پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئیشیگورۆ:

10/10/2017

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئیشیگورۆ:
من لە گۆرانیگوتندا زۆر باش دەتوانم لاسایی بۆب دیلان بکەمەوە
و. لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر

من ڕێچکەی زۆرێک لە نووسەرە دڵخوازەکانمم گرتووەتە بەر. ئەو گەورەنووسەرانەی کە لە مێژوودا بوونەتە هەڵگری ئەم خەڵاتە

بە لامەوە سەرنجڕاکێشە ڕۆژنامەوانان نۆبێڵی ئەدەبیات بە هەند وەردەگرن. گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک ببێتە هەڵگری خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات و کەس ئەم هەواڵەی بە لاوە گرنگ نەبێت، ئەوکاتە هەست بە ترس دەکەم

گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کازوئۆ ئیشیگورۆ، لە ڕێکەوتی ٥ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـدا، پاش ئەوەی بووە براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ٢٠١٧ بۆ ئەدەبیات، ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنییە لە لایەن ئادەم سمس، سەرپەرشتیاری زانستیی لە بەشی میدیاییی نۆبێڵەوە، ساز دراوە.

کازوئۆ ئیشیگورۆ: سڵاو! بەڕێز سمس، چۆنیت؟

ئادەم سمس: زۆر باشم. بەڕاستی زۆر سوپاس بۆ پەیوەندییەکەتان، گەورەییتان نواند. هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبێڵەوە.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: زۆر سوپاس! دڵگرانم بەوەی زۆر لەسەر هێڵ مایتەوە. بە هۆی ئەو شپرزەیی و پەشۆکاوییەی لێرە ڕوو دەدات، تاساوم. لە ناکاودا... زۆربەی ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت لێدوانم لێ وەربگرن.

ئادەم سمس: تێ دەگەم لێت. ئێ... بێگومان ئەمڕۆت بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گۆڕاوە. چۆن ئەم هەواڵەت بیست؟
کازوئۆ ئیشیگورۆ: لە چێشتخانەکەدا دانیشتبووم و ئیمەیڵێکم دەنووسی بۆ هاوڕێیەکم و جەڕەسەکە لێی دا. سەرەتا بە گومان دەستی پێ کرد. خەڵکی لە نووسینگەی لێپسراوی کارەکانم، بە پەخشی ڕاستەوخۆ سەیری ڕاگەیاندنی خەڵاتەکەیان دەکرد. پێم وا نییە پێشبینیی ئەوەیان کردبێت، ئەوان بەس چاوەڕوان بوون تا بزانن براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەمساڵ کێیە. پەیتاپەیتا پەیوەندییم پێوە دەکرا، هەموو جارەکان دەمانویست لەوە دڵنیا ببینەوە داخۆ هەواڵەکە درۆودەلەسەیە یان چییە. بەرەبەرە زیاتر دڵنیا دەبووینەوە. لە دوای ئەوەی »بی‌بی‌سی‌« ڕایگەیاند، ئیتر مەسەلەکەم بە هەند وەرگرت. بەڵام لە ڕاستیدا لەو ساتەوە وچانم نەداوە. ئێرە کەمێک چەشنی کەشتییە پڕنهێنییەکەی ماریی سێلێتـی لێ هاتووە، هەموو شتێک بەو شێوەیە بوو کە کاتژمێر ١١ هەبوو، یاخود نازانم کەی، پێش ئەوەی ئەم ڕووداوە مەزنە ڕوو بدات. پاشان بووە بەزموهەرا. ئەوەتا ئێستاکە خەڵکی لە دەرەوە، لەسەر شەقامەکە سەرەیان گرتووە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مندا.

ئادەم سمس: کەواتە نوقم بووە؟
کازوئۆ ئیشیگورۆ: نا! نەخێر، پێم وا نییە تا ماوەیەکی دوورودرێژ نوقم ببێت. مەبەستم ئەوەیە، ئەمە بە شێوەیەکی پێکەنیناویی شانازییەکی بڕواپێکراوە. پێم وا نییە خەڵاتێکی مەزنتر لە نۆبێڵ بوونی هەبێت. بە بڕوای من، پشکی گەورە لە سەرکەوتنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێڵ سەرکەوتوو بووە لە دوورەپەرێزگرتن لە ململانێ سیاسییەکان و شتی لەو جۆرە. هەروەها پێم وایە ئەمە یەکێکە لەو شتە دانسقانەی کە بە ڕێزەوە ماوەتەوە و گرنگییەکی زۆری لای خەڵکانی سەرانسەری جیهان هەیە، لەبەر ئەوە پێم وایە بەشێکی گەورە لە هەستی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە بە هۆی پلەوپایەی ڕاستەقینەی ئەکادیمیای سویدییەوەیە. هەروەها پێم وایە ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئەکادیمیاکە. بە درێژاییی ئەم هەموو ساڵە ئەکادیمیای سویدی سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی جێی خۆی لە گشت هەنگاوەکانی ژیاندا.
هەروەها هۆیەکی تر کە شانازیی بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە دەکەم، ئەوەیە... من ڕێچکەی زۆرێک لە نووسەرە دڵخوازەکانمم گرتووەتە بەر. ئەو گەورەنووسەرانەی کە لە مێژوودا بوونەتە هەڵگری ئەم خەڵاتە. ئەمجا بە لامەوە سەرنجڕاکێش و خۆشە ساڵێک دوای بۆب دیلان، کە لە ١٣ـساڵییەوە شێت و شەیدای ئەوم، ئەم خەڵاتە وەربگرم. لەوانەیە ئەو گەورەترین پاڵەوانی من بێت.

ئادەم سمس: ئەوە شتێکی خۆشە.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: وایە، ئینجا من زۆر باش دەتوانم لاسایی بۆب دیلان بکەمەوە، بەڵام ئێستا بۆت ناڵێم.

ئادەم سمس: حەیفێ! بێگومان سەرسامی دەکردم. باشە هیچ نەبێت کە مانگی دیسێمبەر سەردانی ستۆکهۆڵمت کرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەو کاتە بۆم بڵێ، تکایە.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: زۆر باشە، هەوڵی خۆم دەدەم.

ئادەم سمس: دەبێت هەر بیڵێیت. ئێستا کاتێکی خۆشە لە بەریتانیا. داخۆ بایەخێکی تایبەتیی بۆ تۆ هەیە ئێستاکە خەڵاتەکە وەربگریت؟
کازوئۆ ئیشیگورۆ: پێم وا بێت هەیەتی. لە ڕاستیدا پێش ئەوەی پەیوەندیت پێوە بکەم، خەریکی نووسینی لێدوانێک بووم بۆ ڕۆژنامەیەک، بیرم لەوە دەکردەوە دەتوانم چی بڵێم لە مەودای سێ دێڕدا، هەروەها پێم وایە کاتی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە لە کاتی خۆیدا بوو، چونکە هەست دەکەم... وا نزیکەی ٦٣ ساڵێک دەبم، ناتوانم ئەو کاتە بە بیرم بهێنمەوە کە لە بارەی بەهاکانمانەوە لە جیهانی ڕۆژئاوادا دڵنیا نەبووین. دەزانی چۆنە، پێم وایە بەناو کاتێکدا گوزەر دەکەین لە بەهاکان و پێشەواییمان. خەڵکی هەست بە ئەمان ناکەن. ئاواتەخوازم شتەکانی هاوشێوەی خەڵاتی نۆبێڵ، بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدار بن لە جیهاندا، ببنە یارمەتیدەری بەها گونجاوەکان لە جیهاندا، لەوانەیە ئەمە بە شێوەی بەردەوام و لێوەشاوە یارمەتیدەر بێت. بەڵێ.


ئادەم سمس: وا بزانم هەموو ئەو شتانەی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە بارەیانەوە نووسیوتە، پرسیارکردنە لە جێگای ئێمە لە جیهاندا یان پەیوەندیی ئێمە بە جیهانەوە. وا دیارە ئەمە بابەتێکە کە هەمیشە مێشکتی سەرقاڵ کردووە. وایە؟
کازوئۆ ئیشیگورۆ: بەڵێ، من وا دەڵێم، مەبەستم ئەوەیە کە پێم وایە... ئەگەر کەمێک وردتر بڕوانم لەوانەیە... یەکێک لەو شتانەی کە هەمیشە بە لامەوە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە چۆن لە یەک کاتدا لە جیهانە گەورە و بچووکەکاندا دەژین، ئەوەی کە ئێمە مەودایەکی تاکەکەسیمان هەیە، دەبێت تێیدا هەوڵ بدەن هەستی ڕازیبوون و عەشق بدۆزینەوە. بەڵام ئەم مەودایە بە ناچاریی لەگەڵ جیهانێکی گەورەتردا ئاوێزانە، جێیەک کە سیاسەت، یان تەنانەت دەگونجێت گەردوونی دیستۆپیایی دەستێکی باڵای هەبێت. لەبەر ئەوە پێم وایە هەمیشە خولیای ئەم بابەتەم. ئێمە لە هەمان کاتدا لە جیهانی بچووک و گەورەدا دەژین و ناتوانین یەکیان یان ئەوی تریان فەرامۆش بکەین.

ئادەم سمس: سوپاس، ئێ، ئەمە ئەو شتانەن کە وای بە باش دەزانم ڕۆژێکی تر لە بارەیانەوە بدوێین.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: بەڵێ.

ئادەم سمس: لەو ساتەی کە دەبێت هەوڵوتەقەللا بدەیت، چی لەم ڕیزە ڕۆژنامەوانانە دەکەیت؟ سەبارەت بەوەی هەموو چاوەکان لە تۆ دەڕوانن، چ هەستێکت هەیە؟
کازوئۆ ئیشیگورۆ: ئم، هەستم وایە... من بە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە لەم مەسەلەیە دەڕوانم. مەبەستم ئەوەیە ڕاستە کەمێک جێی نیگەرانییە، چونکە بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەمڕۆ کە لە خەو ڕابووم ڕۆژێکی جیاوازتر لە ڕۆژانی ئاسایی بێتە پێشێ، بە لامەوە سەرنجڕاکێشە ڕۆژنامەوانان نۆبێڵی ئەدەبیات بە هەند وەردەگرن. گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک ببێتە هەڵگری خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات و کەس ئەم هەواڵەی بە لاوە گرنگ نەبێت، ئەوکاتە هەست بە ترس دەکەم. چونکە ئەمە واتا ڕووداوێکی تۆقێنەر لە جیهاندا ڕووی داوە.

ئادەم سمس: ڕۆژی ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیات دەبێت ڕۆژێکی باش بێت.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: بەڵێ، بیر لەوە دەکەمەوە دەکرێت ئەدەبیات شتێکی مەزن بێت، بڕێک جار دەکرێت هێزێک بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی شەڕ. دەزانیت، پێم وایە شتی وەک خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات بوونی هەیە تاوەکوو تێ بکۆشن و گرەنتیی هێزێک بن بەرەو ئاشتی.

ئادەم سمس: نایابە. زۆر سوپاستان دەکەم و بە تاسەوە چاوەڕوانین لە مانگی دیسێمبەر لە ستۆکهۆڵم پێشوازیتان لێ بکەین.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: لە ڕاستیدا منیش چاوەڕوانم. زۆر باشە بەڕێز سمس، لەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ بەڕێزتاندا زۆر خۆشحاڵ بووم.

ئادەم سمس: بەڕاستی زۆر سوپاستان دەکەم.
کازوئۆ ئیشیگورۆ: ئاگات لە خۆت بێت. خوات لەگەڵ.

سەرچاوە: سایتی فەڕمیی خەڵاتی نۆبێڵ

ڕەخنەی چاودێر

فڕین لە ڕێی سینەماوە

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە