تكایە كتێب بە دیاری مەبەخشن!

پێش 1 هەفتە

تكایە كتێب بە دیاری مەبەخشن!

سەنگەر زراری

بۆ خوێنەری جددی، هیچ شتێك لەوە خۆشتر نییە كە كتێبێكی بە دیاری لە لایەن هاوڕێیەكییەوە پێ بگات، یان لەلایەن نووسەر و وەرگێڕەكانەوە پێ ببەخشرێت، ڕەنگە ئەگەر پارەی دووئەوەندەی كتێبەكەی پێ ببەخشی، بەقەدەر كتێبەكە پێی خۆش نەبێت. تەنانەت زۆرجار برادەر و خۆشەویستان كتێب لەجیاتی گوڵ و دیاری دیكە دەبەخشنە یەكتر و بەوەش دڵخۆش دەبن، ئەمە گومانی تێدا نییە. بەڵام ئەگەر كتێبێك بە دیاری بدرێتە كەسێك كە بەهای كتێبەكە نەزانێ، یان بدرێتە كەسێك خوێنەری ئەو جۆرە كتێبە نەبێت، بێگومان كتێبەكە نەك شوێنی خۆی ناگرێ، بەڵكو حەقی خوێنەرێكی دیكە دەخورێت و كتێبەكەش بەهۆی نەخوێندنەوە دەفەوتێت، كەم كەسیش هەیە وەرینەگرێت، چونكە لە ناو كورد وەكو كولتوورێكی لێ هاتووە كە دەڵێن: هەر شتێك بەلاش بێت خۆشە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕەتی ناكەنەوە و كەمجاریش دەیدەنە كەسانی دی. چەند ساڵێك پێش ئێستا كە تەفسیرەكەی مەلای گەورە چاپ كرا. بەخۆڕایی دابەش كرا، زۆرترین ئەو كەسانەی كە وەریان گرت، یان پێیان درا، ئەو كەسانە بوون كە نە كاریان پێی بوو، نە دەیانخوێندەوە..!!

بە كورتییەكەی دەمەوێ لە خاڵێك بدوێم سەبارەت بە كتێب وەكو دیاری، كە لەم ماوەیە چەند جارێك دووبارەبووەوە، لەم ماوەیە چەند كەس و نووسەرێكی دیار بیرەوەرییەكانی خۆیان نووسیەوە و كتێبەكانیان نەفرۆشتە بازاڕ، بەڵكو وەكو دیاری دابەشیان كرد، من لە سێ دانەیان ئاگادارم، كە ئەوانیش بریتیین لە كتێبی (بیرەوەرییەكانم)ی فاروق مەلا مستەفا و (ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕی)ی فەرهاد عەونی، كە بە دوو بەرگ بڵاویكردەوە و (بیرەوەریینامەی ئەو ڕۆژانەی جارەكی دیی ناگەڕێنەوە)ی مامۆستا جەمال نەبەز، ئەم كتێبانە ڕەنگە لە دڵسۆزیی خاوەنەكانیان و بۆ ئەوەی بگەنە دەستی ژمارەیەكی زۆری خوێنەر، بە خۆڕایی بڵاوكرانەوە، هەروەها ئەوە پەیوەندی بە باری دارایی نووسەرەكەشەوە هەیە، كە ڕەنگە پێویستی بە داهاتی كتێبەكە نەبێت، بۆیە دەیەوێ بەخۆڕایی بڵاوی بكاتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە پاساوێكی باش نییە، یان پاساوێكە تەنیا دیوە باش و بەخشندەییەكەی بینراوە و دیوە نەرێنییەكەی نەبینراوە، بۆ نموونە:
- ئەگەر كتێبەكە لە مەراسیمێكدا دابەش بكرێت، ئەو خوێنەرانەی ناگەنە مەراسیمەكە بێ بەش دەبن، كە بێگومان زۆرینەی هەرە زۆری خوێنەرەكانن و لەلایەكی دیكەش ئەوانەی لە مەراسیمەكە بەشدارن، زۆربەیان خوێنەرانی جدیی كتێبەكە نین و كەسانی لابەلای زۆر تێدەكەوێ.
- ئەگەر كتێبەكان بەخۆڕایی بنێردرێنە لای كتێبفرۆشییەكان و بنێردرێنە هەموو شارەكان، دیسان ئەو خوێنەرانەی كە كتێبفرۆشییەكان ناناسن بێ بەش دەبن و ئەمەش وەكو پۆست و دیارییە سیاسی و حیزبیەكان دەبێتە خزمخزمێنە و ناسیاوی و برادەرایەتی.
- كە كتێبێك بە دیاری دەبەخشرێ و بۆ ئەوەی بەخۆڕایی بدرێتە خوێنەران، زۆر جار هەندێ لە كتێبفرۆشەكان دەیفرۆشنەوە و بەهۆی ئەوەش خوێنەری ئاگادار، ئەوە دەزانێ كە كتێبەكە بەخۆڕایی دابەشكراوە، كتێبفرۆش لێی دەشارێتەوە، بۆ ئەوەی داوای ئەوەی لێنەكات بەخۆڕایی پێی ببەخشێت، واتا بە هەموو خوێنەرێكی نافرۆشێت و بە جۆرێك لە جۆرەكان قاچاخفرۆشیی پێوە دەكرێت.
كەواتە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە نووسەر بەشێكی كتێبەكانی بە دیاری ببەخشێت، وەكو هەر نووسەرێكی دیكە كە ئەم كارە دەكات، بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێ ڕێژەیەكی زۆرتر ببەخشێت و ڕێژەیەكیشی بۆ بازاڕ بنێرێت، بۆ ئەمەش لەجیاتی ئەوەی بە نرخێكی زۆر بیفرۆشێت (لە حاڵەتێكدا ئەگەر نووسەرەكە مەبەستی پارە نەبوو، وەكو ئەو حاڵەتانەی لەسەرەوە باسمان كرد)، دەكرێ بە نرخێكی ڕەمزیی بیفرۆشێت، پارەكەش بكرێتە دیاری و هاوكاری بۆ پڕۆژەیەكی خێرخوازی، بێگومان لەم حاڵەتەدا، خوێنەری جدی كتێبەكە دەكڕێت، بەڵام ئەو كەسەی لە مەراسیمەكاندا، یان لە هەر شوێنێكی دی كە لەجیاتی دانەیەك، هەڵپەی وەرگرتنی چەند دانەیەك دەكات، ئەگەر بە پارە بوو، هەمان كەس ئامادە نییە كەمترین پارە بە یەك دانەش بدات و نایەوێت.

ڕاپرسی

پێت وایە لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی باشوری كوردستان؟

دەنگ بدە