(رەمزی دانوستان) پرسەكەشی دەبێتە دەروازەی گفتوگۆ

پێش 2 هەفتە

چاودێر - بابان حەمە:

مام جەلال، ئەو سیاسەتمەدارە گەورەو بەئەزموون‌و هاوچەرخەیە، كە بە شاهیدی دۆست‌و نەیارەكانی، رۆڵێكی هەرەگەورەی لەچارەسەركردنی قەیران‌و كێشە گەورەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستاندا هەبووە. مام قورسترین‌و ئاڵۆزترین گرێكوێرەكانی گۆڕەپانی سیاسی بەئاسانی دەكردەوە. ئەو بەهرەیەكی گەورەی دانوستان‌و گفتوگۆی تێدابوو، تەنانەت ئەم بەهرەیەشی لەدوای ژیانئاوایی، رۆڵی خۆی گێڕا. بەجۆرێك پرسەكەی مام، بووە هۆكارێك كە دەروازەی گفتوگۆو دانوستان لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی بەغدادو هەولێر بكاتەوە، لەناوخۆی هەرێمیشدا چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگی لایەنە ناكۆكەكانی بەدوای خۆێدا هێنا.

خاڵی رێككەوتن ژیانئاوایی كرد
"دۆستە نزیكەكەم ژیان ئاوایی كرد، هاوسەنگیی، ژیان ئاوایی كرد، خاڵی وەرچەرخان و رێكەوتن لەسیاسەتی عیراقدا ژیان ئاوایی كرد، كەڵە پیاوێك ژیان ئاوایی كرد كە گەورەترین كێشەی بە نوكتەو قسەی خۆش چارەسەر دەكرد، من لەساڵی 2000 ەوە، وەك لەكتێبەكەمدا بە روونی ئاماژەم پێكردووە، نوسیومە ئەم پیاوە شیاوی سەرۆكایەتی عیراقی ئایندەیە، ئەو لەیەك كاتدا سەریش بوو ‌و باڵیش بوو، ئەو یەكێك بووە لەوانەی كە هەر كاتێك خۆی دووچاری كێشە ببوایەتەوە خۆی دەستپێشخەری چارەسەرەكەی دەكرد، مەسعود بارزانی خۆی پێی ووتم كە لە لوتكەی گرژی‌و ململانێ و شەڕدابووین لەگەڵ یەك، توشی شۆكی كردم كاتێك بەتەلەفۆنێك پێی ووتم "بەڕێگەوەم ئەوا هاتم"، وتیشی: هات ‌و بە دوو كاتژمێر هەرچی ناكۆكی‌و ململانێ هەبوو چارەسەرمان كرد.. ئەو ژیان ئاوایی كرد، ئەو بەهیچ شێوەیەك شوێنەكەی نە لەعیراق‌و نە لەهەرێمی كوردستاندا پڕنابێتەوە.." ئەمە ووتەی بیرمەندی عەرەب و هاوڕێی نزیكی مام جەلال (دكتۆر حەسەن عەلەوی) یە. كە بەگریان بەو دێڕەی شعرەی جەواهری قسەكانی كۆتایی پێدەهێنێت، كە هەموو جارێك لەگەڵ مام جەلال-دا، چەندین جار پێكەوە وتویانەتەوە:  (خَڵتِ المحافلُ من عُلاك وأوحشتْ، من بَعْد وجهِكَ ندَوەُ السُمَّار....)

دەروازەی گفتوگۆكان
3ی ئۆكتۆبەری 2017، كە رابەرو سەركردەی گەورەی كورد، مام جەلال ژیان ئاوایی تێداكرد، ژیانئاواییەكشی بەشێوەیەك لەشێوەكان، وەك عادل عەبدولمەهدی هاوڕێی مام و یەكێك لەسەركردە شیعەكانی عیراق دەڵێت، رەنگە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی‌و دروستكردنی كەشێكی جدی‌و لەبارتر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێو هەرێم‌و بەغداد هەروا بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە..
پرسەی مام، بەئاپۆرای جەماوەری خەڵكی كوردستانەوە نەوەستا، تەنانەت  تەرمەكەشی، سەركردەو سیاسییەكانی لەدەوەری خۆی كۆكردەوە، 6 و 7 ی ئەم مانگە، كە دوو رۆژی ماتەمگێڕی‌و پرسەی مام بوو، چەندین لێكنزیكبوونەوەو سەرەداوی پێشەوەچوونی گفتوگۆكان بەدیكرا، هەر لەكۆبونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەیاد عەلاوی‌و ئوسامە نوجێفییەوە تادەگاتە كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆكی پارلەمانی عیراق سەلیم جبوری..
رۆژی 6ی ئۆكتۆبەر، كە یەكەم رۆژی پرسەی مام بوو، لە پەراوێزی پرسەكەدا، بارزانی و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجەیفی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق، لەبارەی بارودۆخی هەنووكەیی كە لە ئێستادا عێراقی پێدا تێپەر دەبێت و چۆنێتی چارەسەركردنی بابەت و كێشە پەیوەندارەكان لە گۆڕەپانی سیاسیدا كۆبوونەتەوەو تیایدا گفتوگۆ كراوە لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سەرەكییەكانی عێراق و هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمیش رایگەیاندوە كە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتوون لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە‌و كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.
هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان‌و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت، بەشێك بوون لە تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكان‌و بۆ هەماهەنگی بەردەوام بەشداربووانی كۆبوونەوەكەش لەسەر چوار خاڵ رێككەوتوون كە بریتیین لەمانەی خوارەوە:
1 -  دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
2 - كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجامبدرێن.
3 - هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.
4 -  دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشتبەستن بە ئالییەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.

گفتوگۆی لایەنە ناوخۆییەكانی هەرێم
هەر لەپەراوێزی دووەم رۆژی پرسەی مامی گەورە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەمیانەی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت كە راشكاوانەترین كۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامداوەو ئامادەن پەرە بە گفتوگۆكانیان بدەن لەگەڵیاندا، راشیدەگەیەنێت كە "جەنابی سەرۆككۆمار، دكتۆر فواد مەعسوم، لە هەفتەی ئایندەدا دەستپێشخەری دەكات بۆ كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكانی عێراق‌و پێمانوایە ئەمە دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەینە ئەنجام"
هاوكات نێچیرڤان بارزانی داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ بەغدا دەكات، دەشڵێت: پەنابردنی بەغدا بۆ وڵاتانی دیكە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان، لەبەرژەوەندی عێراق و ئەو وڵاتانەشدا نییە".
هاوكات پەیامێكی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق نارد و دەڵێت "دەبێ عەبادی لەوە تێبگات كە ئەم پرسە عێراقییە، نەك پرسێكی دەرەكی".
سەبارەت بە مەرجداری كۆبوونەوەو دانوستانەكانی هەرێم-بەغداد-یش، دەڵێت: دەمانەوێت دوای گشتپرسی لەگەڵ بەغدا دانوستاندنێكی جیددی بكەین، دەمانەوێت كۆبوونەوەكان بەو شێوەیە بن، كە هیچ كەسێك مەرجی پێشوەختی نەبێت، بەبێ مەرج هەردوولامان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین
پێشیوایە باشترین كار ئەوەیە سەرۆكوەزیرانی عێراق تێبگات، ئەمە پرسێكی عێراقییە و پرسێكی خۆمانە، پرسێكی ناو عێراقە بە هەرجۆرێك بێت، باشترین چارەسەریش ئەوە نییە، پەناببرێتە بەر وڵاتانی دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، زۆر جوانتریش دەبوو و باشتریشە كە ئەو پرسە لەنێو خودی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەهەر ئاقار و جۆرێك بێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هەموو ئەو كۆبوونەوەو بەرەوپێشچوونانە، سەبارەت بەكێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم-بەغداد، لەپەراوێزی پرسەی چەند رۆژەی مامی گەورەدا بەدی دەكرێت‌و زۆرێك لە سیاسی‌و سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بگرە سەرۆك‌و سیاسەتمەدارە عیراقی‌و عەرەبەكانیش، دەخوازن وەك چۆن شكۆی مام جەلال بە عیراق بەگشتی‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەتییەوە بینراوەو هەستپێكراوە، بەهەمان شێوەش دەخوازن ژیانئاواییەكەی‌و رۆژانی پرسەو ماتەمینییەكەشی ببێتە هۆكارێك بۆ كۆكردنەوەی لایەن‌و پارتە سیاسییە ناكۆك و كێشەدارەكان..

ڕەخنەی چاودێر

مارشی مه‌رگ Dödsfuga

زۆرترین خوێندراو

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە