دەستەی كارگێڕی: وەفای حكومەت بۆ مام جەلال، یەكێتیی بەوەفاتر دەكات بەرامبەر بەحكومەتی هەرێم

12/10/2017

چاودێرنیوز: ئەمڕۆ پێنج شەممە 2017/10/12،  لە مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، مەلا بەختیار، لێپرسراو و عومەر فەتاح و حاكم قادر حەمەجان، ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، پێشوازیان لە وەفدێكی باڵای ئەنجومەنی وەزیران كرد، كە بەیاوەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی هاوخەمی و سەرەخۆشی، سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی-یان كرد.

دوا بەدوای ساتێك وەستان بۆ رۆحی هەمیشە زیندووی سەرۆك مام جەلال، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، سەردانی وەزیرو كاربەدەستانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ مەزاری سەرۆك مام جەلال، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كە لەناو كورددا وەفا بۆ سەرۆكەكانی  كورد، كە: مام، لەناو نەتەوەكەمان و لەدنیاشدا، جێگەیەكی هەبوو، كە ئێستا بەچاو و ویژدانی خۆتان دەیبینن، هەموو دنیا چۆن پاداشتی ئەو پێگە مەزن، پێگە مێژوویی و هەرە گرنگە دەدەنەوە، كە مام لەویژدانی وڵاتان، لەناوچەكە، لەناو جەماوەر و رای گشتی، لەناو حزبەكان، لەناو پێشمەرگەو كۆی خەڵكی كوردستانیش، كە جێگەو پێگەیەكی گەورەو مێژویی هەیە‌و رایگەیاند: هاتنی ئێوە، وەكو ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەر مەزاری سەرۆك مام جەلال، بێگومان جگە لەبەڵگەی هاوخەمی، بەڵگەی ئەوەشە كە حكومەتی كوردستان، حكومەتێكە پابەندە بەهەموو ئەو پەیامانەی كە لەمێژوودا خەباتی بۆ كراوە، بۆ ئەوەی ئەم میللەتەی ئێمە، حكومەت‌و پەرلەمانی هەبێ‌، هەروەكو وەفایەكیشە بۆ ئەوەی ئەم حكومەتەی ئێمە، بەشی ئەركە حكومییەكەی خۆی، لەسەر مەزاری مام جەلال، پەیمان نوێ‌ بكاتەوە بۆ ئەوەی باقی رێگاكەی لە خزمەتگوزاری خەڵك، لەسەروەری یاسا، لەجێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كە جەنابی مام جەلال هەمیشە لەبەرچاوی گرتووە، كە هەم ئەم حكومەتەو پەرلەمانیش، لەسەر چ بیرۆكەو بنەمایەك هەڵبژێردراون‌و پێكهاتوون.

وتیشی: هاتنی ئێوە، درێژەدانی هەمان ئەو ئەركانەیە كە ئێمە لەحزبدا‌و ئێوە مانانیش لەحكومەتدا، هەریەكەو رۆڵێك دەگێڕین، بۆ ئەوەی ئەو پەیامە مێژوییە تەواو بكەین، كە جەنابی مام جەلال‌و هەموو سەركردە مێژوییەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەكەمان، كردوویانە بە ئەركی هەموومان‌و جەختیشیكردەوە، كە: كاروانەكەمان دوور و درێژە و  هێشتا زۆری ماوە. كۆسپ، دژو دوژمنی لەبەردەممدا ماوە‌و میللەتەكەشمان چاوەڕوانی زۆری هەیە لەحكومەت، كە ئەو بەڵێن‌و دروشمانەی بەرزی دەكەینەوە‌و ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتی سیاسی رەسمی دەیدات، جێبەجێیان بكات. هەروەك پشتیوانی یەكێتیی بۆ حكومەت و راپەڕاندنی ئەركەكانی دووپاتكردەوەو ئومێدی دەربازبوونیشی لەم قەیرانانە بۆ خواستن‌و وتیشی: ئەو وەفایەی حكومەت بۆ مام جەلال، یەكێتیی بەوەفاتر دەكات بەرامبەر بەحكومەتی هەرێم.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی راشیگەیاند: ئەمجارە كە كەوتینە تەنگانە و رووبەڕووی ئەو قەیرانانە بوینەوە، لەناویاندا قەیرانی دارایی، سەرەڕای ئەو رەخنانەی لەسەرتانە‌و هەندێكی راستە، ئەم حكومەتە بەرۆحی پێشمەرگانە كۆڵندەر بوو، ئەگەرنا دەبوو تووشی هەڵدێرێكی گەورە بوینایە! هەروەك ئومێدیشخواست لەم میحنەتەی ئێستای میللەتەكەمانی تێدایەو رزگاری ببێت‌و دەوڵەتانیش لێكتێگەیشتنیان بۆ مافەكانی نەتەوەكەمان‌و چارەسەری كێشەكانمان هەبێت.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی تەئكیدیشی كردەوە، كە ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال، لێپرسراوێتی سیاسی، حكومەتی و مۆراڵی یەكێتیی بەرامبەر بەنەتەوەكەمان قورستر دەكات. هەروەك پابەندبونمان بە بەدیهێنانی ئامانجچەكان‌و راپەراندنی ئەركەكانمان قورستر دەكات‌و رایگەیاند: وەكو یەكێتی، یەكێتیی ناو یەكێتیی لەلامان پیرۆز بووەو ئەركی پاراستنی ئەو پەیوەندییانەشی كە مام جەلال رەنجی فەرهادی بۆ داوە، پەیوەندی یەكێتیی و پارتی، یەكێتیی‌و لایەنەكانی تریش، پەیوەندییەكی چارەنوسسازن، دەیپارێزین‌و پەرەشی پێدەدەین‌و لەو روانگەیەشەوە، پەیامەكانی مام جەلالی وەبیرهێنایەوەو وەكو مەكتەبی سیاسی تەئكیدیی لەپاراستن‌و جێبەجێكردنیان كردەوە.

لەلایەن خۆیشیەوە، عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، بەسوپاسەوە لەهاوخەمی وەفدە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیرانی رووانی‌و وتی: سوپاس كە هاوخەم‌و بەشداری ئەم ئازارەتان كردین، كە یەكێتی، گەورەو رابەرو سەركردەیەكی مەزنی وڵاتەكەمان لەدەستداوە. ئێوە هاتونەتە سەردانی مەزاری رابەرێك كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەكەی بەخشی‌و وتی: مام جەلال، كۆمەڵێك خەسڵەتی گرنگ‌و گەورەی هەبوو، یەكێك لەوانە ورە بەرزی بوو. بۆیە هیچ كاتێك مام نەدەڕوخا و كۆڵی نەدەدا‌و لەناخۆشترین رۆژگارەكاندا، زیاتر ورەی بەرز بوو، بڕوای بەسەركەوتن بوو. بۆیە داواكارم ئێوەش لەحكومەت دەبێ‌ ورەتان بەرز بێت‌و بەورە بەرزییەوە، ئەركەكانتان رابپەڕێنن‌و ئامانجەكانتان بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەدیبهێنن. ئومێدی گەورەشمان پێتانە كە ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن‌و ئاسۆش رونە بەرەو سەركەوتن.

هەروەك حاكم قادر حەمە جان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی بەسوپاسەوە لەهاوخەمیی وەفدە باڵاكەی روانی‌و بەوەفاداری ناویبرد، ئاماژەی بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و كۆی ئەو رەخنەو گلەییەكان كرد، كە رووبەڕوی حكومەت دەبێتەوە‌و بەپێویستیزانی كە دەبێ‌ حكومەت، بە بەرنامە رووبەڕووی رەخنەو گللەییەكان ببنەوە‌و بەتەئكید كردنەوە، لەچارەسەری كێشەو قەیرانەكان‌و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ئاماژەی بۆ كۆی هەلومەرجی ئێستا كردو رایگەیاند: یەكڕیزی حزبە سیاسییەكان‌و گەلەكەشمان لەم قۆناغەدا، كە قۆناغێكی هەستیارە، بپارێزین‌و پتەوتری بكەین‌و وتیشی: باشترین رێگەش هەمیشە دیالۆگە بۆ چارەسەری كێشە‌و قەیرانەكان، هەم لەناوخۆ، لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی‌و لەجیهانیشدا.
 
   
لەلایەن خۆشییەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ بارودۆخی ئێستای ناوخۆ، لەكوردستان‌و عیراق كردو تێڕوانینە سیاسییەكانی لەبارەی بڕیارو ئەگەرەكان لەناوخۆ و لەهەرێمایەتی خستەڕوو، هاوكات رونكردنەوەو زانیاری پێویستیشی لەسەر دوا هەوڵەكان‌و پەرەسەندنەكان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەعیراق رونكردەوەو جەختیكردەوە، كە كوردستان، بۆ چارەسەری كێشەكان، هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ بووەو بەردەوامیش باوەڕی بەگفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەركردن.   

لەلایەن خۆشیانەوە، وەفدە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران، جارێكی تر پرسەو سەرەخۆشیان لەمەكتەبی سیاسی یەكێتیی كردەوەو رایانگەیاند: مام جەلال هی هەموومان بوو، لەدەستدانیشی خەسارەتێكی گەورە بوو. بۆ یەكێتیی‌و بۆ هەموو حزبەكان‌و بۆ كوردستانیش. خەسارەت بوو بۆ ناوچەكەو هەموو دنیاش.

لەو چوارچێوەیەشدا، وەفدە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران، رۆڵ‌و پێگەی باڵای سەرۆك تاڵەبانی بەگەورەیی هەڵسەنگاندو رایانگەیاند: سەردانەی حكومەتی هەرێم بۆ مەزاری سەرۆك مام جەلال، تازەكردنەوەی بەڵێنی كاربەدەستانی حكومەت بوو، بۆ دووپاتكردنەوەی بەردەوامیمان بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانمان بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و بەدیهێنانی ئەو پەیامانەی دەبێ‌ بەدییانبهێنین.

تەئكیدیشیان كردەوە، حكومەتی هەرێم بەورە بەرزییەوە رووبەڕوی قەیرانەكان بوینەتەوە، هەروەك چۆن لەسەرەتای قەیرانەكاندا بەورە بەرزییەوە رووبەڕووی كێشەكان بوینەوەو بە باوەڕ بەخۆمان‌و بەیەكڕیزی خۆمان سەركەوتین‌و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانەكان بوون بەئەزمون بۆمان، ئێستاش بەهەمان ورەوە، بەتەبایی یەك تیمی لەحكومەت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیران‌و تەنگ‌و چەڵەمانە، لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانمان‌و جێبەجێكردنی بەرنامەكانمان بەردەوام دەبین.

ڕەخنەی چاودێر

فڕین لە ڕێی سینەماوە

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە