكوری سوریا دەمێننەوە یاخود نا.
بۆیە خوێندنەوەی ئەو لێدوانانەی چ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و چ لێدوانەكانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارو پارێزگایانەی كە هەسەدە لەچنگی داعش پاكی كردوونەتەوە، بۆنی پیلانێكی ئیقلیمی‌و ناوخۆیی لێدێت دژ بەو بەشەی كوردستان‌و هەوڵی لەباربردنی ئەو ئەزموونەی تائێستا بەخوێن پێكیان هێناوە.
بۆیە پاش رزگاركردنەوەی رەقەش، بەشار ئەسەد رایدەگەیەنێت كە رەقە هەر داگیركراوەو كۆنتڕۆڵ نەكراوەتەوە هەتا نەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە چەكدارییە رەسمییەكانی حكومەتی سوریا.

بیانوی پارچەپارچەكردن
لەلایەكی دیكەشەوە چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە كە ئەمەریكا نایەوێت كەلێن لە نێوان پاڵپشتی خۆی‌و هێزە كوردییەكانی ئەو بەشەی كوردستان دروست بكات، كە هەر لەسەرەتای شەڕی دژ بەداعشەوە بە هاوپەیمانی خۆی ناویان دەبات، هەربۆیە بۆ پارێزگاری كردنی كوردانی ئەو بەشەی كوردستان، فڕۆكە ئەمەریكییەكان چەندین جار بۆردومانی ئەو هێزە جۆراوجۆرە تێرۆریستییەی كردووە كە نزیكبۆتەوە لە هەرەشەكردن‌و لەناوچەو هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، تەنانەت هەفتەی پێشوو بە تەنسیق لەگەڵ روسیادا ئەو ناوچانەی بۆردومان كرد كە مەترسی گەورەیان لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكراتی دروست كرد لە رۆژئاوای روباری فورات، كە پاش بۆردومانەكە ئەسەد لەكەناڵی رەسمی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند كە ئەمەریكا بەو بۆردومانانەی، بەتەواوەتی بەری باشورو باكوری روباری فوراتی جیاكردۆتەوەو هەوڵی پارچە پارچەكردنی خاكی سوریا دەدات.. كە هەر پاش لێدوانەكە، كۆماری ئیسلامی ئێران لەزاری عەلی ئەكبەر ویلایەتییەوە مژدەی پێشڕەوی هێزەكانی حكومەتی سوریای بۆ رەقەو دێرئەلزوور و ئەوناوچانە راگەیاند كە بەدەستی هێزە كوردییەكان و هەسەدە، بەپاڵپشتی فرۆكەكانی ئەمەریكا لەچنگی داعش پاككراونەتەوە.

ڕەخنەی چاودێر

شه‌و شاد

زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە